حکومەت: سێ ساڵی رابردوو بەغدا هیچ ساڵێک 12 مووچەی تەواوی نەناردووە

دوێنێ کاژێر 05:42
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە سێ ساڵی رابردوودا "لە کۆی 58.3 تریلیۆن دینار لە پشکی هەرێمی کوردستان، حکومەتی فیدراڵ 24.3 تریلیۆن دیناری ناردووە، کە دەکاتە 41%ی مافە داراییەکان و 3.9%ی کۆی بودجەی عێراق". راشیگەیاند: "پار هەرێمی کوردستان 19.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە رێگەی سۆمۆوە هەناردە کردووە و 919 ملیار دیناریشی لە داهاتی نانەوتی رادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە".
 
رۆژی دووشەممە 05-01-2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا "داتا و زانیاری" ساڵی 2023 و 2024 و 2025ـی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "لە سێ ساڵی رابردوودا حکومەتی عێراق هیچ ساڵێک مووچەی 12 مانگی هەرێمی کوردستانی نەناردووە".
 
حکومەت دەڵێت: "بەپێی ژمارەکان، قەبارەی کەلێنی دارایی هەیە و تەنیا 41%ی شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە و 0% بۆ پڕۆژەکان و وەبەرهێنان".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، "جیاوازیی نێوان شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەوەی بە کردەیی لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا خەرجکراوە، بە قەبارەیەکی گەورە خەمڵێندراوە و هەرێمـی کوردستان رووبەڕووی گەمارۆی وەبەرهێنان و کەلێنی گەورەی دارایی بووەتەوە".
 
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات: "کۆی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 58.3 ترلیۆن دینار، بەڵام ئەوەی بە کردەیی بۆی نێردراوە تەنیا 24.3 ترلیۆن دینار بووە، کە دەکاتە 41%ی مافە داراییەکان و تەنیا 3.9%ی کۆی بودجەی عێراقە".
 
بە گوێرەی داتاکانی حکومەت "سەرەڕای تەرخانکردنی 165 تریلیۆن دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ خەرجییەکانی وەبەرهێنان، پشکی هەرێمی کوردستان (0%) بووە، کە بووەتە هۆی پەکخستنی پڕۆژەکانی ژێرخان لە هەرێمی کوردستان".
 
سەبارەت بە دۆسیەی نەوت، حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت : "راگرتنی هەناردەی نەوت 25 ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە. لەدوای دەستپێکردنەوەی هەناردە لە کۆتاییەکانی 2025، حکومەتی هەرێم نیازپاکی خۆی سەلماندووە بە ناردنی 19.5 ملیۆن بەرمیل لە رێگەی کۆمپانیای (سۆمۆ) وە".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەغدا تۆمەتبار دەکات بەوەی، "لە ساڵەکانی (2023-2024-2025)، مووچەی ساڵێکی تەواوی (12 مانگ)ی خەرج نەکردووە، ئەمەش بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی شایستە داراییەکان بۆ چەندین مانگ".
 
لەبارەی پابەندییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندبوونی دارایی نیشانداوە، بەشێوەیەک کە لە ساڵی 2025دا بڕی 919 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتی رادەستی گەنجینەی فیدراڵی کردووە".
 
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بە بڕی ئەو پارەیە کراوە کە حکومەتی عێراق لە سێ ساڵی رابردوو بۆ هەرێمی کوردستانی ناردووە و بەمشێوەیە بووە:
 
ساڵی 2023: پشکی هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە 16 تریلیۆن و 497 ملیار و 871 ملیۆن و 89 هەزار دینار، بەڵام لەو ساڵەدا پارەی نێردراو لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بۆ هەرێمی کوردستان بریتی بووە لە 4 تریلیۆن و 698 ملیار دینار، کە زۆربەی بە شێوەی قەرز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان نێردراوە. "بەمەش تێکڕای ئەو پارانە دەکاتە پارەی مووچەی پێنج مانگ، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ساڵەدا 9 مووچەی دابەش کرد کە ئەو چوار مووچەیەی دیکە، لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتی سێ مانگی یەکەمی 2023ـەوە تەرخانکرا و پارەی سێ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ساڵی 2023ـش لەلای حکومەتی عێراقی فیدراڵ ماوە.
 
ساڵی 2024: پشکی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ، بریتی بوو لە 20 تریلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینار، بەڵام کۆی گشتیی پارەی دابینکراو بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە 2024دا بریتی بووە 10 تریلیۆن و 709 ملیۆن و 736 هەزار و 357 هەزار دینار. " (دوای لێبڕینی خانەنشینی و باج) 10,026,445,000,000 دینار لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە نێردراوە و 683,291,000,000 دیناریش لە داهاتی ناوخۆ بۆ تەواوکاریی مووچە خەرج کراوە. ئەو پارەیەی حکومەتی فیدراڵ ناردبووی، پارەی مووچەی تەنیا 10 مانگ بوو، مووچەی مانگێکی دیکەش لە داهاتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە تەرخان کرا، بەمەش مووچەی مانگێکی ساڵی 2024 لای حکومەتی فیدراڵ ماوە و خەرج نەکراوە".
 
ساڵی 2025: حکومەتی فیدراڵیی عێراق، "بڕی 9.6 ترلیۆن دیناری بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ناردووە و سەرجەم ئەو پارەیەی کە نێردراویشە بۆ دابەشکردنی مووچە خەرج کراوە، ناردنی ئەو بڕەپارەیە لە کاتێکدایە کە پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە بۆ ساڵی 2025 بریتییە لە 20.9 تریلیۆن دینار، ئەو بڕەپارەیەی کە نێردراوە، کەمترە لە 50%ی پشکی هەرێمی کوردستان بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق".
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت: "پشکی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2025 بریتییە لە 20,910,463,950,000 دینار، بەمەش حکومەتی فیدراڵ لە ماوەی ئەمساڵەدا تەنیا 45%ی پشکی هەرێمی کوردستانی ناردووە. بەمەش لە کۆی 12 مووچەی ساڵی 2025، تەنیا پارەی 10 مووچەی خەرج کردووە و ناردوویەتی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان".
 
لەو راگەیێندراوەدا فەرمانگەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات؛ بایۆمەتریی سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی بۆ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ نێردراوە، ئێستا نزیکەی 600 فەرمانبەر و مووچەخۆر UPN و بایۆمەترییان نەکردووە، بەو هۆیەشەوە مووچەکانیان راگیراوە، ئەمەش ئەو کەسانەن کە مۆڵەتی بێ مووچەی درێژخایەنیان هەیە و بەشی زۆریان لە دەرەوەی وڵاتن".
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

خەندە جێی دایکی بۆ کۆرپە یەک مانگییەکەیان گرتووەتەوە. وێنە: رووداو

چیرۆکێکی دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ؛ 4 منداڵ دوای لەدەستدانی دایکیان 'بە شیر و چپس' ژیان بەڕێدەکەن

نزیکەی مانگێک دوای لافاوەکەی چەمچەماڵ، هێشتا چیرۆکە خەمناکەکانی بەردەوامن، سەرەڕای ئەوەی بەشێکی خەڵک ماڵیان چوو و هیچیان بۆ دەرنەچوو، بەڵام هەندێک لەوانە سەر و ماڵیان چووە و ئیدی ژیانیان بە یەکجاری گۆڕاوە، چونکە سەرچاوە و بژێوییان لەدەستداوە، خەمێكی قووڵیش سەردڵی گرتوون کە نەبوونی سۆزی گەرمی دایک و بەجێهێشتنی چوار منداڵە