كەس منداڵە ئەشكەنجەدراوەكانی ئاخجەلەر لەخۆناگرێت

06-02-2017
دیمەن بورهان
نیشانەکردن منداڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

ئەو سێ‌ مێردمنداڵەی لە ئاخجەلەر كە لایەن باوك و زڕدایكەكەیانەوە بەتوندترین شێوە ئەشكەنجە درابوون و دوای ئاشكرابوونیان زڕدایك و باوكەكە دەستگیركران، منداڵەكان گەڕێندرانەوە لای دایكی راستەقینەی خۆیان، بەڵام ئێستا دایكیان دەڵێت چیدی توانای بەخێوكردنی منداڵەكانی نییە و كەسیش ئامادە نییە بەخێویان بكات.

"ئەگەر ئەو سێ منداڵە لەلام بمێننەوە خۆم دەسووتێنم" ئەمە قسەی كوڕە گەورەی ئەو ژنەیە كە چەندین ساڵ لە رۆڵەكانی دوور بووە، بەڵام پاش ئەوەی منداڵەكانی پێدرایەوە، نەیتوانی لە چەند مانگێك زیاتر بەخێویان بكات.

بڕیار، كوڕە گەورەی (س) بە (رووداو)ی گوت "دایكم ئێمەی خۆشنەویست و پێیدەگوتین هەستی دایكایەتیم نییە و سۆزم نەماوە بۆ ئێوە. رۆژێك لەگەڵ خوشكەكانم شەڕمان كرد، گوتی دەبێت بڕۆن و ئەم ماڵە بەجێبهێڵن، ئەگەر لێرە نەڕۆن خۆم دەسووتێنم".

بێستوون كە مامی ئەو سێ‌ منداڵەیە، قسەكانی بڕیار پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت "دایكی گوتوویەتی من ناتوانم بەخێویان بكەم، هەستم نییە بۆیان، چونكە ئەم منداڵانە پەروەردەیەكی باش نەكراون و زوو زوو شەڕ دەكەن و قسە بە یەكدی دەڵێن".

بە گوتەی بێستوون كە ئێستا سێ‌ منداڵەكە لەلای ئەون "كەس ئەو سێ‌ منداڵە ئەشكەنجەدراوە لەخۆ ناگرێت. خزم و كەس هەموو گەڕانەوە دواوە و بەڵێن و قسەی ئەوانەش كە پێشتر بۆ چارەسەر و هاوكاریكردنی ئەو منداڵانە دابوویان و كردبوویان، هیچی راست دەرنەچوو".

بێستوون دەشڵێت "من كرێچیم و دوو منداڵیشم هەیە، بەخێوكردنی سێ‌ مێردمنداڵی ئاوا كە ئەشكەنجە دراون و 90%ی جەستەیان كەمئەندام بووە، بەبێ هاوكاریكردنی ماددی و مەعنەوی زۆر سەختە".
لەبارەی پاڵپشتیی حكومەت و خێرخواز و رێكخراوەكانیش بۆ ئەو منداڵە ئەشكەنجەدراوانە، مامی منداڵەكان دەڵێت "تاوەكو ئەمڕۆ جگە لە دوو سەنتەر، كەس لە حاڵی ئەم منداڵانەی نەپرسیوەتەوە و هەموو بەڵێنەكان درۆ و پڕوپاگەندە بوون".

دوای بڵاوبوونەوەی كەیسی ئەو منداڵانە لە بەرنامەی (هۆت لاین)ی تەلەڤزیۆنی (رووداو)دا، پزیشكێك بەناوی محەممەد مەحموود ئامادەیی خۆی دەربڕی، نەشتەرگەریی بۆ ئەو منداڵانە بكات. بێستوون دەڵێت "ئەو منداڵانە نزیكەی 25 نەشتەرگەرییان پێویستە، بەڵام ئەوە بەبێ پاڵپشتیی حكومەت و خێرخوازان و رێكخراوەكان ناكرێ".

لەبارەی برا و براژنەكەشیەوە كە باوك و زڕدایكی منداڵەكانن، بێستوون دەڵێت "هەتا ئەمڕۆ سكاڵام لە دژی برا و براژنەكەم تۆمار نەكردووە، وا بڕوات پاش چەند مانگێك ئازاد دەكرێن و لە بەندیخانە دێنە دەرەوە، چونكە من ناتوانم سكاڵایان لەسەر تۆمار بكەم، لەكاتێكدا باری داراییم ئەوەندە خراپە كە منداڵی خۆشم بۆ بەخێو ناكرێت، ئەو منداڵانە لانەیەكیان نییە، لەكاتێكدا 5 منداڵی دیكەی براكەم و ژنە زیندانیكراوەكەی وا خەریكە پەرتەوازە دەبن، چونكە ئێستا لەلای خوشكی براژنە زیندانیكراوەكەمن".

دەشڵێت "من كرێكارم، خوشكی براژنەكەم هەموو رۆژێك تەلەفۆنم بۆ دەكات و داوام لێدەكات 5 منداڵەكەی دیكەش بهێنمە لای خۆم، چونكە ئەو دەڵێت من ئامادە نیم بەخێویان بكەم و وەرن بیانبەنەوە، بەڵام من  بەم بارودۆخەوە كە هیچ شوێنێكم نییە چۆن دەتوانم 10 منداڵ بەخێو بكەم و لەخۆیان بگرم؟".

دكتۆر محەممەد مەحموود، پزیشكی نەشتەرگەری جوانكاری و رێككاری كە چارەسەری سەرەتایی بۆ سێ‌ مێردمنداڵەكە كردووە، بە (رووداو)ی گوت "من ئامادەم نەشتەرگەری بۆ هەرسێ منداڵەكە بكەم، بەڵام كێشەی ئەو منداڵانە زۆر قووڵە، سەرەتا ئەو منداڵانە پێویستیان بە دامەزراندنەوەی ژیان و جێگیركردنی باری دەروونی هەیە، ئەمە لە نەشتەرگەرییەكان گرنگترە".

ئەو پزیشكە دەشڵێت "ئێمە هێشتا نازانین كێ بەرپرسیارێَتی ئەو منداڵانە هەڵدەگرێت، تاوەكو دەست بە نەشتەرگەری بكەین، هەرچەندە مامی پێیگوتووین لای من جێگیر دەبن".

بەگوتەی دكتۆر محەممەد، هەرسێ منداڵەكە پێویستیان بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام كچە گەورەكەی بە پلەی یەكەم پێویستی بە 15 بۆ 20 نەشتەرگەری هەیە.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری گشتیی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە سلێمانی بە (رووداو)ی گوت "ئێمە ئاگادارین كە دایكی خۆیان ئامادە نییە لەخۆیان بگرێت، هەروەها خاڵی و خزم و كەسەكانی دیكەیان لەخۆیان ناگرن. ئێمە سەردانیان دەكەین بۆ ئەوەی بزانین هۆكارەكەی چییە". 

گوڵپی هەروەها گوتی "رێكخراوی وچانمان راسپاردووە كە هاوكارە لەگەڵماندا و پزیشكی تایبەتی دەروونی بۆ منداڵەكان گرتووە، بەدواداچوونی بەردەوامیشمان بۆ كەیسەكە هەیە".

داڕشتنەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە