پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەمە دانیشتێكی ئاسایی و یاساییە لەسەر داواكاری سەرۆكوەزیران رێكخراوە، دەبوو ئەو دانیشتنانە زۆر زۆرتر كرابان، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مافی داوە بە هەموو پەرلەمانتاران گفتوگۆبكەن.
دابان محەممەد، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان مافی داوە بە هەموو پەرلەمانتاران گفتوگۆبكات بەو پێیەی نوێنەرایەتی خەڵك دەكەن، "سەدان پرسیاری خەڵكمان بۆ هاتووە لەبارەی زیادەڕۆیی زەوی و زار، كۆمپانیاكان، وەبەرهێنان، مووچە، دانەمەزراندنی یەكەمەكانی زانكۆكان و وانەبێژان، بۆیە پێمانباشە هەموو پەرلەمانتارێك مافی ئەوەی هەبێت راشكاوانە گفتوگۆبكات."
ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، داواكاری خەڵك و دیدگای پەرلەمانتاران جیاوازە، خەڵك داوای مووچە، شەفافیەت لەداهاتی نەوت، خاڵە سنوورییەكان، لەرێككەوتن لەگەڵ بەغدا، دامەزراندن، 30 رۆژ جارێك مووچەی دەكات، بەڵام دیدی پەرلەمانتاران بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسانە ریشەییە، دەپرسین لەبەرچی لەماوەی رابردوو رێژەی گەندەڵی بەو ئاستە زیادیكردوە.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان پێیوایە، ئەو كابینەیە لەبوارەكانی ئازادی رادەربڕین، داخستنی میدیایاكان، دەستگیركردنی هاووڵاتیان و خۆپیشاندەران، بەتایبەتكردنی كەرتەكان، داگیركاری و زەوی و زار و خزم خزمێنە لە كۆمپانیا گەورەكان كێشەی لەسەرە، لە زۆر بواری دیكە پاشەكشەیكردوەو پرسیاری گەورەیان لەسەرەو دەڵێت "پرسیاركردن سنووردار و دیارینەكراوە، پەرلەمانتارانمان ئازادكراون هەر پرسیارێك هی خەڵكە بتوانن بیكەن و بیسەلمێنن كە نوێنەری خەڵكن، هەر لایەنێكیش پرسیاری هەیە با لە وەزیری دارایی بكات كە پشكی گۆڕانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ