رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ناڕەزایی بەشێکی شۆفێرانەوە سێ رۆژە دەروازەی شوشمێ لە پارێزگای هەڵەبجە بەڕووی بازرگانیدا داخراوە. شۆفێرێک دەڵێت، بە "پێدانی بەرتیل" ئۆتۆمبێل بۆ هێڵەکەیان زیاد کراوە و قبووڵی ناکەن. جێگری پارێزگاری هەڵەبجەش دەڵێت، ئاگاداری بەرتیل نین، هەروەها نووسراویان بۆ وەزارەتی گواستنەوە کردووە کێشەی شۆفێران چارەسەر بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە 04-12-2023، رزگار عەلی، یەکێک لە شۆفێرانی بارهەڵگر لە دەروازەی شوشمێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دەروازەکە بەڕووی بازرگانیدا سێ رۆژە داخراوە. ئەمڕۆ پارێزگاری هەڵەبجە بڕیاریدا دەروازەکە بەڕووی بازرگانیدا بە تەواوی دابخرێت تاوەکو کێشەکان چارەسەر دەبن".
ئەو شۆفێرە گوتیشی، بەرامبەر بە مافەکانیان نایەکسانی کراوە و "بە پێدانی بەرتیل" چەند بارهەڵگرێکی سکس خراونەتە نێو هێڵەکەیانەوە.
لەو بارەیەوە کاوە عەلی، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "شۆفێرەکان لەنێو خۆیاندا رێکنەکەوتن. ئێمەش ئەمڕۆ وەکو کارگێڕیی پارێزگە بڕیارماندا ئەو بار و شۆفێرانەی کێشەیان هەیە رێگە نەدرێت بە دەروازەکەدا بار بگوازنەوە، بەڵام هاتووچۆی گەشتیاری ئاساییە".
کاوە عەلی گوتی، ئەمڕۆ نووسراویان بۆ وەزارەتی گواستنەوەی هەرێمی کوردستان کردووە بۆ ئەوەی کێشەی شۆفێران چارەسەر بکەن.
لەبارەی دەنگۆی پێدانی بەرتیلەوە بۆ زیادکردنی ئۆتۆمبێل لە هێڵی بارهەڵگرە تاکەکان، جێگری پارێزگاری هەڵەبجە گوتی، "بە هیچ شێوەیەک ئاگاداری بابەتی لەو شێوەیە نین. جاری یەکەمە کێشەی شۆفێران دەگاتە پارێزگە. پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە یان قایمقامی هەڵەبجە کێشەکانیان چارەسەر دەکرد، چونکە تاوەکو ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی هیچ بەرپرسێکی بە فەرمی بۆ دەروازەکە دیاری نەکردووە".
هۆکاری داخستنی هاتووچۆی بازرگانی لە دەروازەی شوشمێ
لە دەروازەی شوشمێ دوو جۆر بارهەڵگر کاڵا بۆ هەرێمی کوردستان دەگوازنەوە؛ ئۆتۆمبێلی بەشێکیان پێی دەگوترێت تاک و بەشەکەی دیکە سکس. ئەوانەی تاکن توانای هەڵگرتنی 10 تۆن کاڵایان هەیە، بەڵام ئەوانەی سکسن توانای هەڵگرتنی 17 تۆنیان هەیە.
ئەو ئۆتۆمبێلانەی تاکن 55 ئۆتۆمبێلن و دەڵێن نرخی هێڵەکەیان 75 هەزار دۆلار (7 دەفتەر و نیو)ـە، بەڵام هێڵەکەی دیکە نرخی 45 هەزار دۆلار (4 دەفتەر و نیو)ـە و بڕیاردراوە 25 بارهەڵگری ئەو هێڵە بخرێنەسەر سەر هێڵە گرانەکە، ئەوەش ناڕەزایی 55 شۆفێرەکەی لێکەوتووەتەوە.
رۆژی 27-06-2023 دەروازەی شوشمێ لە سنووری هەورامان بە فەرمی بەڕووی گەشتیاراندا کرایەوە، بەڵام پێش ئەو رێککەوتەش هاتووچۆی بازرگانی تێدا دەکرا. دەروازەکە تاوەکو ئەمڕۆ لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراوە.
چەند دەروازەیەکی سنووری لەنێوان پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و پارێزگاکانی کرماشان و سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان هەن و تەنیا دووانیان بە فەرمی ناسێندراوی نێودەوڵەتین، کە دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانن. هەروەها دەروازەکانی کێلێ، سەیرانبەن، پشتە و شوشمێ هەن کە تاوەکو ئێستا لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بە فەرمی نەناسێندراون.
جگە لە باشماخ و پەروێزخان، دوو دەروازەی دیکەی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان هەن؛ لە پارێزگای هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران و لە دهۆکیش دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل.
هەر لە پارێزگای دهۆک دوو دەروازەی دیکە هەن کە حکومەتی عێراقی بە فەرمی نەیناساندوون، دەروازەکانی سەرزێڕێ و سێمالکا؛ ئەوەی یەکەم لەنێوان باشوور و باکووری کوردستان و ئەوەی دووەمیش تەنیا دەروازەی بەستنەوەی باشوور و رۆژئاوای کوردستانە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ