رووداو- خورماتوو
پۆلیسی فریاكەوتنی هەرێمی كوردستان لە گەڕەکێکی خورماتوو جێگیرکراوە کە پێشتر هێزی حەشدی شەعبی لێبووە، قایمقامی شارۆچکەکەش دەڵێت "بەمزوانە ئەو كەسانە دەستگیر دەكەین كە هۆكاری پشێوییەكانن".
شەلال عەبدوول، قایمقامی خورماتوو باس لەوە دەكات لەپێناو ئارامبوونەوەی دۆخی ئەمنی شارۆچكەكەیان، هێزێكی پۆلیسی فریاكەوتنی هەرێمی كوردستانیان بردووەتە گەڕەكی كۆماری، كە گەڕەكێكە توركمانە شیعەمەزهەبەكانی تێدا نیشتەجێن.
شەلال عەبدوول بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت "ئەو هێزەی پۆلیس كە چووەتە گەڕەكی كۆماری لەلای قوتابخانەی غەزالی، لەگەڵ هێزێكی حەشدی شەعبی بەهاوبەشی لەوێ دەمێننەوە".
شەلال عەبدول ئەوەشی خستەڕوو، ناوی ئەو كەسانەیان لەلایە كە شەوی رابردوو تەقەیان كردووە و گوتی "چەند كوردێك شەوی رابردوو تەقەیان كردووە و پشێویان ناوەتەوە. ناوی ئەو كەسانەمان لایە و بەم نزیكانە دەستگیریان دەكەین".
لەدوای گرژی و ئاڵۆزییەكانی 12/11/2015 و رۆژانی دوایی كە لەنێوان لایەنی كوردی و حەشدی شەبی لە خورماتوو دروستبوون و چەندین كەس لە هەردوو لا لە ئەنجامی تووندوتیژییەكانەوە بوونە قوربانی، ماوەیەكە گرژی و ئاڵۆزییەكان لەو شارۆچكەیەدا سەریان هەڵداوەتەوە.
شارۆچكەی خورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە و نزیكەی 100 كلیۆمەتر لە پارێزگاكەوە دوورە، دەكەوێتە سنووری ماددەی 140 ی دەستووری عێراق، ژمارەی دانیشتووانەكەی بە ناحیە و گوندەكانیەوە نزیكەی 220 هەزار كەس دەبێت، كورد 55% و عەرەب 15%و توركمانیش 30% شارۆچكەكە پێكدێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ