نامەكەی قادری حاجی عەلی ناكۆكییە نێوخۆییەكانی گۆڕان زیندوو دەكاتەوە

05-12-2017
مەحموود یاسین کوردی
نیشانەکردن قادری حاجی عەلی بزووتنەوەی گۆڕان
A+ A-

رووداو - هەولێر

دوایین كۆبوونەوەی سەركردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی، ناكۆكی دەخاتە ریزی بزووتنەوەی گۆڕانەوە و لە سەرووی هەمووشیانەوە، قادری حاجی عەلی، هەڵسوڕاوی باڵای بزووتنەوەكە كە پێیوایە ئەو كۆبوونەوەیە دەرفەتێكی زێڕینی لەدەستی گۆڕان داوە.

دوای سێ مانگ لە بێدەنگی، رۆژی 22/11/2017 لە ناكاو سەركردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی كۆبوونەوە، ئەمەش ناڕەزایەتی و نیگەرانیی زۆری هەڵسوڕاو و سەركردە باڵاكانی گۆڕانی لێكەوتەوە و كێشە كۆنەكانیشی نوێ‌ كردنەوە. كۆبوونەوەكە لە ماڵی كۆچكردوو نەوشیروان مستەفا بە بەشداری پێنج بەرپرسی یەكێتی و سێ‌ بەرپرسی گۆڕان بەڕێوەچوو. ئەحمەد عەزیز، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان بە (رووداو)ی راگەیاند: "شتێك بە ناوی سەركردایەتیی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی نەماوە، ئەم كۆبوونەوەی دواییش لەسەر داوای یەكێتی بووە".

بێستوون فایەق كە پەرلەمانتاری گۆڕانە، هۆكاری نیگەرانییەكانی هەڵسوڕاوان بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە كۆبوونەوەكە لەژێر ناوی "سەركردایەتیی هاوبەش" كراوە "بەڵام زۆرینەی هەڵسوڕاو و سەركردەكانی گۆڕان پێیانوایە شتێك بە ناوی رێككەوتنی سیاسی لە نێوان هەردوولا نەماوە، چونكە یەكێتی نەك رێككەوتنەكەی جێبەجێ‌ نەكرد بەڵكو بەپێچەوانەی ئەو رێككەوتنە كاری كردووە".

دوای كۆبوونەوەكە، قادری حاجی عەلی، هەڵسوڕاوی باڵای گۆڕان نامەیەكی بڵاوكردەوە كە لە بەشێكیدا دەڵێت: "یەكێتی ئامادە نییە یەك بەیەكی خاڵەكانی رێككەوتننامەی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی جێبەجێ بكات، بەڵام ئامادەیە سەرجەم داواكاری و رێككەوتنەكانی لەگەڵ پارتی جێبەجێ بكات".

قادری حاجی عەلی لەو نامەیەدا تەنانەت رەخنە لە كۆبوونەوەی رۆژی 21/11/2017 ی پارتی و گۆڕانیش دەگرێت و دەڵێ‌: "پارتی بەو كۆبوونەوانە رووی خۆی سپی دەكاتەوە، بزووتنەوەی گۆڕانیش بەكاردەهێنێ بۆ ئەو مەبەستەی خۆی".

130 رۆژەكەی عومەری سەید عەلی

بەپێی زانیارییەكانی رووداو، لە ماوەی ئەو 130 رۆژەی دەستبەكاربوونی عومەری سەید عەلی و خانەی راپەڕاندن، ژوورەكەی قادری حاجی عەلی لە گردەكە جمەی هاتووە لە هەڵسوڕاوانی ناڕازی و نیگەران لە سیاسەتەكانی ئەو تیمە نوێیە كە لە دوای كۆچی دوای نەوشیروان مستەفاوە دەستبەكاربوون، دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر قادری حاجی عەلی بە سیفەتی هەڵسوڕاوێك لە میدیای فەرمی گۆڕانەوە لە 18/10/2017 رەخنەی توندی لە سیاسەتی پارتی و یەكێتی گرت و داوای لە گۆڕان كرد لەگەڵ بەغدا بكەوێتە گفتوگۆ و شاند دروستبكات.

20 رۆژ دوای قسەكانی قادری حاجی عەلی، بۆ یەكەمجار عومەری سەید عەلی دوای هەڵبژاردنی بە رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، لە میدیای فەرمیی گۆڕانەوە لە 8/11/2017 هاتە سەر شاشە و باسی پێكهێنانی حكومەتی رزگاریی نیشتمانی و كاتیی كرد و رەخنەی لە بەڕێوەچوونی گشتپرسی و سیاسەتەكانی پارتی و یەكێتی گرت، بەتایبەتی شەخسی مەسعود بارزانی.

قادری حاجی عەلی لەسەر شاشەی كەی ئێن ئێنەوە داوای لە بزووتنەوەكەی و هاوپەیمانەكانی كرد سەركردایەتییەكی دیكەی كوردستانی لە بەرامبەر سەركردایەتی پارتی و یەكێتی و لایەنەكانی دیكە دروست بكەن، لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ‌ گفتوگۆ بكەن و لە تەخوینكردن نەترسن، هەروەها داواشی كرد گۆڕان خۆی لەو تەمومژە رزگار بكات نەك تەنیا بەیاننامە دەربكات، تیمی ئێستای بزووتنەوەی گۆڕانیش راوێژیان پێكردووە، بەڵام پێشنیازەكانیان جێبەجێ نەكردووە.

ئەحمەد عەزیز، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە بارەی دروستكردنی سەركردایەتییەكی دیكە گوتی "ئەو پرۆژەیە ماوە، لەگەڵ كۆمەڵ و هاوپەیمانی قسەمان كردووە كە بە سێ‌ قۆڵی دەتوانین هەنگاو بنێین لەگەڵ ئەو دوو لایەنە قسەی خۆمان كردووە، بۆ ئەوەی چ هەنگاوێك بنێین لەگەڵ حكومەت كۆبوونەوەمان هەبووە و پرۆژەمان پێداون، بەڵام سەبریش سنووری خۆی هەیە".

سەركردەیەكی گۆڕان كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (رووداو)ی راگەیاند "كاك قادر پێشنیازی كردبوو پێش هەستانەوەی پارتی و یەكێتی، بە سێ‌ قۆڵی لەگەڵ بەغدا و ئەمریكا گفتوگۆ بكەین، مامۆستا عەلی باپیر و كاك بەرهەم ساڵحیش رازی بوون، بەڵام بەشێك لە خانەی راپەڕاندن لەگەڵ ئەوە نەبوون، كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشیش كۆمەڵ و هاوپەیمانیی نیگەران كرد و ئەو دەرفەتە زێڕینەشی لە دەست گۆڕان دا، یەكێتی بەو كۆبوونەوەیە گومانی لە لای كۆمەڵ و هاوپەیمانی دروستكرد".

لە بەشێكی دیكەی نامەكەیدا، قادری حاجی عەلی بە زمانێكی توند رەخنە لە سیاسەتی گۆڕان دەگرێت كە بەرژەوەندی خۆی و دەنگدەران و خەڵكی كوردستان لەبەرچاو ناگرێت و دەڵێ‌: "چیتر ئامادە نیم بەرگری لە هەنگاوە هەڵەكانتان بكەم كە سووكایەتییە بە بزووتنەوەی گۆڕان و سووریش دەزانم جگە لە جێبەجێكردنی ئەجێندایەكی ناو یەكێتی هیچی تر نییە".

قادری حاجی عەلی ئەو كۆبوونەوانە بە لاوازكردنی گۆڕان و بێ‌ ئۆمێدكردنی دەنگدەرانی وەسف دەكات و ئۆباڵەكەشی دەخاتە ئەستۆی سەركردایەتیی ئێستای گۆڕان.

كێشە نێوخۆییەكانی گۆڕان لەدوای بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی سەركردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەكێتی بە زەقی سەری هەڵداوە و ئێستا دوو ئاراستەی دیار لەنێو بزووتنەوەكە دەبینرێن: ئاراستەیەك قادی حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحموود نوێنەرایەتی دەكەن و پێیانوایە سەركردایەتی ئێستای گۆڕان توانای ئیدارەكردنی قەیرانەكانی نییە. ئاراستەی دووەمیش خۆی لە عومەری سەید عەلی و زۆرینەی ئەندامانی خانەی راپەڕاندن دەبینێتەوە.

بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكەش، هەریەك لە چیا و نما، كوڕانی نەوشیروان مستەفا لە دەرەوەی وڵات گەڕانەوە سلێمانی و رۆژی 2/12/2017 لەگەڵ سەرۆك و ئەندامانی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەبارەی دۆخی سیاسی و هەنگاوە گرنگەكانی ئایندەی بزووتنەوەكە كۆبوونەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە