یەکێتی بازگەیەکی ئاسایش لە زینی وەرتێ جێگیر دەکات

05-05-2021
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
بازگەی ئاسایشی یەکێتی لە زینی وەرتێ
بازگەی ئاسایشی یەکێتی لە زینی وەرتێ
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ماوەی دوو رۆژە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بازگەیەکی ئاسایشی لە زینی وەرتێ جێگیر کردووە، قایمقامی وەرتێش دەڵێت، هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ بوونی ئەو هێزانە لەو ناوچانە نییە و پێشمانخۆشە بازگەی لێ دابنرێت، بەڵام ئامانجی حیزبی و بابەتی دیکە بەدواوە نەبێت.
 
بەختیار قادر، پەیامنێری رووداو لە نزیک وەرتێ رایگەیاند: ماوەی دوو رۆژە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بازگەیەکی ئاسایشی لە زینی وەرتێ جێگیر کردووە، کە پێشتر ئەو بازگەیەی ئاسایش لە دۆڵی پڵینگان بوو، هاوکات بنکەیەکی ئاسایشیشیان لە وەرتێ هەبوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی لە مەڵبەندی 6ـی یەکێتی و ئاسایشی راپەڕینەوە دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، ئەو دوو هێزە لێکدراون و هاتوون لە زینی وەرتێ بازگەیان داناوە، واتە پێشتر سێ بۆ چوار کیلۆمەتر لە خوارتر بوون بە رووی سەرکەپکانی سەر بە ئیدارەی راپەڕین، ئێستا هاتوونەتە خوارەوە و بازگەی ئاسایشیان داناوە.
 
لیوا بەهرام عەریف، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزەکانی پێشمەرگەش لە لێدوانێک بۆ تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند: "هیچ هێزێک بۆ سنووری زینی وەرتێ نەجوڵێنراوە، بەڵکو هێزەکانی سەر بە لیوای 7ی پیادەی وەزارەتی پێشمەرگە لە شوێنەکەن، لەولاشەوە لیوایەکی برادەرانی یەکەی 70 لەوێن، ئەوەی هەیە بارەگایەکی بازگەی ئاسایشی برادەرانە دەیهێننە ئەوێ، ئەمەش هیچ کێشەیەک نییە و کەسیش رێگر نییە، بەڵکو خۆمان پێمانباشە ئەو ناوچانەی کە لەولاوە چۆڵکراون بێن و ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکەنەوە بۆ ئەوەی کێشە دروست نەبێت، رێگە بەو هێزانە نەدرێت کە لە دەرەوەی یاسان و لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە رێگەپێدراو نین، بێن و ئەو بۆشاییە پڕ بکەنەوە".
 
لەبارەی ئەو جموجووڵەی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوو لە سنوورەکە کراوە، موسڵیح زرار، بەڕێوەبەری ناحیەی وەرتێی سەر بە قەزای رواندز بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ بوونی ئەو هێزانە لەو ناوچانە نییە، ئەو هێزانەی لە ناوچەکەن چ هێزی سەربازی بن یان ئەمنی، هەمووی بۆ پاراستنی گیانی هاووڵاتیان لەو شوێنانەن، بەو پێیەی ناوچەکە ناوچەیەکی سنوورییە و قاچاخچیەتی و رێگری تێیدا دەکرێت، ئێمە پێمانخۆشە بازگەی لێ دروست بکرێت، بەڵام ئامانجی حیزبی و شتی دیکە بەدواوە نەبێت، بەڵکو بۆ پاراستنی سەرو گیان و ماڵی هاووڵاتیان بێت".
 
زینی وەرتێ ئەو سنوورە جوگرافییەی کە پێشتر لەنێوان پارتی و یەکێتی هەبوو، بەرزاییەکانی ئەو سنوورە ئەو دوو زۆنەی لەیەک جیا دەکردەوە.
 
لە 18-3-2020 هێزێکی سەر بە لیوای 7ی پیادەی سۆران بە فەرمانی وەزارەتی پێشمەگە لە بەرزاییەکانی زینی وەرتێ جێگیربوون، دواتر لە 2-4-2020، هێزی 122ی یەکەی 70 لێ جێگیربوو، ئەوکات فەرماندەکانی یەکەی 70 هێزەکانی پێشمەرگە باسیان لەوەکرد کە پێشتر ئەوان لەو شوێنە جێگیر بوونە، بەڵام بەهۆی شەڕی داعشەوە ناوچەکەیان چۆڵکردووە. ئێستا هێزی پشدەری یەکەی 70 لە بەرزاییەکانی زینی وەرتێ جێگیرکراون.
 
لە 8-4-2020 ژمارەیەک لە گەریلاکانی پەکەکە هاتنە زینی وەرتێ لەنێوان هێزەکەی لیوای 7ی پیادەی سۆران و هێزەکەی یەکەی 70، بارەگایان داناو لە ناوچەکە جێگیر بوون، بەڵام تەنیا دوای هەفتەیەک واتە لە 15-4-2020 فڕۆکەکانی تورکیا لە ئێوارەیەک هاتن و ئەو بارەگایەی پەکەکەیان کردە ئامانج و بەو هۆیەوە ژمارەیەکیان لێ شەهید و ژمارەیەکیشان لێ بریندارکردن. لەو دوای ئەو رووداوەشەوە پەکەکە هیچ جموجۆڵێکی لەو ناوچەیە نەماوە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

جووتیارێک سەیری بەرهەمی گەنمەکەی دەکات. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو/ئەرشیڤ

سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە: بڕیاری خەرجکردنی 45 ملیار دیناری پارەی گەنمی جووتیاران درا

بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی و هەڵەبجە دەڵێت، حکومەتی عێراق بڕیاری خەرجکردنی بڕێکی دیکەی لە پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستانی دەرکرد. ئاماژە بەوەش دەکات، سبەی رێکارەکانی وەرگرتنی پارەکە دەستپێدەکەن