رووداو دیجیتاڵ
عومەر کەمال، گەنجێکی تەمەن 22 ساڵ و خەڵکی ناحیەی کەلەکچی، تاقانەی پێنج خوشک، لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی کەرکووک-هەولێر گیانی لەدەستدا.
شەوی رابردوو، نزیک کاژێر 11:00، عومەر کە 40 تۆن ئاسنی بۆ بەغدا بارکردبوو، کاژێر 11:00ی پێشنیوەڕۆی دوێنێ لە ماڵ دەرچوو.
زۆزان جاسم، هاوژینی عومەر، بە چاوی پڕ لە فرمێسکەوە لە بەرنامەی (بەرپرسیار)ی تۆڕی میدیایی رووداودا کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، دوایین پەیوەندیی تەلەفۆنی نێوانیان دەگێڕێتەوە و دەڵێ: "کاژێر 11ی شەو تەلەفۆنی کرد و گوتی لە بازگەی دارەمان لای پردێ لە پارێزگای کەرکووک رێگەمان پێنادەن؛ گوتی دەبێت لە نۆرە بوەستین تا سبەی."
بە گوتەی سەعدوڵڵا جەرجیس، مامی عومەر، دوای ئەوەی لە بازگەکە رێگرییان لێکراوە و پێیان گوتراوە بگەڕێنەوە، عومەر و هاوڕێیەکی (کە شۆفێری بارهەڵگرێکی دیکە بووە و ئەویش خەڵکی کەلەکچییە) ناچاربوون لە شوێنێکی مەترسیدار بسووڕێنەوە. لەو کاتەدا تانکەرێک کە بە ئاراستەی کەرکووک رۆیشتووە، خۆی بە بارهەڵگرەکەی پێش عومەردا کێشاوە و ئەویش بەهۆی هێزی پێکدادانەکەوە خۆی بە بارهەڵگرەکەی عومەردا کێشاوە.
محەممەد سەربیری، شایەتحاڵی رووداوەکە، دیمەنەکە بەم شێوەیە دەگێڕێتەوە: "تانکەرەکە لە بارهەڵگری یەکەمی دا و ئەویش لە دووەمی دا. عومەر لەنێو ئۆتۆمبێلەکەی گیرخواردبوو. نزیکەی 15 بۆ 20 خولەک خەریک بووین پێمان دەرنەهات، گیرببوو، تا تیمەکانی بەرگریی شارستانی هاتن و دەریانهێنا."
عومەر لە رێگە بۆ نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.
عومەر و زۆزان، کە ساڵ و نیوێک بوو ژیانی هاوژینییان پێکهێنابوو، بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەدایکبوونی یەکەم منداڵیان بوون. زۆزان دەڵێ: "یەک مانگ و نیو مابوو منداڵەکەمان لەدایک ببێت. عومەر زۆر دڵی خۆشبوو، دەیگوت پارە پاشەکەوت دەکەین بۆ ئەوەی شتی بۆ بکڕین. بڕیاربوو ئەمڕۆ پێکەوە بچین کەلوپەلی بۆ بکڕین."
عومەر کە لە تەمەنی 15 ساڵییەوە کاری شۆفێری دەکرد بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی دایک و باوکە نەخۆشەکەی و خێزانەکەی، دوو ناوی بۆ منداڵەکەی هەڵبژاردبوو: قەمەر و ئەستێرناس. زۆزان دەڵێت: "دەیگوت دایکم حەزی لە ناوی قەمەرە، بەڵام ئێستا کە لەدایک بێت، ناوی دەنێم ئەستێرناس چونکە عومەر حەزی لێبوو."
خێزانەکەی عومەر داوا دەکەن لێکۆڵینەوەیەکی ورد لە رووداوەکە بکرێ و ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون، رووبەڕووی یاسا بکرێنەوە، چونکە وەک خۆیان دەڵێن، "ئەگەر لە بازگەکە رێگری لێنەکرایە، ئێستا عومەر لە ژیاندا دەبوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ