بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان: ژمارەی زیندانییان دوو هێندەی توانای باڵەخانەکانە


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەهۆی زیادبوونی تاوان و دەرنەکردنی یاسای لێبووردنی گشتی لەدوای ساڵی 2017ـەوە، ژمارەی زیندانییان گەیشتووەتە زیاتر لە 6 هەزار و 400 کەس، ئەمەش دوو ئەوەندەی توانای راستەقینەی هۆڵەکانی چاکسازییە.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، چاکسازییەکان رووبەڕووی گوشارێکی زۆر بوونەتەوە و "توانای باڵەخانەکان تەنیا بۆ سێ هەزار زیندانییە، بەڵام ئێستا زیاتر لە 6 هەزار و 400 زیندانی لە چاکسازییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەن."
 
لێبووردنی گشتی؛ چارەسەری گرفتی قەرەباڵخی
 
بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان ئاماژەی بەوە کرد، وەک لایەنی جێبەجێکار، پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتییان لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتەوە ئامادە کردووە و رەوانەی پەرلەمانیان کردووە. ئاماژەی بەوەش کرد، دەرکردنی یاساکە پێویستی بە بڕیاری پەرلەمانی کوردستان هەیە، چونکە تەنیا پەرلەمان دەسەڵاتی دەرکردنی ئەو یاسایەی هەیە.
 
ئیحسان عەبدولڕەحمان پێشبینی دەکات ئەگەر پڕۆژەیاساکە بەو شێوەیەی ئامادە کراوە پەسند بکرێت، ئەوا:
 
• نزیکەی 65% بۆ 70%ـی زیندانییان دەگرێتەوە و ئازاد دەکرێن.
• گرفتی قەرەباڵخیی زۆری نێو زیندانەکان چارەسەر دەبێت.
• ئەو سزادراوانەی تاوانەکانیان قورس نییە و مافی کەسییان لەسەر نەماوە، سوودمەند دەبن.
 
لەبارەی لێبووردنی تایبەت، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازییەکان روونیکردەوە، ئەم لێبووردنە تەنیا ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە بارودۆخی تەندروستییان خراپە یان لە دۆخێکی زۆر تایبەتدا لەلایەن سەرۆکایەتیی هەرێمەوە فەرمانیان بۆ دەردەچێت. ئاشکراشی کرد، بەهۆی باری تەندروستییانەوە:
 
• لە ساڵی 2024دا 57 کەس ئازاد کراون.
• لە سەرەتای ساڵی 2025دا 43 کەس ئازاد کراون.
 
لە هەرێمی کوردستاندا تاوەکو ئێستا سێ جار یاسای لێبووردنی گشتی دەرکراوە لە ساڵانی (2007، 2012 و 2017). لە دوای ساڵی 2017ـەوە هیچ یاسایەکی لێبووردن دەرنەکراوە، لەکاتێکدا بەهۆی کۆنیی بیناکان و زیادبوونی رێژەی تاوان، گوشارێکی زۆر لەسەر ناوەندەکانی چاکسازی دروست بووە.
 
ئێستا ژمارەی گشتیی سزادراوان لە چاکسازییەکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک) نزیکەی شەش هەزار کەسە، کە ژنان و منداڵانیش دەگرێتەوە.