ژەنیارێکی ناسراوی کورد کۆچی دواییکرد
رووداو دیجیتاڵ
جەمشید عەندەلیبی، ژەنیاری بەتوانای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ کۆچی دواییکرد.
رۆژی سێشەممە 5-3-2024، جەمشید عەندەلیبی، ئاوازدانەر و ژەنیاری بەتوانای ئامێری نەی لە تەمەنی 66 ساڵیدا بەهۆی وەستانی دڵەوە کۆچی دواییکرد.
جەمشید عەندەلیبی 3-3-1956 لە شاری سنە لەدایکبوو، لە تەمەنی 10 ساڵیدا لە ناوەندی هونەر و میوزیکی سنە لای مامۆستا حەسەن کامکار فێری ئامێری ئەکاردیۆن بوو؛ دواتر بووە ئەندامی گرووپی ئۆرکێسترای سنە.
عەندەلیبی لەژێر کاریگەری حەسەن کەسایی، ژەنیاری بەنێوبانگی نەی لە ئێران، بێ مامۆستا خۆی فێری ژەنینی ئامێری نەی کرد، دواتر بۆ درێژەدان بە هونەرەکەی چووە کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی تاران و لەوێ لای نەسروڵڵا ناسحپوور، نورعەلی بروومەند و محەممەدڕەزا لوتفی فێری زۆر شت بوو؛ دواتر لە ساڵی 1981 چووە ئیسفەهان و لای مامۆستا حەسەن کەسائی فێری ژەنینی نەی بە شێوازی ئەکادیمی بوو.
جەمشید عەندەلیبی خاوەنی چەند ئەلبومێکە بە ناوەکانی میوانی تۆ، پاییزی قامیشەڵان، هاونشینی گیان و لە گۆرانییەکانی بێداد، نەوا، دەستان، دووکەڵی عود، ئاسمانی عەشق، یادی ئەیام، ریسوای دڵ، پەیامی سروە، دڵی مەجنوون و سەروی چەمانی بە ئامێری نەی بەشداری کردووە.
ئەو هونەرمەندە رۆژهەڵاتییە پارچە میوزیکی ئەبولحەسەن سەبای، کە بە باوکی میوزیکی رەدیفی ئێران ناسراوە، بە ئامێری نەی ژەنیوە و کردوویەتی بە رەدیف بۆ فێرخوازانی میوزیک.
جەمشید عەندەلیبی برای محەممەدجەلیل عەندەلیبی، ئاوازدانەر و ژەنیاری بەتوانای ئامێری سەنتوورە.