رووداو دیجیتاڵ
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان وەڵامی دۆناڵد ترەمپ دەدەنەوە و دەڵێن، هیچ جۆرە چەک و هاوکارییەکی سەربازییان لە ئەمریکاوە پێنەگەیشتووە، ئاماژە بەوەش دەکەن ئەو چەکانەی لەبەردەستیاندان "کۆنن و هی ئیستا نین".
رۆژی یەکشەممە، 05-04-2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند: "چەکێکی زۆرمان بۆ خۆپێشاندەرانی ئێرانی نارد، چەکەکانمان لە رێگەی کوردەکانەوە نارد، پێوایە کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرت".
کاکۆ عەلیار، ئەندامی دەفتەری سیاسیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وەک حیزبی خۆمان، هیچ چەکێکمان بۆ نەهاتووە و هیچیشمان وەرنەگرتووە، تەنانەت ئاگاداری بابەتەکەش نین. پێشتر هیچ باسی ئەو بابەتە نەکراوە و لەو بارەیەوە کەس قسەی لەگەڵ نەکردووین و قسەشمان لەگەڵ کەس نەکردووە."
لەسەر هەمان پرس، محەممەدنەزیف قادری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی حدکا (حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران) بە رووداوی گوت: "سیاسەتی ئێمە ئەوە نییە خۆپێشاندان بە تووندوتیژی و رێکاری تووند و تیژ بکەین، بەڵکو ئێمە رامان وایە دەبێت داواکارییەکانمان بە شێوازێکی ئاشتییانە و مەدەنییانە بکەین بەبێ چەک. ئەو قسانەی کراون بێ بنەمان و ئێمە هیچ چەکێکمان وەرنەگرتووە، ئەو چەکانەی هەمانە هی 47 ساڵ پێش ئێستان و دەستکەوتمان بوون لە مەیدانی شەڕی کۆماری ئیسلامی، هەندێکیشمان لە بازاڕ کڕیوە."
هاوکات، ئەمجەد حوسێن پەناهی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە هەولێر بە رووداوی گوت: "ئەو چەکانەی هەمانە چەندین ساڵە لامانە، هی 30 بۆ 40 ساڵ لەمەوبەرن. هەندێکیشمان لەم دواییانەدا لە بازاڕی رەش کڕیوە، بەڵام دڵنیاتان دەکەینەوە یەک فیشەک و یەک چەکمان لە هیچ وڵات و شوێنێک وەرنەگرتووە و ئاگاداری بوونی کارێکی لەو شێوەیەش نین؛ ئەوەی هەمانە هی خۆمانە."
هەروەها هامنۆ نەقشبەندی، ئەندامی فەرماندەیی گشتیی سوپای میللیی کوردستان (سەربە پارتی ئازادیی کوردستان) بە رووداوی راگەیاند: "وەک حیزبەکەمان، پەیامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێمە ناڕوونە. ئەوەی هەیە ئەوەیە کە ئێمە وەک سوپاکەمان بە هیچ شێوەیەک نە لە ئەمریکا و نە لە هیچ وڵاتێکی دیکە چەکمان وەرنەگرتووە، تەنانەت فیشەکێکیش".
هامنۆ نەقشبەندی گوتی: "چەکەکانی ئێمە بۆ کاتی شەڕی پارتیزانیی دوو تا سێ دەیە لەمەوبەر دەگەڕێنەوە، بەشێکیشیان هی سەردەمی شەڕی داعشن."
ئەم وەڵامانەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی (فۆکس نیوز) رایگەیاند، واشنتن لەڕێگەی کوردەکانەوە چەکی بۆ خۆپێشاندەرانی نێو ئێران ناردووە، بەڵام گومانی هەبوو لەوەی چەکەکان گەیشتبنە دەست خۆپێشاندەران و گوتبووی: "پێموایە کوردەکان چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ