فێستیڤاڵی زەیتوون لە سنووری کۆیە بەڕێوەدەچێ

رووداو دیجیتاڵ
 
فێستیڤاڵی زەیتوون لە سنووری قەزای کۆیە لە پارێزگای هەولێر بەڕێوەدەچێ. سەرۆکی لیژنەی باڵای رێکخستنی فێستیڤاڵەکە دەڵێ: "مەبەستمانە بازاڕ و کڕیار بۆ بەروبوومە کشتوکاڵییەکانی ناوچەکە بدۆزینەوە". 
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5-11-2025، هاوژین سڵێوە، سەرۆکی لیژنەی باڵای رێکخستنی فێستیڤاڵی زەیتوون لە کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی پێنجشەممە فێستیڤاڵەکە بە دروشمی زەیتوون بۆ پێکەوەژیان لە کوردستان بەڕێوەدەچێ."
 
بە گوتەی سەرۆکی لیژنەی فێستیڤاڵەکە، بە چاودێریی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، فێستیڤاڵەکە بەڕێوەدەچێ.
 
دارزەیتوون لە گوندی هەرمۆتەی قەزای کۆیە هەیە کە فێستیڤاڵەکەی تێدا دەکرێ.
 
هاوژین سڵێوە رایگەیاند: "35 کەپر و چەترمان لە گوندی هەرمۆتە داناوە و هەڵداوە؛ مەبەستمانە پاڵپشتی بەروبوومی کشتوکاڵی بکەین و بازاڕ و کڕیاریان بۆ بدۆزینەوە."
 
فێستیڤاڵەکە کاژێر 14:00 لە گوندی هەرمۆتە – سەر رێگەی کارێزان دەستپێدەکات و تاوەکو کاژێر 20:00 دەبێ.
 
ھەرمۆتە گوندێکی دێرینە و دەکەوێتە رۆژئاوای قەزای کۆیەوە. کریستیانەکانی ھەرمۆتە بەشێکن لە دێرینترین کریستیانەکانی کوردستان.