مامۆستایەکی زانکۆ: ژینگەی دهۆک بە بەروارد لەگەڵ شارەکانی عێراق باشە

رووداو دیجیتاڵ 
 
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەرزترین پلەی گەرما لە جیهان تۆمارکراون، مامۆستایەکی زانکۆی شارەزای کەشوهەوا دەڵێت، کاریگەری گەرمبوونی زەوی بەسەر هەرێمی کوردستانیشەوە هەیە.
 
د. جیهان فەخری، مامۆستای زانکۆی دهۆک و شارەزای ژینگە لەکاتی بەشداری لە بەرنامەی نووڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو کە لەلایەن دڵدار هەرکی پێشکێش کرا، رایگەیاند، کاریگەرییەکە بەسەر رێژەی بارانبارینەوە دەرکەوتووە، "وەک دەبینین مانگی شوباتە و بارانبارین وەکو پێویست نییە، کاتێک بارانیش دەبارێت بایەکی بەهێز یاخود خوڵبارینی لەگەڵدایە".  
 
بەپێی داتاکانی کۆمەڵەی ERA5 کە لەلایەن زانایانی کەشوهەواوە شیکراونەتەوە، مانگی یەکەمی 2025 گەرمترین مانگی کانوونی دووەم بووە بە تێکڕای پلەی گەرمیی 1.75 پلەی سیلیزی، کە بەرزترە لە تێکڕای پێش پیشەسازی (1850-1900) بۆ ئەو مانگە.
 
ئەم تۆمارە نائاساییەی پلەی گەرمی، لە مانگی رابردوودا لە سەرتاسەری جیهاندا بەدیکراوە، هەم لە نیوەگۆی باکوور (وەرزی زستان) و هەم لە نیوەگۆی باشوور (وەرزی هاوین).
 
د. جیهان فەخری ئاماژە بە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە جیهان دەکات و دەڵێت، "هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما مرۆڤە، چونکە مرۆڤەکان بەهۆی کارە هەڵەکانیانەوە رێژەی گازە ژەهراوییەکانیان لەنێو کەشوهەوادا زیاد دەکەن، کە هۆکاری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمان". 
 
رێکخراوی کەشناسیی جیهانی (WMO) کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، لە کانوونی یەکەمی 2024 هۆشداری دابوو کە بەهۆی گازە گەرمکەرەکانەوە لەوانەیە لە ساڵی 2025 پلەی گەرمی دانەبەزێت.
 
بەگوێرەی ناوەندی لێکۆڵینەوە لە تەشەنەکردنی کارەساتەکان (CRED)، پار 115 هەزار کەس بەهۆی رووداوە سرووشتییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، لە کاتێکدا پێرار 86 هەزار کەس گیانیان لەدەستدابوو.
 
د. جیهان فەخری لەبارەی چۆنیەتی رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا داوا دەکات هەنگاوی جیهانی و هەروەها ناوخۆیی بۆ رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی پلەکانی بنێرێت و دەڵێت، "لەسەر ئاستی جیهان مرۆڤەکان دەتوانن زۆر کار بکەن کە پێویستن بۆ رێگەگرتن لە بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و پیسبوونی هەوا، چونکە پیسبوونی هەوا کێشەیەکی جیهانییە و سنووری نییە، لە هەر شوێنێک هەوا پیس بکرێ کاریگەری لەسەر هەموو جیهان دەبێت". 
 
لەبارەی هەنگاوە ناوخۆییەکانەوە، د. جیهان فەخری کە دکتۆرای لە پسپۆڕی پیسبوونی ژینگە هەیە گوتی، "ژینگەی دهۆک بەروارد لەگەڵ شارەکانی عێراق باشە، بەڵام پێویستە خۆمان لەگەڵ وڵاتە پێشکەوتووەکان بەروارد بکەین و ئەوەی گرنگە پێویستە گرنگی بە پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی گازە ژەهراوییەکانی ئۆتۆمبێل و کارگەکان بدرێت، هەروەها داری زیاتر بچێندرێت و دارستانەکان ببوژێنینەوە بۆ رێگەگرتن لە گازە ژەهراوییەکان".