رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر دەڵێ، ساڵی رابردوو بەهۆی سەرپێچی و بردنی کارەباوە بەشێوەی نایاسایی هەزاران کەس سزادراون و پشکی شێری سزاکانیش بەر شوێنە بازرگانییەکان کەوتووە. وەزارەتی کارەباش جەخت لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەکاتەوە.
ڕۆژی سێشەممە، 06ـی کانوونی دووەمی 2025، بەختیار قاسم، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پار هەزاران کەس لەسەر سەرپێچیی کارەبا سزادراون. بڕیاری سزادانی سەرپێچیکاران دەمێکە هەیە، بەڵام لەمەودوا هەوڵەکان زیاتر چڕدەکرێنەوە. پشکی شێری سزاکانیش بەر شوێنە بازرگانییەکان کەوتووە."
سەبارەت بە بڕی سزاکان، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر گوتی، "سزای شوێنە بازرگانییەکان تاوەکو 200 ملیۆن دینار دەڕوات و بۆ ماڵانیش تاوەکو 4 ملیۆن دینارە. بڕی سزاکە بەپێی قەبارەی بەکارهێنانی کارەباکە و شێوازی سەرپێچییەکە دیاری دەکرێت."
بەختیار قاسم ئاماژەی بەوەش کرد، سزاکان ماڵ، شوێنە بازرگانییەکان، پیشەسازییەکان و تەنانەت فەرمانگە حکومییەکانیشی گرتووەتەوە؛ گوتیشی، "بۆ جاری یەکەم و دووەم، سەرپێچیکار ئاگادار دەکرێتەوە و بە پێبژاردن سزا دەدرێ، بەڵام بۆ جاری سێیەم رەوانەی دادگە دەکرێت."
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 06-01-2026 کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی راوێژکاریی وەزارەتی کرد. لە کۆبوونەوەکەدا کە راوێژکاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی کارەبا ئامادەی بوون، باسی رەوشی کارەبا و چارەسەرکردنی کێشەکان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە بە پڕۆژەی رووناکی کرا. وەزارەتی کارەبا دەڵێ، ئەم پڕۆژەیە وەرچەرخانێکی گەورەیە و پاڵپشتیی تەواوی لێ دەکرێ، هەربۆیە رێگە نادرێ بەهۆی سەرپێچییەوە زیان بە پڕۆژەکە بگەیێندرێ و لەمەودوا رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگیرێتەبەر.
لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا سەنتەری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە، هەروەها چەند شارێکی دیکە لەوانە سۆران و رانیە کارەبایان کراوەتە 24 کاژێری و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ پڕۆژەکە تەواوی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ