فریاکەوتنی سلێمانی: کاروان عەلی شامار بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە

05-08-2023
سۆران حوسێن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاروان عەلی شامار، مامۆستای زانکۆ و کەسایەتییەکی نزیکی لاهوور شێخ جەنگی لە شاری سلێمانی بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی شەممە، 5ـی ئابی 2023، سامان نادر، بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، کاروان عەلی شامار بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلەکەیەوە لەسەر رێگەی پارکی هەواری شار لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە".
 
کاروان عەلی شامار، لە دوای رووداوەکانی 8ـی تەممووزی 2021 لە نێو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بە کەسایەتییەکی نزیکی لاهوور شێخ جەنگی دەناسێندرا و ماوەیەکیش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانەوە دەستبەسەر کرا؛ پەیجەکانی نزیک لە لاهوور شێخ جەنگی گیانلەدەستدانی کاروان عەلی شاماریان بە رووداوێکی "تەمومژاوی" بڵاوکردووەتەوە.
 
سامان نادر گوتی، "بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێمە تەمومژاوی نییە و بە رووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستداوە؛ دوو کەسی دیکەشی لەگەڵدا بووە و هەردووکیان بریندارن".
 
بەڕێوەبەری فریاکەوتنی سلێمانی گوتیشی، ئۆتۆمبێلەکەی کاروان عەلی شامار لە جۆری مارسیدس بووە، لە تونێلی ئەزمەڕ کە دەردەچیت و بەرەو سلێمانی دێیت، کاتێک نزیک بووەتەوە لەسەر ئەو جووتسایدەی دەچێتەوە پارکی هەواری شاری کۆنترۆڵی لەدەستداوە و وەرگەڕاوە. گوتیشی، "کاروان عەلی شامار گەیێندراوەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن، بەڵام وێڕای هەوڵە پزیشکییەکان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە".
 
د. کاروان عەلی شامار، وێڕای کاری سیاسیی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی بوو؛ ناوبراو کوڕی پێشمەرگەی دێرینی یەکێتی عەلی شامار و وەسفییە بەنی وەیس، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی ئەو حیزبەیە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەکێتی لە پیرمام

ئەنجامی کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی؛ "پرسەکان دەبرێنەوە مەکتەبی سیاسی و تاوتوێ دەکرێن"

شاندی دانوستاندنکاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوونەوە و بەستەڵەکی نێوانیان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی عێراقەوە تاوەکو ئێستا تواندەوە.