رووداو- بەردەڕەش
ژنێكی تەمەن 46 ساڵ كە دایكی هەشت منداڵە بەبیانووی پاراستنی نامووس بە گوللەیەك دەكوژرێت و لە چۆڵەوانییەك فڕێدەدرێ، پۆلیسیش بە تۆمەتی كوشتنی ئەو ژنە، بڕیاری دەستگیركردن بۆ برایەكی دەردەكات.
ئەو ژنە كە ناوی (و.ع)ە، شەوی 3/10/2010 تەرمەكەی لە سنووری گوندی ئیسماوەی سەر بە ناحیەی رۆڤیا لە قەزای بەردەڕەش دۆزرایەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی پۆلیس، ژنەكە خەڵكی سنووری ناحیەی قەسرۆكی سەر بە قەزای شێخانە و تەرمەكەی لەو گوندە فڕێدراوە.
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی بەردەرەش بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو ئافرەتە بە بیانووی پاراستنی نامووس لەلایەن كەسوكارییەوە بە گوللەیەك كوژراوە".
كەسێكی نزیك لەو خێزانە بە (رووداو)ی گوت "ئەو ئافرەتە 32 ساڵ لەمەوبەر شووی بە پیاوێك كردووە و هەشت منداڵی لە پیاوەكە هەیە، بەڵام بەمدواییە كێشە كەوتووەتە نێوانیان و ژنەكە لەلای پیاوەكە رۆیشتووە و پیاوەكەش ژنێكی دیكەی هێناوەتەوە". گوتیشی "كەسوكاری ژنەكە لەسەر ئەو زیزبوونە زۆر لە كچەیان تووڕە بوون، هەر بۆیە كوشتوویانە".
تەرمی (و) لەلایەن بنكەی پۆلیسی رۆڤیاوە دۆزرایەوە و دۆسیەی لێكۆڵینەوەیان بۆ كردەوە و بەپێی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی بڕیاری دەستگیركردنی بكوژی ژنەكەیان دەركردووە. تەرمی ژنەكەش لەلایەن پۆلیسی بەردەڕەشەوە رەوانەی پەیمانگەی دادپزیشكی دهۆك كراوە.
رائید عەفان عەبدولحەمید، ئەفسەری نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان بە (رووداو)ی گوت، تاوەكو ئێستا دۆسیەكە رەوانەی لای ئەوان نەكراوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی كێشەكە لەسەر نامووسە و توندوتیژیی بەرامبەر بە ئافرەتێك كراوە، دۆسیەكە رەوانەی لای ئەوان دەكرێت.
رائید عەفان بەبیانووی ئەوەی هێشتا دۆسیەكەیان بۆ رەوانە نەكراوە، ئامادە نەبوو هیچ زانیارییەك لەبارەی كوشتنی ژنەكە بدات، بەڵام گوتی "ئێستا بەراورد بە ساڵانی رابردوو كوشتنی ژنان لەسەر نامووس لە سنوورەكەمان كەمی كردووە".
بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی بەردەڕەش، برایەكی (و) بەناوی (م) بەرپرسیارێتی كوشتنی خوشكەكەی خستووەتە ئەستۆی خۆی و لە رێگای تەلەفۆنەوە بە كەسێكی گوتووە لەسەر نامووس كوشتوویەتی و گوتوویەتی "خوشكەكەم سەری ئێمەی شۆڕ كردبوو".
بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، دوای رووداوەكە بڕیاری گرتن بۆ برای ژنەكە دەرچووە، بەڵام دوای رووداوەكە خۆی حەشارداوە، بەو هۆیەوە تاوەكو ئێستا دەستگیر نەكراوە.
لەپاش ئەو ژنەی كە هەفتەی رابردوو لە پاركی دایك لە سلێمانی كوژرا، ئەمە دووەم حاڵەتی كوشتنی ژنانە لە كوردستان، لەماوەی هەفتەیەكدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ