رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی تەرمی كچە پارێزەرێك لە هەولێر دۆزرایەوە، تۆڕی میدیایی رووداو، بەدواداچوونێكی وردی لەسەر ئەو پرسە كرد، بەجۆرێك بۆچوونی كەسوكاری كچەكە، پۆلیس و سەندیكای پارێزەرانی خستەڕوو.
دوای دۆزینەوەی تەرمی ئەو كچە پارێزەرە، پۆلیس دەڵێت نازانن چۆن كوژراوە، بەڵام سەندیكای پارێزەران ئاماژە بەوە دەكات "خنكێنراوە و دەمووچاوی شێوێنراوە". باوكی كچەكەش وردەكاری كوژرانەكەی ئاشكرا دەكات.

لە سەرەتای رووداوەكەدا، رووداو زانیاری لە زاری هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر ئاشكرا كرد، كە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، دوای ئەوەی رۆژی 2-1-2016 ئەو پارێزەرە رفێنراوە، دوای دوو رۆژ تەرمەكەی دۆزراوەتەوە.
هۆگر عەزیز ئاماژەی بەوەكرد، تەرمی پارێزەرەكە لە ئۆتۆمبێلەكەی خۆیدا دۆزراوەتەوە و ئاسەواری سووتانیش لەسەر جەستەی هەبووە.
گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بەوەشكرد "نازانن بەچی ئەو كچە كوژراوە، بەڵام تەرمی لە دادی پزیكشیە بۆ لێكۆڵینەوەی لە هۆكار و شێوازی كوژرانەكەی".

سلێمان ئەحمەد، باوكی كچە پارێزەرەكە رایگەیاند "كچەكەی لە كۆمپانیای ڤیزا متریک دەوام دەكات. كاژێر 8:30 خولەكى بەیانی دەچێتە دەوام و كاژێر 4:00ی ئێوارە تەواو دەبێت. لەو كاتەشەوە تاوەكو كاژێر 6:30خولەكى ئێوارە خولی ئینگلیزی هەبووە".
گوتیشی ئەو رۆژەی كە نەگەڕاوەتەوە، تاوەكو كاژێر 7:00ی ئێوارە چاوەڕێیان كردووە، بەڵام هەر دیار نەبووە، بۆیە چەند شوێنێكی وەك كۆمپانیا، ماڵی هاوڕێكانی، نەخۆشخانەكان و پەیمانگاكە گەڕاون، بەڵام هەر نەبوو.
بە گوتەی باوكی ئەو پارێزەرە، كچەكەی ئەو رۆژەی كە رووداوەكە روویداوە كاژێر 12:30خولەكى پاش نیوەڕۆ لە كۆمپانیا رۆیشتووەتە دەرەوە و نەگەڕاوەتەوە.
باوكی ئاماژەی بەوەكرد، كاژێر 11:15خولەكی پێش نیوەڕۆی رۆژی دواتر تەلەفۆنیان بۆ كردووە، كە لە نزیك دریم سیتی، ئۆتۆمبێلی كچەكەی دۆزراوەتەوە و تێیدا گیانی لەدەستداوە.
سەبارەت بە شوێنی رووداوەكە، باوكی كچە پارێزەرەكە رایگەیاند "كچەكەی لەسەر كوشنی ئۆتۆمبێلەكە پاڵكەوتبوو، پێی لەسەر پێیەكی دیكەی بوو، پێڵاوەكە لەسەر سەكن لایت دانرابوو، ئەوە وەك ئیهانەیەك، شوێنی سووتانیش بە گیانیەوە بوو".
بە گوتەی باوكی، كچەكەی لە شوێنی شۆفێردا بووە و شوێنی سوتانیش لەسەر كوشنەكە هەبووە.
باوكی پارێزەر ناز سلێمان، داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزیری ناوخۆ دەكات، بەپێی یاسا "مافی وەربگرن" چونكە وەك خۆی دەڵێت "گومانی لە كەس نییە".
كامەران سلێمان، برای كچەكە لەبارەی رووداوەكە بەشداری گەشتی هەواڵەكانی كاژێر 8ی رادیۆ و تەلەڤیزیۆنی رووداوی كرد، رایگەیاند، گومانیان لە كەس نییە.
گوتیشی "نە خێزانەكە و نە خوشكەكەی، هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ كەس نییە، بۆیە گومان لە كەس ناكەن".
بە گوتەی براكەی، خوشكەكەی دوای دەرچوونی لە كاژێر 12:15 خولەك لە كۆمپانیا، نەچووەتە خولی ئینگلیزییەكەش.
برای ئەو كچە پارێزەر گلەیی لە دادوەر دەكات، كە دەڵێت، پێش ئەوەی تەرمەكە بدۆزرێتەوە، دادوەری ئێشكگر بە پۆلیسی گوتبوو، دوای دوازدەی شەو، واژۆ ناكات.
بایۆگرافی كچە پارێزەرەكە:
ناز سلێمان ئەحمەد
1991 لە هەولێر لەدایکبووە
چوار برا و دوو خوشکی هەیە
دەرچووی بەشی یاسا لە زانکۆی جیهان
کارمەندی کۆمپانیای ڤیزا متریک
رۆژی 2-1-2016 رفێندرا
رۆژی 4-1-2016 تەرمەکەی دۆزرایەوە
سیداد لەشكری، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو، راپۆرتێكی لەسەر رووداوەكە ئامادە كردووە، كە لێدوانی پۆلیس، خێزان و سەندیكای وەرگرتووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 6-1-2016 سێيەم رۆژی پرسەكەی ناز بووە، سیداد لەشكری لێدوانی كەسوكارەكەی لە شوێنی پرسەكە وەرگرت.
لەسەر ئەو پرسە، سەندیكای پارێزەرانی كوردستان رۆژی چوارشەممە 6-1-2016 بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، پارێزەرەكە خنكێنراوە.
سەندیكای پارێزەران رایگەیاندووە "رۆژی یەكشەممە 3-1-2016 لەكاتێكدا پارێزەران یادی رۆژی پارێزەرانیان دەكردەوە، تاوانێكی قێزەونی گەورە، بەرامبەر یەكێك لە پارێزەران ئەنجامدرا و پارێزەر (ناز سلێمان یەعقوب) لەلایەن دەستێكی نادیار دوای رفاندنی خنكێنراوە، تەنانەت دەمووچاویشی شێوێندراوە".
لەبارەی كەسایەتی ئەو پارێزەرە، سەندیكای پارێزەران ئاماژەی بەوە كردووە "خاوەن رەوشتێكی بەرز، زیرەك و لێهاتوو و خۆشەویستی دەوروبەرەكەی بووە، لە خێزانێكی نێوداری شاری هەولێر لەدایكبووە، ناكۆكیشیان لەگەڵ هیچ كەسدا نییە".

سەندیكای پارێزەران ئیدانەی ئەو تاوانە دەكات و داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكات، هەموو هەوڵەكانیان بخەنەگەڕ بۆئەوەی بەزووترین كات تۆمەتبارەكە بدۆزرێتەوە.
ئەو رووداوە لە تۆڕه كۆمەڵایەتييەكان كاردانەوەی جیاوازی بەدوای خۆیدا هێنا. هاونیشتمانیان داوا دەكەن، ئەو كەسەی تاوانەكەی ئەنجامداوە، بەسزای یاسایی بگەیەنرێت.
خالیدە دەلۆیی دەڵێت "پێویستە كوردستان لەو جۆرە دڕندانە پاكبكرێتەوە. خودا تۆڵەی ئەو جوانە مەرگە و عەلی عەبدوڵڵا دەولۆیی كوڕم، بكاتەوە".
سەنحاریب ئادەم نووسیوویەتی "زۆر بەداخەوە، هیوادارم كوژراوەكە بەزووترین كات دەستگیربكرێت، چۆن كوشتوویەتی، بە هەمانشێوە بكوژرێت بۆ ئەوەی ببێتە پەند".
هەر لەسەر ئەو پرسە، دهستهی سهربهخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند "تاوانهكه و جۆر و شێوازی كوشتنەكهی ماناداره و ههموانی توشی شۆك كرد".
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راشیگەیاندووە "ئەو رووداوە درێژ كراوهی ئهو تاوان، كوشتن، پێشیلكاری و تووندوتیژیانهیه، كه بهرامبهر ئافرهتان و هاووڵاتیان بهڕێوهدهچێت".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ