د. عەبدولـلەتیف بۆ د. عەلی قەرەداخی: لەبری ژیانەخۆشەکەت لە قەتەر، بڕۆ بۆ غەززە
رووداو دیجیتاڵ
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد، رێبەری سەلەفییەکانی کوردستان وەڵامی قسەکانی د. عەلی قەرەداخی دەداتەوە و رایدەگەیێنێت، "هێرشێکی ناڕەوا و نازانستییانە" بۆ سەر سەلەفییەکان دەکات. خۆی لەبری گەڕانەوە "بۆ ژیانە خۆشەکەت لە قەتەر، فەرموو بڕۆ بۆ غەززە فەتواکەت جێبەجێ بکە."
لەسەر پرسی غەززە ناکۆکی لە بۆچوونی سەلەفییەکان و لایەنە ئیسلامییەکانی دیکە هەیە. د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی د. عەبدولـلەتیف ئەحمەدی دایەوە و باسی لەوە کردبوو، "هەندێک لەوانەی بانگەشەی سەلەفی دەکەن، هێرش دەکەنە سەر موجاهیدە گیانفیداکان لە غەززە و شوێنەکانی دیکە و بە لادان لە بیروباوەڕ وەسفیان دەکەن."
د. عەلی قەرەداخی بەبێ ئەوەی ناوی کەس بهێنێت، رایگەیاندبوو: "هیچ بەزەییەک لە دڵی ئەو کەسەدا نییە کە ئاهـ و ناڵەی دەیان هەزار ژن و منداڵ نایجوڵێنێت، ئەوانەی خوێنیان بە دەستی زایۆنی رژاوە، یان لە برسان و تینوێتان و نەخۆشیدا لەژێر گەمارۆدا مردوون."
لە چەند رۆژی رابردوودا، د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد لەگەڵ د. موسەننا ئەمین لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو دیبەیتیان کرد. لە کاردانەوەکانی دیبەیتەکە، د. عەلی قەرەداخی باسی ئەوەی کردبوو کە سەلەفییەکان لەلایەن لەلایەن ئەمریکاوە پاڵپشتی دەکرێن.
د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد هەر ئەو کات داوای دیبەیتی لە د. عەلی قەرەداخی کرد. ئەمڕۆ سێشەممە، د. عەلی قەرەداخی لە راگەیێندراوێکدا چەند پەیامێکی بۆ سەلەفییەکان نارد.
لە وەڵامی ئەو راگەیێندراوەشدا، د. عەبدولـلەتیف ئەحمەد بە راگەیێندراوێک ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان رەتیدەکەنەوە کە دروستکراوی ئەمریکا بن و ئەو قسانەی د. عەلی قەرەداخی بە "تۆمەتێکی ترسناک" ناودەبات.
رێبەری رەوتی سەلەفییەکان ئاماژە بەوەش دەکات، مادام رازی نەبووە بە دیبەیت و دانیشتن لەگەڵی، "کەواتە ئیدی دژایەتیکردنی سەلەفییەکان و تۆمەت بۆ دروستکردنیان، بەسە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەیشیدا، د. عەبدولـلەتیف بە د. عەلی قەرەداخی دەڵێت: "لە جیاتی گەڕانەوەت بۆ ژیانە خۆشەکەت لە قەتەر، فەرموو بڕۆ بۆ غەززە فەتواکەت جێبەجێ بکە و دەست بکە بە جهادی ئیسرائیلییەکان لەنێو نەفەقی حەماسەکان."