رووداو دیجیتاڵ
رۆژانە 5 بۆ 8 بارهەڵگری تەماتەی جووتیارانی سنووری هەولێر و ناوچەکانی دیکەی کوردستان دەگوێزرێنەوە بۆ کارگەی قوتوبەندی هەریر. لەو کارگە نێوخۆییە دەکرێن بە دۆشاوی تەماتە.
ئەگەرچی جۆری تەماتەکە بە دڵی سەرپەرشتیارانی کارگەکە نیە، بەڵام وەک هاندانێک بۆ جووتیاران و ساخبوونەوەی بەرهەمەکانیان وەری دەگرن.
شوان حەمید، سەرپەرشتیاری کارگەی قوتوبەندی هەریرە و دەڵێت، "ئەو تەماتەیەی کە دەچێندرێت دێتە ئێرە، ئەو تەماتەیە نیە کە ئێمە پێویستمان پێیە. تاوەکو ئێستا لە کەمتر لە 7 کیلۆ تەماتە نەبووەتە کیلۆیەک دۆشاوی تەماتە، باوەڕناکەم کەس وەک ئێمە بەو زەرەرە بەرهەم لە جووتیاران وەربگرێت، بەڵام ئێمە بە زەرەری نازانین، چونکە قازانجی برا جووتیارەکانمانە."
کارگەکە رۆژانە 100 تۆن تەماتە وەردەگرێت. هەر کیلۆیەک تەماتە بە نرخی 180 دینار لە جووتیاران دەکڕێت کە نرخێکی هاوتایە لەگەڵ بازاڕ.
کارگەکە لە توانای دایە لە 8 کاژێردا 33 هەزار قوتوی دۆشاوی تەماتە بێ تێکەڵکردنی هیچ مادەیەکی دیکە و تەواو سرووشتی بەرهەمبێنێت.
لەسەر ئاستی عێراق کارگەکە یەکەم شوێنە خاوەنی بڕوانامەی( ئێف دی ئەی) بێت و رێگەپێدراوبێت بەرهەمەکانی هەناردەی ئەمریکا بکات.
وەک بەرهەمە سرووشتی و خۆماڵییەکەی، کارمەندەکانیشی هەمووی کوردن و خەڵکی سنوورەکەن.
دڵدار دلشاد، کارمەندی کارگەکەیە و باس لەوە دەکات، "هەلی کار بۆ من و ئەو ژمارە کارمەند و کرێکارەش رەخساوە کە لێرەن، چەندین کچ و کوڕی هەریر سوود لەو کارگەیە دەبینن، پشت بەخوا لە ئایندەیەکی نزیک هەلی کاری زیاتریش دەبێت، جگە لەوانەی لێرە کار دەکەن دەرفەتی کار رەخساوە بۆ کەسانی دیکەش وەک شوفێری بارهەڵگر و ئۆتۆمبێلەکان کە بار دەهێننە ئێرە."
کارگەکە لەپلانیدایە لەگەڵ پێگەیشتنی بەرهەمی تەماتە لە هەموو کوردستان، رێژەی وەرگرتنی بەرهەم لە جووتیاران زیاتر بکات و چەند بەشێکی دیکەش وەک دروستکردنی شەربەت، پەتاتەی وشککراو و بەشی هەڵگرتنی خواردنە وشککراوەکان زیاد بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ