سروشتی خێڵەکیی کۆمەڵگەی ئێمە مایەی تێڕامان و واقوڕمانی بەردەوامی لێکۆڵەرانی کورد بووە. خێڵ لای زۆربەی نووسەر، سیاسی و رۆشنبیری کورد، وەک بەربەستی سەرەکیی دەبینرێت لەبەردەم پرۆسەی مۆدێرنیزەکردنی کۆمەڵگە، دروستکردنی شار و بونیاتنانی دەوڵەت. لەمیانەی ئەم پرۆسەیەدا خێڵ پێگەی "شەیتانێکی پێویست"ی وەرگرتووە کە تاوانباری سەرەکییە لە دادگاییکردنی مێژوودا!
بەشێکی زۆر لە سیاسییەکانی ئێمە، سەرەتای تەمەنیان تەرخان کردووە بۆ دژایەتیکردنی خێڵ و دەسەڵاتی خێڵەکی، بەڵام لەپاش مردنیان دەبنەوە بە سیمبوڵێک بۆ "پەرستن"ێکی خێڵەکییانە. تەنیا خێڵ دەتوانێت درێژە بە ژیانی ئەم سەرکردانە بدات لەپاش مردنیان، کە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا زۆر گرنگترە لە ژیانی پێش مردن! وەک دەبینین سایەی سەرکردە کۆچکردووەکان، زۆر سەنگینترە لە سێبەریان کاتێک کە لەژیاندا بوون. لە سایەی ئەم سەرکردە کۆچکردووانەدا، سەدان نووسەر پێدەگەن، سەدان شعیر و شانامە و رۆمان لەدایک دەبن. هەموو هەوڵێکیش بۆ خوێندنەوەی رەخنەگرانەی ژیانی ئەم سەرکردانە، دەکەوێتە بەر شاڵاوێکی دڕندانەی خێڵەکیی لایەنگرانی کە تەنها مێژوویەکی کۆلاجکراو و مونتاژکراویان دەرخوارد دەدرێت!
یەکێک لە گەورەترین پیشەسازییەکانی ئێستای کوردستان بریتییە لە داتاشینی ئەفسانە، توێژێک لە نووسەر و رۆشنبیری مشەخۆر دروستبوون کە دەتوانین ناویان بنێین: ئەفسانەتاش. ئەم توێژە کە تەمەنێکی درێژیان بەسەر بردووە لە نووسینی رەخنەیی لە بونیادی خێڵەکیی کۆمەڵگەی ئێمە، ئەمڕۆ سەرقاڵی داتاشینی ئەفسانەی پاش مەرگی سەرکردەکانن! لەئەنجامدا بەشدارییەکی کارا دەکەن لە بەرهەمهێنانەوەی ئەو بونیادەی بانگەشەی گۆڕینی دەکەن. هەروەک چۆن سەرکردەکان لە کاراکتەری دژەخێڵەوە دەبنە داکۆکیکار و داهێنەری بنەماڵە و خێڵی سیاسی، ئەم رۆشنبیرانەش لە رەخنەگری پۆستمۆدێرنی لاوەوە، دەبنە پیرە ئەفسانەتاشی ئەم یان ئەو سەرکردەی خێڵەکی!
تێڕامانێکی خێرا لە بونیادی خێڵەکیی کۆمەڵگەی کوردی، دەمانگەیەنێتە ئەو دەرئەنجامەی کە حیزبی کوردی لەسەرەتای سەرهەڵدانییەوە، هێندەی چالاکییەکی سیاسی بووە، دە هێندە چالاکییەکی خێڵەکی بووە.
بەشێوەیەک خێڵ و حیزب لە سیاسەتی کوردستانی باشووردا ئاوێزانی یەکدی بوون، تەنانەت ئایدیۆلۆجیا زۆر بەهێزە گەردوونییەکانیش نەیانتوانیوە هەژموونی خێڵ تێپەڕێنن. کۆمیونیزم لە سەدەی رابردوودا و ئیسلامیزم لەم سەدەیە، لەو ئایدیۆلۆجییانەن کە بوونەتە قوربانیی هەژموونی خێڵ. ئەم دوو ئایدیۆلۆژیایە کە هەوڵی جێگرتنەوەی خێڵیان دەدا بە خێڵێکی گەورەتری گەردوونی (خێڵی جیهانی یان ئوممە)، یان شکستیانخوارد یان ناچاربوون ببنە بەشێک لە بونیادی خێڵەکی-سیاسیی کۆمەڵگەی کوردی.
بزووتنەوەی گۆڕان کە بزووتنەوەیەکی نائایدیۆلۆجییە، کۆکەرەوەی راستڕەو و چەپڕەوە لەژێر چەترێکدا و تەنها کۆمەڵێک ئامانج یەکیاندەخات. لەگەڵ گۆڕینی تێڕوانینی ئەم هێزانەدا بۆ ئەو ئامانجانە، یان ئەگەر لە ڕوانگەی هەندێکیانەوە ئامانجەکان بەدیهاتن، ئەم کۆبوونەوە پراگماتیکییە کۆتایی پێدێت. ئەگەر پێشتر سەرکردەی رەهای ئەم بزووتنەوەیە فاکتەری کۆکردنەوەی ئەم ئاراستە جیاوازانە بووبێت لەسەر خوانێکی کردەیی، ئێستا پاش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا، بزووتنەوەی گۆڕان دەستەویەخە رووبەڕووە لەگەڵ ئەم بونیادە خێڵەکییەی کۆمەڵگەی کوردی. لەلایەکەوە ناکۆکییە ناوخۆییەکانی نێوان ئاراستە و خێڵە جیاوازەکانی گۆڕان و لەلایەکی ترەوە ناکۆکییە دەرەکییەکانی لەگەڵ پارتی و یەکێتی، دواجار گۆڕان ناچار دەکات یەکێک لە دوو ڕێگە هەڵبژێرێت:
یەکەم، وەک حیزبێکی سیاسی لەسەر ئەو پرنسیپە لاستیکیانە بلەوەڕێت کە بانگەشەیان بۆ دەکات و بێهوودە بەردەوام بێت لە بەرزکردنەوەی دروشمی خەیاڵی بەڕووی هەژموونی رەهای پارتی و یەکێتیدا. ئەم بژارەیە گۆڕان دەکات بە حیزبێک کە توانای شۆڕشکردنی نەبێت بەسەر رۆحە شۆڕشگێڕییەکەی خۆیدا. دواجار خۆی دەبێتە قوربانیی ئەو شۆڕشەی تەنها لەناو خۆیدا دەتوانێت بەرپای بکات و دەبێت بە "حیزبی شیوعی"یەکی تر، کەمێک گەورەتر یان کەمێک بچووکتر.
لە بژارەی دووەمدا، گۆڕان دەتوانێت ببێتە یەکێکی دیکە لە حیزبە بنەماڵەییە خێڵەکییەکانی کوردستان و دەنگە جیاوازەکانی هەناوی لە دەوری "بنەماڵە"ی نەوشیروان مستەفا کۆببنەوە. چونکە بەپێچەوانەی زۆرینەی ئەفسانەتاشەکانەوە، ئێمە رامان وایە کە نەوشیروان مستەفا خاوەنی رێباز یان ئایدیایەکی سیاسیی دیاریکراو نەبووە. لە قۆناغە جیاوازەکاندا، هەڵوێست و کارەکانی رەنگدانەوەی بڕواهێنانێکی پراگماتیکی بوون بە کۆمەڵێک پرنسیپی گشتی کە هەموو هێزە سیاسییەکانی دیکە بانگەشەی بۆ دەکەن.
خەباتی سیاسیی ئەم سەرکردەیە لێوانلێوە لە گۆڕان و گەشتکردن، لە ماویستێکی توندوتیژەوە بۆ سەرکردەیەک کە لە کۆتاییەکانی تەمەنیدا توندوتیژی رەتکردەوە. لە دژایەتیکردنی ئیسلامییەکانەوە بۆ داکۆکیکارێکی سەرسەخت لە سەوابتەکانی ئیسلام! بەدەر لەوەی وەک تاکەکەس چۆن ژیاوە کە ئەوەش دەبێت جێگەی گفتوگۆ بێت، گرنگترین میراتی سەرکردەی سیاسی ئایدیاکانیەتی.
نەوشیروان مستەفا خاوەنی ئایدیا و قوتابخانەیەکی هزریی سیاسی نییە تا شوێنکەوتەکانی درێژەی پێبدەن، تەنها دەکرێت وەک تاکەکەس بەپیرۆز بکرێت و بکرێتە سەرمایەیەکی رەمزی بۆ ئەوانەی بەناوی ئەوەوە لە ئایندەدا حوکم دەکەن.
گۆڕان لە مانگەکانی داهاتوودا، ناچار دەبێت بە بڕیاردان و هەڵبژاردنی سەرکردایەتییەکی نوێ، تەنها کوڕەکانی (خۆزگە بکرایە بمانگوتایە کچەکەشی) دەتوانن ببنە فاکتەری هێشتنەوەی گۆڕان بە یەکگرتوویی و رێگرتن لە ئەگەری لەبەریەکهەڵوەشانی. تەنها ئەوان دەتوانن ببنە پرد لە نێوان: نەوەی کۆن و نوێ، سێبەری باوکیان لە رابردوو و سایەی خۆیان لە ئایندە، هێزە کۆنەپارێزە ئیسلامییەکان و چەپە توندڕەوەکان (پاشماوەی ماویزم و ئیسلامیستەکانی ئێستا کە بانگەشەی پۆست-ئیسلامیزم دەکەن) و هەموو دژیەکەکانی تر کە لەناو بزووتنەوەی گۆڕاندا کۆبوونەتەوە.
سروشتی کۆمەڵگەی کوردی زۆر شت دەسەپێنێت بەسەر سیاسەت و سیاسەتکاراندا کە لەوانەیە خۆیان بڕوایان پێی نەبێت. گۆڕانیش مەحکومە بەم گۆڕانکارییە و هاتنە ناو ریزی حیزبە بنەماڵەییەکانی کوردستانەوە، بەپێچەوانەوە مەحکوم دەبێت بە هەناسەدان لەو هەوا سنووردارەی ئەفسانەتاشەکان بەرهەمی دەهێنن و پاش ماوەیەک ئەزموونی خنکان و لەبەریەکهەڵوەشان دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ