لە یەک هەفتەدا زیاتر لە 500 کەس لە سنە بە رووداوی هاتووچۆ برینداربوون


رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە دەڵێت، لە یەک هەفتەدا 430 رووداوی هاتووچۆ لە پارێزگاکە روویانداوە و بەهۆیانەوە زیاتر لە 500 کەس بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە، 5ـی تشرینی یەکەمی 2025، بابەک هودائی، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەو رووداوانە لە 26-9-2025 تاوەکو 3-10-2025 تۆمارکراون، لە ئەنجامدا 511 کەس بریندار بوون.
 
بەگوتەی بابەک هودائی، بەروارد بە پار، رووداوەکانی هاتووچۆ لە پارێزگای سنە 11٪ زیادیان کردووە.
 
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکانیش، بەڕێوەبەری بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکانی پارێزگای سنە رایگەیاند، خێرایی زۆر، پشتگوێخستنی یاساکانی هاتووچۆ، ماندوێتیی شۆفێر و خەواڵوویی و نەبەستنی پشتێنەی سەلامەتی یان کڵاو بۆ ماتۆڕسوارەکان، لە هۆکارە دیارەکانن. 
 
بەگوێرەی دادپزیشکیی ئێران، لە 21-03-2024 تاوەکو 21-03-2025، لانیکەم 20 هەزار و 45 کەس لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
 
سەرۆکی دادپزیشکیی ئێران رایگەیاند، لە 5 ساڵدا 91 هەزار و 144 کەس لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.