حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک لە کۆبوونەوەدان

05-06-2023
نازەنین گۆران
دیمەنێکی کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک
دیمەنێکی کۆبوونەوەی حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حیزبە کوردستانییەکان لە بارەگای مەڵبەندی کەرکووکی حیزبی شیوعیی کوردستان لە کۆبوونەوەدان و لەبارەی رەوشی کەرکووک و دۆخی جووتیارانی کورد و تورکمانی ئەو سنوورە گفتوگۆ دەکەن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان بە نوێنەری پارتیشەوە بەشدار بوون و لە نووسراوێکدا کارنامەی کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە، دەڵێن، "رەوشی کەرکووک بەرەو ئاڵۆزی و ناجێگیریی سیاسیی زیاتر هەنگاو دەنێت و بازنەی تەعریبکردنی شارەکە لە فراوانبوونەوەدایە و هەوڵەکان بۆ ئەو مەبەستە زیاتر چڕ کراونەتەوە."
 
هەر لەبارەی رەوشی کەرکووک، حیزبە کوردستانییەکانی کەرکووک داوا دەکەن، "دەستبەجێ ئەو رووپێویەی کە فەرمانگەی کشتوکاڵیی کەرکووک لەسەر داوای وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەنجامی دەدات، رابگیرێت."
 
لە کارنامەی کۆبوونەوەکەیاندا حیزبە کوردستانییەکان چەند داواکارییەکی دیکەیان هەیە:
 
- هەرچی زووە نوێنەرانی کەرکووک بە سەرجەم پێکهاتەکانیەوە هەوڵەکانیان چڕ بکەنەوە بۆ پاراستنی ئەو پێکەوەژیانەی کە مێژوویەکی دوور و درێژی هەیە لەم شارە، بە پێچەوانەوە ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان لەبەردەم مەترسیدایە.
 
- جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوور تاکە چارەسەرە بۆ کێشەکانی کەرکووک و پێویستە هەوڵی جیدیی بۆ بدرێت و گوشار لەسەر بەغدا دروستبکرێت و چیدیکە هەوڵی خۆدزینەوە لە جێبەجێکردنی نەدرێت.
 
- پێویستە ئەرکی سوپا تەنیا پاراستنی سنوورەکان بێت و دوور بێت لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی و کێشە و ململانێ یاسایی و سیاسییەکان.
 
- پشتگیریی تەواو لە جووتیارانی کورد و تورکمان دەکەین لە پاراستنی مافەکانیان و جێیان ناهێڵین.
 
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی نووسراوێک کە کۆپییەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، رۆژی 29ـی ئایاری 2023، فەرماندەی فیرقەی11ی سوپای عێراق بە نووسراوی فەرمی داوای لە فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک کرد دەست بە جیاکردنەوەی زەوییەکانی کەرتی 23ی دیبەگ تەپە و 24ی تۆپزاوا لە باشووری کەرکووک بۆ سوپا بکات.
 
بە پێی زانیارییەکانی رووداو، لەسەر بنچینەی نووسراوەکەی فەرماندەی فیرقەی 11ی سوپای عێراق، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی کەرکووک نووسراویان بۆ هۆبەی کشتوکاڵی یایچی کردووە بۆ ئەوەی دەست بە رووپێوییەکە بکەن. حیزبە کوردستانییەکانیش داوای راگرتنی ئەو رووپێوییە دەکەن.
 
زەوییەکە نزیکەی 13 هەزار دۆنم  دەبێت و زۆربەیان خاوەندارێتییان بۆ کورد دەگەڕێتەوە و بەشێکیشی بۆ تورکمان. ئەو زەوییانە ناوچەکانی تۆپزاوا، یایچی، ترکەلان، تسعینی کۆن، دیبەگ تەپە، گۆمبتلەر و چەند گوند و ناحیەیەکی دیکە دەگرێتەوە.
 
وەزارەتی بەرگریی عێراق بەپشتبەستن بە بڕیاری دەسەڵاتی عێراق لەساڵی 1975 بڕیاری پێدانی ئەو زەویانەی بە وەزارەتی بەرگری عێراق دا، کە تەنیا لە تۆپزاوا نزیکەی 135 هەزار دۆنم زەوی، لە ساڵی 1975وە بە بڕیاری دەسەڵاتی بەعس داگیرکراو و ئێستاش دەیانەوێت کار بەو بڕیارە بکەن.
 
بڕیارە ئەو زەوییانە بکرێنە سەربازگە و بەشێکی دیکەشی خانووی لێ دروست بکرێت بۆ سەرباز و ئەفسەرانی سوپای عێراق، لەکاتێکدا ئەو زەویانە دەکەونە ناوچەی مادەی 140 و بەگوێرەی مادەی 140یش نابێت هیچ دەستکارییەکی ئەو زەویانە بکرێت تاوەکو ئەو پرسە یەکلادەکرێتەوە.
 
ئەوەش ناڕەزایەتی جووتیارانی کورد و تورکمانی لێکەوتووەتەوە و دوای ئەو نووسراوەی سوپای عێراق نارەزایەتییان دەربڕی و رۆژی یەکشەممە 4ـی حوزەیران گردبوونەوە.حیزبە کوردستانییەکان لە کەرکووک لە کۆبوونەوەدان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کەلەپووری گەرمیان: بەهۆی لافاوەوە شوێنەوارێکی سەردەمی ئینگلیزەکان دەرکەوت

شوێنەوارێکی ئینگلیزەکان لە گەرمیان دوای زیاتر لە 100 ساڵ بەهۆی لافاوەوە دەردەکەوێت

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری گەرمیان رایگەیاند، بەهۆی لافاوەوە شوێنەوارێکی سەردەمی ئینگلیزەکانیان لە سنوورەکە دۆزیوەتەوە. بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت، شوێنەکە کۆگە یان بیری ئاو بووە