رووداو - هەولێر
بەشێك لە میوانخانە و قاوەخانەكانی هەرێمی كوردستان كار بە ئافرەتانی بیانی دەكەن بە تایبەتی ئافرەتی عەرەب، ئەوان دەڵێن ئەو ژنانە جگە لەوەی لەلایەن كەسوكاریانەوە رێگەیان لێناگیرێت، لە هەمانكاتیشدا رێبەرێكی باشن بۆ گەشتیارانی بیانی.
سەهین عەباس، 30 ساڵ، خەڵكی بەغدایە و لە میوانخانەیەكی شاری هەولێر كار دەكات، پێیوایە كارنەكردنی ئافرەتانی كورد لە شوێنە گشتییەكان هەلی كاری زیاتری بۆ ئەوان رەخساندووە، گوتیشی "لێرە كار زۆرتر دەدەنە ژنانی بیانی نەك كورد".
بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتی چێشتخانە و میوانخانەكانی هەرێمی كوردستان رێژەی كاركردنی ئافرەتان لە هوتێل و میوانخانەكان لەنێوان 25% بۆ 30%یە و رۆژ بە رۆژیش ئەم رێژەیە بەرزتر دەبێتەوە.
خاوەن میوانخانە و چێشتخانە و كافتریاكان لە هەرێمی كوردستاندا باس لەوە دەكەن هەندێك پیشەیان تایبەت كردووە بە ئافرەت و بەمەش رێژەی كاركردنی ئافرەتان بەرز بووەتەوە، زۆربەی كارمەندەكانیشیان بیانین و لە جۆرجیا، فلیپین، سووریا و خوارووی عێراقەوە هاتوون.
حوسامەددین عەلی، بەڕێوەبەری كارگێڕی میوانخانەیەكە لە شاری هەولێر و دەڵێت 25%ی كارمەندەكانی ژنن "كارمەندی ئافرەتی جۆرجی و بەنگلادیشی و فلیپینی لەلام كاردەكەن و مووچەكانیشیان وەك مووچەی پیاوانە و هیچ جیاوازییەكی نییە". حوسامەدین هیچ كارمەندێكی كوردی نییە و لەوبارەیەوە دەڵێت "كارمەندی ئافرەتم نییە كوردبێت، چونكە ئافرەتی كورد نایەت لەو شوێنانەدا كار بكات و كەسوكاریان رێگرییان لێدەكەن".
بەهۆی ئەوەی ساڵانە گەشتیارێكی زۆر لە دەرەوە و شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەشێك لە هوتێلەكان كارمەندی بیانی دادەمەزرێنن، كە زۆرجار رۆڵی وەرگێڕیش دەبینن لەو شوێنانەدا، ئەوەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ زیادبوونی رێژەی كاركردنی ئافرەتان لەو شوێنانە.
ماجد مەنسوور، بەڕێوەبەری كارگێڕی میوانخانەیەكە و دەڵێت "هەندێك كار هەیە تایبەتە بە ئافرەتان، بۆ نموونە لە پرسگە ئافرەتێكم داناوە و تەنیا ئەو ئافرەتەشم لەلایە، چونكە بە گوێرەی پێویستی كارمەندی ئافرەت وەردەگرم". سەبارەت بە مووچەشیان گوتی "مووچەی پیاو و ئافرەت وەكو یەكە و جیاوازی نییە، تەنیا هەندێك خەرجی تایبەت نەبێت كە تایبەتە بە ماكیاژ و جلوبەرگ".
بەڵام بەشێك لە خاوەن كافتریا و میوانخانەكان لەگەڵ ئەوەدا نین ئافرەت لەو شوێنانە كاربكات و دەڵێن بەبێ ئافرەتیش كارەكانیان دەڕوات.
فەرهاد عومەر، خاوەن مۆتێلێكە و دەڵێت "لەم مۆتێلەدا چەند كارمەندێكی كەمم پێویستە كە ئەگەر كچ بن یان كوڕ جیاوازی نییە لەبەرئەوە تەواوی كارمەندەكانم پیاون و بەبێ ئافرەت كارەكانم دەڕۆن بەڕێوە".
بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەكارخستن و راهێنانی پیشەیی، ئێستا خواستی كاركردن لەلایەن ئافرەتانەوە رووی لە زیادبوون كردووە، هۆكارەكەشی بۆ كەمی رێژەی بێكاری لەناو پیاوان و پشتبەستنی ئافرەتان بە توانای خۆیان دەگەڕێننەوە.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی بەكارخستن و راهێنانی پیشەیی، لە سێ مانگی كۆتایی ساڵی رابردوودا 1990 فۆرمی بێكاری دابەشكراوە (897 فۆرم بۆ رەگەزی نێر و 1093 فۆرم بۆ رەگەزی مێ).
چیمەن عوسمان، دەرچووی زانكۆ، پێیوایە زۆربەی ئەو هەلی كارانەی لەلایەن حكومەتەوە بۆ گەنجان دەدۆزرێنەوە، بۆ كوڕان دەستنادەن "چونكە مووچەكەی كەمە، كوڕان بەرپرسیارێتی زیاتریان لەسەرە و دەبێ پارەی زیاتر كۆبكەنەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ