دۆسیەی یەکەمین قوربانیی تاوانی بکەر نادیار لە باکووری کوردستان دادەخرێت

05-07-2021
هەوار ئیسماعیل
نیشانەکردن ڤەدات ئایدن تاوانی بکەر نادیار
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ 5ی تەممووز، 30 ساڵ بەسەر رفاندن و کوشتنی ڤەدات ئایدن، سەرۆکی رێکخستنەکانی ئامەدی پارتی رەنجی گەل (هەپ) تێدەپەڕێت، کە بە یەکەمین قوربانیی تاوانی بکەر نادیار لە تورکیا و باکووری کوردستان دادەنرێت.
 
لە سییەمین ساڵڕۆژی کوژرانیدا، بەپاساوی تێپەڕبوونی وادەی یاسایی، دۆسیەی ڤەدات ئایدن، سیاسەتڤانی کورد و چالاکڤانی مافی مرۆڤ کۆتایی دێت و بەبێ دادگاییکردنی بکوژەکانی، دۆسیەکەی دادەخرێ. 
 
درەنگانی شەوی 5ی تەمموزی 1991 چەند چەکدارێک کە جلی پۆلیسیان لەبەربوو، لە ناوەندی شاری ئامەد هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ڤەدات ئایدن و رفاندیان. دوای دوو رۆژ، تەرمەکەی لەژێر پردێکدا لە شارۆچکەی مادەنی سەر بە پارێزگای خارپێت دۆزرایەوە.
 
رۆژی 10ی تەمموزی 1991 تەرمی ڤەدات هێنرایەوە ئامەد و بە دەیان هەزار کەس لە پێشوازی تەرمەکەیدا بوون، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە تەقەیان لێکرا و بەو هۆیەوە 11 کەس کوژران و چەندینی دیکەش بریندار بوون.
 
داواکاری گشتیی خارپێت لێکۆڵینەوەی لە رووداوی کوشتنی ڤەدات ئایدن دەستیپێکرد، بەڵام دواتر بە پاساوی ئەوەی ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەکە لە دەسەڵاتی داواکاری گشتیی خارپێتدا نییە، دۆسیەکە گوازرایەوە بۆ داواکاری گشتیی مەڵەتی، کەچی بۆ ماوەی 20 ساڵ دۆسیەکەی نەجوڵێندرا.
 
ساڵی 1996 دانپێدانانی عەبدولقادر ئایگان خرایە نێو دۆسیەی ڤەدات. ئایگان کە ساڵی 1975 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستان بوو، ساڵی 1985 لە پەکەکە جیاببووەوە و ماوەیەک لە زیندان بوو.
 
عەبدولقادر ئایگان دانی بەوەدانابوو، کە ڤەدات ئایدن لەلایەن تیمەکانی هەواڵگریی جەندرمە و دژەتیرۆر ناسراو بە ""JİTEM کوژراوە، کە ئەوکات جەم ئەرسەڤەر، کارمەندی پێشووی دەزگای هەواڵگریی تورکیا (میت) بەرپرسی بوو. 
 
بە زیادکردنی ئەو بەڵگەیە، وادەی یاسایی دۆسیەکە بەر لە کۆتاییهاتنی، بۆ ماوەی 10 ساڵ درێژکرایەوە. دۆسیەکە لە مەڵەتی رەوانەی داواکاری گشتیی ئامەد کرا، لەوێش 10 ساڵی دیکە نەجوڵێنرا. 
 
رووداوی کوژرانی ڤەدات ئایدن یەکەمین تاوانی بکەرنادیارە، کە لە باکووری کوردستان لەلایەن ژیتەمەوە کراوە.
 
ژیتەم پێكهاتەیەكی نهێنیی دەوڵەت بوو، کە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەتەکانی سەدەی رابردوو بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا و سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا، دەسەڵاتی ئۆپەراسیۆنی هەبوو و سەتان تاوانی كوشتنی لە دژی سیاسەتڤانان، بەرپرسانی حكومی و حیزبی، سەرمایەداران، ئەفسەرانی هێزە ئەمنی و سەربازییەكان، كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكان، بەرپرسانی پەكەكە و كەسایەتییەكانی كورد کردووە.
 
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئاكپارتیدا 18 گومانلێكراو بە تۆمەتی تاوانی بکەر نادیار دەستگیركران، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵگەی پێویست و بەرجەستەكراو لە دژی گومانلێكراوەكان نەبوو، یەكەمین دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرە بڕیاری بێتاوانبوونیانی دەركرد و ئازادكران. 
 
لە 23ی ئایاری 2021 فەرمانگەی سزا قورسەكانی دادگای هەرێمیی لە توركیا، بڕیاری دادگای سزا قورسەكانی ئەنقەرەی لەبارەی بێتاوانناساندنی ئەو 18 کەسە هەڵوەشاندەوە. لەو چوارچێوەیەدا هەریەك لە محەممەد ئاغار، وەزیری پێشووتری ناوخۆی توركیا و كۆركوت ئەرەن، سەرۆكی فەرمانگەی تیمی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەكانی دەزگای هەواڵگری و چەندین فەرماندەی سەربازی و كەسانی دەستڕۆیشتوو دادگایی دەكرێنەوە.
 
ئەم بڕیارەی دادگای سزا قورسەکانی ئەنقەرە لەبارەی تۆمەتبارانی کەیسی بکەر نادیار لە تورکیا دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارە ڤیدیۆییەکانی سەدات پەکەر هات، کە سەرۆکی یەکێک لە گرووپە مافیاکانە لە تورکیا و لە 2ی ئایاری ئەمساڵەوە 9 تۆماری ڤیدیۆیی لە ئیمارات بڵاوکردەوە. 
 
لەو تۆمارە ڤیدیۆییانەدا سەدات پەکەر کۆمەڵێک نهێنی هەستیاری لەبارەی تاوانەکانی بکەر نادیار لە ساڵانی نەوەتەکاندا لە باکووری کوردستان و پەیوەندیی نێوان دەوڵەت و مافیا و تێوەگلانی کاربەدەستانی ئاکپارتی ئاشکرا کرد.  
 
ڤەدات ئایدن کێ بوو؟
 
- ڤەدات ئایدن ساڵی 1953 لە گوندێکی شارۆچکەی بیسمیل سەر بە ئامەد لە دایکبووە.
- قۆناخی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە بسمیل تەواو کرد.
- ساڵی 1979 بەشی ئەدەبیاتی لە پەیمانگای پەروەردەی ئامەد تەواوکرد.
- دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلولی 1980 دەستگیرکرا و 4 ساڵ لە زیندان بوو. 
- یەکێک بوو لە دامەزرێنەرانی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ. 
- ساڵی 1990 بووە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ. 
- لە کۆتاییەکانی 1990 بووە سەرۆکی لقی ئامەدی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ. 
- لە 28ی تشرینی یەکەمی 1990 بەهۆی پێشکەشکردنی گوتارێک بە زمانی کوردی لە سێیەمین کۆنگرەی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە ئەنقەرە بۆ ماوەی 4 مانگ دەستگیرکرا.
- لە حوزەیرانی 1991 بووە سەرۆکی رێکخستنەکانی ئامەدی پارتی رەنجی گەل-هەپ.  
- درەنگانی شەوی 5ی تەممووزی 1991 لە ماڵەکەی خۆی لە ناوەندی شاری ئامەد رفێنرا.
- رۆژی 7ی تەمموزی 1991 تەرمەکەی لەژێر پردێکدا لە شارۆچکەی مادەنی خارپێت دۆزرایەوە.

ڤەدات ئایدن

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی دادگەی فیدراڵیی عێراق.

سکاڵایەک دژی هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسییەکەی پێکهاتەکان لە دادگەی فیدراڵی تۆمارکرا

پارێزەرێک لە دژی هەڵوەشاندنەوەی 11 کورسیی پێکهاتەکانی لە پەرلەمانی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمارکرد. دەشڵێت، کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی "پێچەوانەی دەستوورە".