ئەمڕۆ ئەمریکا و ئیسرائیل ژمارەیەک بنکە و بارەگای سەربازییان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەنێوبرد

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
ناسر پیرۆتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە حەوتەم رۆژی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێران لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، زیاتر لە 20 شوێن بۆردوومان کران. زیاترین هێرشەکان لە پارێزگاکانی کرماشان، ورمێ و ئیلام بوون. بۆ یەکەم جار دوای دەستپێکردنی هێرشەکان، ژمارەیەک بنکە و بارەگای سەربازی لە ناوچە سنوورییەکانی نزیک لە سنووری نێودەوڵەتی تورکیا بۆردوومان کران.
 
رۆژی هەینی 6ی ئاداری 2026 فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بەردەوام بەسەر ئاسمانی رۆژهەڵاتی کوردستان سووڕاونەوە. ئەمڕۆ بەشێک لە ئامانجەکان بە مووشەک و بەشێکی دیکەشیان بە فڕۆکە لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆردوومان کران. 
هاونیشتمانیان لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەڵێن، فڕینی فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بە نزمی و مانەوەی زۆریان لە ئاسمانی رۆژهەڵاتی کوردستان پێشانیدەدات، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان لاوازبووە.
 
پارێزگای کرماشان
 
لە نیوە شەوی پێنجشەممەوە تاوەکو دوانیوەڕۆی هەینی، چەندین جار دەنگی چەند تەقینەوەی بەهێز لەنێو شاری کرماشان و دەوروبەری بیستراوە و بەهێرشی ئاسمانی چەند بنکە و شوێنێکی سەربازی لەنێو شاری کرماشان دا بۆردوومان کران. 
 
میدیاکانی ئێران ڤیدیۆی ژمارەیەک خانوویان بڵاوکردووەتەوە و دەڵێن، شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکی سیڤیلە. بەپێی ئەو زانیارییانەی دانیشتووانی کرماشان دەیگەیێننە میدیاکان، فەرماندەیی سوپای پاسداران و هەروەها بنکەیەکی پۆلیس لە شەقامی (گوزەرنامە) بە مووشەک کراوەتە ئامانج. لە رۆژانی رابردوودا چەند جاری دیکە ئەو شوێنانە بۆردوومان کراون.
 
هەروەها نیوەشەوی پێنجشەممە، ناوەندی فەرماندەیی ئەرتەشی ئێران لە پارێزگای کرماشان بۆردوومان کرایەوە و دوای بۆردوومانەکە، دەنگی تەقینەوەی بەهێز و ئاگری زۆر لە شوێنەکە بەرزبووەتەوە.
 
لە شاری سەرپێڵی زەهاوی پارێزگای کرماشان، بنکەی ئیتلاعات بۆردوومان کرا. بەپێی ڤیدیۆ بڵاوکراوەکان، باڵەخانەی ئیتلاعاتی سەرپێڵی زەهاو بەهۆی بۆردوومانەکە داڕماوە.
 
لەنێو شار و دەوروبەری پاوەش، درەنگانی شەوی پێنجشەممە و بەرەبەیانی هەینی، چەند بنکەیەکی سەربازی بۆردوومان کراون. 
بەپێی ئەو زانیارییانەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بڵاویدەکەنەوە، هێزەکانی سوپای پاسداران و پاسەوانیی سنوور لە هەندێک ناوچەی پارێزگای کرماشان، تەواوی بنکەکانیان چۆڵکردووە و لە شوێنی دیکە دەمێننەوە، تەنانەت لە هەندێک شوێنی وەک قەسری شیرین هێزەکانی پاسەوانیی سنوور و سوپای پاسداران جلوبەرگەکانیشیان گۆڕیوە .
 
پارێزگای ورمێ
 
شەوی پێنجشەممە و رۆژی هەینی لانیکەم چوار جار نێوشار و دەوروبەری مەهاباد بۆمباباران کرا.
 
لەسەر رێگەی مەهاباد بۆ ناوچەی شاروێران، پێش سێڕێیانی دارەلەک، بنکەی بەرگری ئاسمانیی سوپای پاسداران دووجار بۆردوومان کرا. ئەو بنکەیە لە رۆژانی رابردووش دا جارێک بۆردوومان کراوە.
 

 

 

لەنێو شاری مەهاباد، باڵەخانەیەکی تەنیشت رێکخراوی مانگی سووری شارەکە و هەروەها کاژێر هەشتی بەیانی، بنکەی پۆلیسی ژمارە 11 لەنێو شاری مەهاباد کرانە ئامانج. لە ئەنجامی بۆردوومانەکەدا، فەرماندەی بنکەکەی پۆلیس کە پلەی عەقید بووە لەگەڵ ئەفسەر و سەربازێک کوژراون. هەروەها هاونیشتمانییەک لە مەهابادەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رۆژی هەینی بەردەوام فڕۆکە بەسەر شاری مەهاباد دا سووڕاونەتەوە، بەڵام دوای نیوەڕۆ هیچ شوێنێک بۆمباباران نەکراوە.
 
هەروەها لە شاری میاندواو رۆژی هەینی لانیکەم بنکەیەکی سەربازی کراوەتە ئامانج. لەم شەڕەدا یەکەم جارە هێرش دەکرێتە سەر پێگە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری میاندواو. 
 
لە شاری تیکابیش، سەربازگەی سەرەکی و ناوەندی فەرماندەیی سوپای پاسداران لەو شارەدا بە سێ مووشەک بۆردوومان کرا. بەپێی ڤیدیۆیەک کە مانگی سووری تیکاب بڵاویکردووەتەوە، هێرشەکە زیانی زۆری بە سەربازگەکە گەیاندووە.
 
بۆ یەکەم جار دوای دەستپێکردنی شەڕ، رۆژی هەینی بنکە سەربازییەکانی ئێران لە شارە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە نزیک سنووری نێودەوڵەتی لەگەڵ تورکیا کرانە ئامانج. لە شارەکانی ماکۆ، سەڵماس و بازرگان چەند بنکەی سەربازی بۆردوومان کران. 
 
لە شاری ماکۆ بە مووشەک لە بنکەی سەرەکیی سوپای پاسداران و فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری شارەکە درا. هەروەها لە شاری بازرگان، بنکەیەکی پۆلیس بۆردوومان کرا.
 
پارێزگای ئیلام
 
بۆردوومانکردنی بنکە ئەمنی و شوێنە سەربازییەکان لە پارێزگای ئیلام لە حەوتەمین رۆژی شەڕدا بەردەوام بوو.
دوای نیوەڕۆی هەینی، لەنێو شاری ئیلام لانیکەم سێ شوێنی جیاواز بۆردوومان کران. فەرماندەیی پاسەوانیی سنووری ئیلام و بنکەیەکی سوپای پاسداران لە شەقامی (بەهەشتی) و بنکەیەکی دیکەی سوپای پاسداران لە چوارڕێیانی (مقاومەت)ی شارەکە کرانە ئامانج. بەپێی ئەو وێنانەی میدیاکانی ئیلام بڵاویانکردووەتەوە، یەکێک لە بنکەکانی سوپای پاسداران بە تەواوی خاپوورکراوە. 
هەروەها لە شارەکانی مەڵکشایی، ئەیوان و ئاودانانی پارێزگای ئیلامیش بە مووشەک چەند شوێنی سەربازی و حکومی بۆمباباران کراون. 
 
بەپێی زانیارییەکان، لە ئەیوان باڵەخانەی قایمقامییەت و فەرماندەیی سوپای پاسداران کە لە تەنیشت یەکترین و هەروەها لە مەڵکشایی بنکەیەکی سەربازی لە دەرەوەی شار بۆردوومان کراون. 
 
بەپێی زانیاریی پشتڕاستنەکراوە، لە شاری ئاودانانیش سەربازگەیەک کە هێزی بەرگری ئاسمانی لێبووە، بنکەیەکی (بەسیج) و هەروەها قوتابخانەیەک کە هێزەکانی سوپای پاسدارانی تێدا جێگیرکراوە، بۆردوومان کراون.
 
لوڕستان
 
رۆژی هەینی ژمارەی هێرشەکان و بۆردوومانکردنی بنکە و بارەگا ئەمنی و سەربازییەکانی ئێران لە پارێزگای لوڕستان، بەراورد بە رۆژانی رابردوو، کەمتربوو.
 
بەرەبەیان و پێشنیوەڕۆی هەینی چەند شوێنێکی ئەمنی و سەربازی لە شاری پۆلدوختەری پارێزگای لوڕستان بۆردوومان کران. یەکێک لەو شوێنانەی کراوەتە ئامانج، بنکەی ئیتلاعاتە. 
 
جێگری پارێزگاری لوڕستان بۆ کاروباری سیاسی و ئەمنی دەڵێت، "لە هێرشەکانی شاری پۆلدوختەردا شەش کەسی سیڤیل برینداربوون".
 
میدیاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لوڕستان تاوەکو ئێستا ناوی 50 کەسیان بڵاوکردووەتەوە کە لە هێرشەکاندا لەو پارێزگایەدا کوژراون. هەموو ئەوانەی ناویان بڵاوکراوەتەوە، پلەداری سەربازین.
 
پارێزگای سنە
 
دوای نیوەڕۆی هەینی، سەربازگەی سوپای پاسداران لە (ساڵحئاوا)ـی شاری بانە لە پارێزگای سنە جارێکی دیکە بۆردوومان کرایەوە. دوو جار لەسەر یەک، ئەو سەربازگەیە و هەروەها ئامانجێکی دیکە لە نزیک سەربازگەکە بۆردوومان کراون.
 

 

 

هەروەها بەرەبەیانی هەینی، سەربازگەی (حەنزەلە)ـی سوپای پاسداران لە شاری سەقز جارێکی دیکە بە مووشەک بۆمباباران کرایەوە. ئەو کەسانەی ڤیدیۆی کرانە ئامانجی سەربازگەکەیان بڵاوکردووەتەوە رایانگەیاندووە، دەنگی تەقینەوەی بەرز و ئاگری زۆر لە شوێنە بۆردوومانکراوەکان بەرزبووەتەوە.
 
رێکخراوی مافی مرۆڤیی هانا بڵاویکردەوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی لەنێو سەربازگەی (تیپی 228)ـی ئەرتەش لە شاری سەقز گەیشتوونەتە رێکخراوەکە، رێگە بە سەربازەکان دراوە سەربازگەکە بەجێبێڵن و بڕۆنەوە ماڵەکانیان. 
 
میدیاکانی نزیک لە سوپای پاسداران بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای شەڕەوە زیاتر لە 40 شوێن لە پارێزگای سنە کراونەتە ئامانج. ژمارەیەک ئامانج، چەند جار بۆردوومان کراون. سەربازگەکانی (ئیمام علی و شارامفەر)ـی سوپای پاسداران، فەرماندەیی و بنکەکانی سوپای پاسداران، ئیتلاعات، پۆلیس و پاسەوانیی سنوور زیاترین هێرشیان کراوەتە سەر لەو پارێزگایەدا.
 
"داوا لە هاونیشتمانییان دەکرێت نەچنە ئەو شوێنانەی بۆردوومان دەکرێن"
 
بەپێی زانیارییەکان، لە چەندین شاری رۆژهەڵاتی کوردستان خەڵکی ئاسایی بوونەتە قوربانی هێرشەکان و بەشی زۆری ئەو هاونیشتمانییانەی دەبنە قوربانی، ئەو کەسانەن کە دەچنە شوێنە بۆردوومان کراوەکان.
 
لە کرماشان، ئیلام، مێران، پاوە، کرێند، سنە، بۆکان، مەهاباد، شنۆ و چەند شاری دیکەش، هاونیشتمانییان بوونەتە قوربانی بەهۆی ئەوەی دوای بۆردوومانەکان چوونەتە شوێنە بە ئامانجگیراوەکان.
 

 

 

لە بۆکان دوای ئەوەی شەوی چوارشەممە قایمقامییەتی بۆکان بۆردوومان کرا، خەڵکی ئاسایی چوونەتە شوێنی بۆردوومانەکە، بەڵام بە ماوەیەکی کەم، هۆڵی سینەمای پشت قایمقامییەتیش بۆردوومان کراوە. چەند هاونیشتمانییەک بەوهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە و چەندین کەسی دیکەش برینداربوون.
 
چالاکڤانێک لە سنە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "بەشێک لەو شوێنانەی دەکرێنە ئامانج، شوێنی ئەمنی و سەربازی نین، بەڵام هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ خۆپەنادان لە بۆردوومانەکان چوونەتە نێو ئەو خانوو و باڵەخانە سیڤیلانەوە، بۆیە لە کاتی بۆردوومانەکاندا خەڵک زوو دەچن بزانن چ روویداوە و کێ لەو شوێنە بووە، بەڵام ئەوە کارێکی مەترسیدارە".
 
فەرماندەیی پۆلیسی ئێران و پۆلیسی پارێزگاکانیش داوایان لە خەڵک کردووە نەچنە شوێنی بۆردوومانەکان و دەڵێن، "بەشێک لە بۆمبەکان دووجار دەتەقنەوە". جارێک لە کاتی کردنە ئامانجی شوێنەکە و جارێکی دیکەش بە مەودای چەند خولەک تاوەکو چەند کاژێر دوای بۆمبابارانەکان.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی هێرشە درۆنییەکەی ئەمشەو بۆسەر هەولێر

پارێزگاری هەولێر لەبارەی هێرشەکان: حکومەتی عێراق بەرپرسیارە و دەبێت هەڵوێستی هەبێت

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن "گروپە یاساشکێنەکانەوە" کراوەتە ئامانجی "تیرۆریستی" و دەڵێت، "حکومەتی عێراق لەو پرسە هەستیارە بەرپرسیارە و پێویستە لە زووترین کاتدا هەڵوێستی کردەیی وەربگرێت."