سۆران عومەر: بەغدا مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نانێرێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لە راگەیاندنەکانەوە بینیویانە کە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ واژۆی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی بردووە بۆ سوودانی و "لە بنەمادا یاداشتەکەیان بۆ ئەوەیە کە بەهانەی بەغدا ببڕن تا چیتر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوانەخات".
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات گوتی:" حکومەتی عێراق نایەوێت کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و کارتی مووچە بۆ لاوازکردنی هەرێمەکە بەکاردەهێنێت".
گوتیشی: "فراکسیۆنە کوردستانییەکان کە واژۆی یاداشتی دابەشکردنی مووچەی هەرێمی کوردستانمان کردووە لەلایەن بەغداوە، تەنیا بۆ بڕینی بەهانەی لایەنە عێراقییەکان بووە تا چیتر گرفت بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دروست نەکرێت دەنا دڵنیاین کە بەغدا نایەوێت مووچەی هەرێمی کوردستان دابین بکات".
بە گوتەی سۆران عومەر، ئەوان ئاگەدار نەبوون کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ یاداشتەکەیان دەبات بۆ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق و گوتی: "لە میدیاوە بینیومانە و هیچ پرس و راوێژێکمان پێنەکراوە".
رۆژی پێنجشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2023، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جووڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاند، لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و یاداشتی واژۆکراوی لایەنە کوردستانییەکانی رادەست کردووە بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان راستەوخۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کە لە چەند رۆژی رابردوودا لە پەرلەمانی عێراق واژۆ کۆکرایەوە بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق راستەوخۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بدات؛ بۆ ئەم مەبەستەش جگە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکانی دیکە واژۆیان لەسەر کردووە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ئاهەنگی دەرچوونی قوتابییانی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر گوتارێکی پێشکێشکرد و لە بەشێکیدا لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی کە داوایان کردووە مووچە راستەوخۆ لە بەغداوە بێت، گوتی، "هەرێمی کوردستان کیانێکی دەستووریی ناو عێراقە، بۆیە ئەگەر مووچەش لە بابەتەکانی دیکە جیادەکرێتەوە، دیسان دەبێت هەر لە رێگەی دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دابەش بکرێت، نەک وەکو ئەوەی هەندێ کەس داوایان کردووە کە بە میکانیزمێکی نادەستووری و راستەوخۆ مووچەخۆران بە بەغداوە ببەسترێنەوە. پێویستە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کیانێکی فیدراڵ پارێزراو بن و نابێت چەمکی فیدراڵییەت لە عێراقدا لاواز بکرێت."