رووداو - سلێمانی
سەرکردەیەکی یەکێتی رایدەگەیێنێ، تەنیا کاک کۆسرەت شەرعییەتی ئەوەی هەیە بڕیاری کۆبوونەوە بدات. دەشڵێت: "باس و خواس لەسەر کۆنگرە تەنیا قسەیە و یەکێتی بەم دۆخەوە ناتوانێت یەکێتی کۆنگرە ببەستێت".
حەمەی حەمەسەعید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەکاتی پێشوازیکردن لە کۆسرەت رەسول لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای وەرگرتنی پشوو بۆ چەند رۆژێک دواتر بڕیار لەوە دەدرێت کە چی بکرێت و چی نەکرێت، من ئێستا نازانم چ بڕیارێک دەدرێت، بەڵام لەبەرئەوەی مەکتەبی سیاسی هەڵوەشاوەتەوە، ئێستا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان مەکتەبی سیاسی نییە، تەنیا سەرکردایەتی هەیە، تەنیا کاک کۆسرەتیش شەرعییەتی ئەوەی هەیە بڕیاری کۆبوونەوە بدات یان داوای کۆبوونەوە بکات".
لەبارەی بەستنی کۆنگرەش لە بەهاری ئەمساڵدا حەمەی حەمەسەعید گوتی: "بەڕای من باس و خواس لەسەر کۆنگرە تەنیا قسەیە. دەبێت دۆخی حیزبی نێو یەکێتی ئاسایی ببێتەوە ئەوکات دەتوانرێت کۆنگرە ببەسترێت، ئێستا بەم دۆخەوە ناتوانرێت یەکێتی کۆنگرە ببەستێت".
کۆسرەت رەسول عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، دوای 52 رۆژ مانەوە لە ئەوروپا و وەرگرتنی چارەسەری پێویست، ئێوارەی رۆژی شەممە 7-1-2018 لە رێگەی فڕۆکەیەکی تایبەتەوە لە لەندەنەوە گەیشتەوە سلێمانی. ناوبراو لە فڕۆکەخانەوە راستەوخۆ گەڕایەوە ماڵەکەی لە گردی عەلی ناجی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ