رووداو دیجیتاڵ
لە هەرێمی کوردستان ئاستی ئاوی ژێر زەوی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لە هەندێک ناوچە زیاتر لە 30 مەتر دابەزیوە و بەرپرسان هۆشداری لە دابەزینی زیاتر دەدەن.
کەمیی بارانبارین، مەترسی لەسەر بەروبوومە کشتوکاڵییەکان، ئاوی بەنداوەکان و ئاوی ژێرزەوی دروستکردووە. بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، تاوەکو ئێستا جگە لە سلێمانی، لە سێ پارێزگاکەی دیکە ئاستی باران بڕەکەی زۆر کەمترە بەراورد بە وەرزی بارینی رابردوو.
رۆژی چوارشەممە، 5ی شوباتی 2025 ئەلفرێد ئەبلحەد، سەرۆکی بەشی جیۆلۆجیی پێشکەوتووی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە، کەم بارانی و بیر لێدان، ئاستی ئاوی ژێر زەوی لە پارێزگای دهۆک دابەزیوە."
ئەلفرێد ئەبلحەد گوتی، "پار نزیکەی 5 مەتر ئاوی ژێر زەوی دابەزی، لە 10 ساڵی رابردووشدا لە قەزای سێمێل نزیکەی 5 مەتر و لە بەردەڕەش، ئاکرێ و شێخان نزیکەی 18 بۆ 20 مەتر ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە، لە چیای زاوا لە دهۆک ئاوی ژێرزەوی نزیکەی 30 مەتر دابەزیوە."
لەبارەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، ئەو بەرپرسە باسی لەوە کرد، "8 بۆ 10 مەتر ئاوی ژێر زەوی دابەزیوە."
کەمبوونی باران، یەکێکە لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاوی ژێر زەوی. سەرۆکی بەشی جیۆلۆجیی پێشکەوتووی دهۆک دەڵێت، "بۆ کەمبوونەوەی مەترسییەکە، پێویستە زیاتر لە 600 ملیمەتر باران ببارێت، ئەگەر لەو رێژەیە زیاتر نەبارێت، ئەوا قەرەبوو نابێتەوە."
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان، لێدانی بیری ئیرتوازییە، "پێویستە یاسایەک هەبێت بۆ لێدانی بیر و هەوڵبدرێت کەم بکرێتەوە، تاوەکو مەترسیی لەسەر ئاوی ژێرزەوی دروست نەبێت."
لەبارەی بیری ئیرتوازییە لە پارێزگای دهۆک ئەو بەرپرسە گوتی، "نزیکەی 4557 هەزار بیری یاسایی و نزیکەی 500 بیری نایاسایی لە سنووری پارێزگاکە هەن، کە 2280 بیر بۆ کشتوکاڵ بەکاردێن، 2134 بیری بۆ خواردنەوە و 143ـیان بۆ پیشەسازیی."
هاوکات، خومار حەمە نەجم، بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەگشتی ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی بەراورد بە پار، نزیکەی پێنج مەتر دابەزیوە".
لەبارەی هۆکارەکانی کەمبوونی ئاوی ژێر زەوی بەڕێوەبەری ئاوی ژێرزەوی لە سلێمانی گوتی، گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی کردووەتە سەر بڕ و شێوازی دابارین. باسی لە هەندێ هۆکاری دیکەش کرد و گوتی، "دەرهێنانی بڕێکی زۆری ئاوی ژێرزەوی بە تایبەت لە رێگەی بیری نایاسایی یەکێکە لە هۆکارەکان، پێویستە بە دروستی ئیدارەی سەرچاوەکانی ئاو بدرێت بە تایبەتی لە بواری کشتوکاڵدا لەڕێگەی بەکارهێنانی ئاودانی زیرەک و دانانی پێوەر لەسەر بیرەکان بێت."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لە یەک ساڵی رابردوودا، ئاوی ژێرزەوی لە پارێزگای هەولێر بە شێوەیەکی گشتی نزیکەی پێنج مەتر دابەزیوە.
بەگوێرەی ئاماری بەردەستی رووداو، تاوەکو ئێستا لە هەولێر 72.2 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو ئیستا 202 ملیمەتر باران باریبوو؛ لە سلێمانی 209 ملیمەتر باران باریوە، ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 210 ملیمەتر باریبوو؛ لە دهۆک 37.6 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 377.4 ملیمەتر باران باریبوو؛ لە هەڵەبجەش تاوەکو ئێستا 255.1 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو تاوەکو هەمان رێککەوت 334.4 ملیمەتر باریبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ