بەڕێوەبەری ئیدارەی ژینگەی کرماشان: هەفتەی داهاتوو تاڵاوی هەشێڵان وشکدەکات

رووداو دیجیتاڵ

بڕێکی زۆر کەم ئاو لە سەرچاوی ئاوی سەوزەڵێ ماوە، کە سەچاوی ئاوی تاڵاوی هەشێڵانە لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان. بەڕێوەبەری ئیدارەی ژینگەی کرماشانیش هۆشداری دەدات لە وشکبوونی تاڵاوەکە لە هەفتەی داهاتوودا.
 
محەممەد حوسێن فەلاحەتی، بەڕێوەبەری ئیدارەی ژینگەی کرماشان رایگەیاند، بەهۆی نەبوونی ئاوی پێویست بۆ ژیاندنەوەی تاڵاوی هەشێڵان، بە ئەگەری زۆرەوە تاوەکو کۆتایی ئەم هەفتەیە وشک دەبێت، جگە لە گەیاندنی ئاو بە تانکەر بۆ ئەم تاڵاوە، هیچ رێگەیەکی دیکە نییە و پار ئەم پرۆسەیە تاقیکراوەتەوە.
 
فەلاحەتی گوتی "تاڵاوەکە وشکبووە، تەنیا بڕێکی زۆر کەم ئاوی تێدا ماوە و ئاو لە سەرچاوەی ئاوی ئەم تاڵاوە کە سەوزەڵێ یە، تەنیا یەک بو دوو تانکەر دەبێت، دەتوانرێت لە رێگەی بەنداوی گاوشان، ئاوی بۆ دابین بکەین، بەڵام سەرچاوەکانی ئاوی کرماشان کورتیان هێناوە و کاری لەپێشینەش، دابینکردنی ئاوی خواردنەوەیە بۆ خەڵک، بۆیە بۆ ئەوەی ململانێ و کێشە لەسەر ئاو روونەدات، مافی ئاوی هەشێڵان لە بەنداوی گاوشان نادرێت، ئەمەش بووەتە هۆی دابەزینی ئاستی ئاوی ئەو تاڵاوە."
 
وشکەساڵی و زۆریی بیر لە نزیک ئەم تاڵاوە و هەژاریی سەرچاوی ئاوی ژێر زەوی، هۆکاری سەرەکی وشکبوونی ئەو تاڵاوە و سەرچاوە ئاوییەکانن، لە هەمان کاتدا رووبارەکانیش لە دوخێکی باشدا نین.
 
پێشتر دامەزراوەی پاراستنی ژینگەی پارێزگای کرماشان هۆشداریی دابوو لەوەی تاڵاوی هەشێڵان ئێکۆسیستەمێکی گرنگی زیندەوەر و گیژوگیایە، ئەگەر وشک ببێت، جگە لەوەی گیاندار و گیاکانی لەنێودەچن، رەنگە ببێتە سەرچاوەیەکی خۆڵبارین و، تەندروستیی خەڵکی شاری کرماشان دەخاتە مەترسییەوە.
 
تاڵاوی هەشێڵان لەگەڵ سەراو نیلوفەر، دوو سەرچاوەی سرووشتیی گرنگ و بەناوبانگی پارێزگای کرماشانن. تاڵاوی هەشێڵان 450 هێکتارە و 110 دوورگەی گەورە و بچووکی تێدایە.