هۆکاری جموجووڵی نائاسایی فڕۆکە لە ئاسمانی هەولێر چییە؟

رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو رۆژی رابردوودا جموجووڵی نائاسایی فڕۆکە لە ئاسمانیی هەولێردا هەیە، بەرپرسێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "رێوشوێنی هاوپەیمانانە بۆ پاراستنی خۆیان."
 
لە دوو رۆژی رابردوودا جموجووڵی زۆری فڕۆکەی جۆراوجۆر لە ئاسمانی هەولێر بەدی دەکرێت و لە شەواندا زیاتر هەستیان پێدەکرێت. ئەمڕۆ شەممە، 06-01-2024، بەرپرسێک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دۆخەکە ئاساییە و جێگەی نیگەرانیی نییە؛ ئەوەی هەیە رێوشوێنی هاوپەیمانانە بۆ پاراستنی هێزەکانیان".
 
جموجووڵەکان لەکاتێکدان، لەدوای رووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەری 2023ـەوە، هێرشی حەماس بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و پەرەسەندنی شەڕی نێوانیان، هەندێک گرووپی چەکداری دیکە بەشداریی خۆیان لە شەڕەکەدا راگەیاند و پاڵپشتی حەماسیان کرد، لەوانە گرووپێکی چەکداری شیعییە کە خۆیان بە "مقاوەمەی ئیسلامیی عێراق" ناساندووە کە بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکا "ئەو گرووپە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی" دەکرێن تاوەکو ئەمڕۆ 15 جار هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و 13 ‌جاریش هێرشیان کردووەتە سەر فڕۆکەخانەی هەریر.
 
دوایین هێرش لەلایەن ئەو گرووپەوە دوێنێ هەینی کرایە سەر فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریر لە پارێزگای هەولێر، لەو بارەیەوە دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "کاژێر 04:29ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی لەڕێگەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراوەوە هێرشکرایە سەر بنکەی سەربازیی هەریر لە پارێزگای هەولێر، کە پێشتر وەک بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بەکار دەهات."