د. عەلی قەرەداخی: هەندێک لەوانەی بانگەشەی سەلەفی دەکەن قسەکانی نەتانیاهوو دووبارە دەکەنەوە

06-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

د. عەلی قەرەداخی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان بە راگەیێندراوێک وەڵامی د. عەبدوللەتیف سەلەفی دایەوە، کە لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو داوای لێکرد دیبەیتی لەگەڵدا بکات و دەڵێت، "هەندێک لەوانەی بانگەشەی سەلەفی دەکەن، هێرش دەکەنە سەر موجاهیدە گیانفیداکان لە غەززە و شوێنەکانی دیکە و بە لادان لە بیروباوەڕ وەسفیان دەکەن و گوتەکانی زایۆنییەکان و نەتەنیاهوو دووبارە دەکەنەوە."
 
لە راگەیێندراوەکەی د. عەلی قەرەداغی، سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵماندا، کە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "دژی ئەو کەسەم بانگەشەی سەلەفییەت دەکات و لە رێبازە راستەقینەکەی دوورە، کە بریتییە لە دڵسۆزی بۆ باوەڕداران و دوورکەوتنەوە (بەرییبوون) لە زایۆنییە داگیرکەرەکان."
 
د. عەلی قەرەداخی بەبێ ئەوەی ناوی کەس بهێنێت، دەڵێت: "هیچ بەزەییەک لە دڵی ئەو کەسەدا نییە کە ئاهـ و ناڵەی دەیان هەزار ژن و منداڵ نایجوڵێنێت، ئەوانەی خوێنیان بە دەستی زایۆنی رژاوە، یان لە برسان و تینوێتان و نەخۆشیدا لەژێر گەمارۆدا مردوون."
 
سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان بڕوای وایە، "هەندێک لەوانەی بانگەشەی سەلەفییەت دەکەن، هێرش دەکەنە سەر موجاهیدە گیانفیداکان لە غەززە و شوێنەکانی دیکە و بە لادان لە بیروباوەڕ وەسفیان دەکەن و گوتەکانی زایۆنییەکان و نەتەنیاهوو دووبارە دەکەنەوە."
 
ئەم راگەیێندراوەی د. عەلی قەرەداغی لەکاتێکدایە، کە د. عەبدوللـەتیف ئەحمەد، رابەری سەلەفییەکان لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجی تۆڕی میدیایی رووداو داوای دیبەیتی لێکرد.
 
د. عەبدوللـەتیف لە بەرنامەکەدا باسی لە فەتواکەی سەرۆکی یەکێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان کرد، کە داوای جیهادی دژ بە ئیسرائیلی کردبوو، گوتی: "بۆچی کەس بەدەم فەتواکەی عەلی قەرەداغییەوە نەچوو، چونکە فەتواکە وردبینی تێدا نەکراوە... د. عەلی ناتوانێت کار بە فەتواکەی خۆیشی بکات، چونكە ئەو داوای جیهادی چەكداری كردووە تەنانەت ئیخوانیش بە قسەیان نەكرد".
 
دەقی راگەیێندراوەکەی د. عەلی قەرەداغی:
 
من لەگەڵ پێشینە چاکەکانم، لە هاوەڵان و ئەوانەی بە چاکە شوێنیان کەوتوون، من لەگەڵ سەلەفییەتی راستەقینەی میانڕەوم. بەڵام من دژی ئەو کەسەم بانگەشەی سەلەفییەت دەکات و لە رێبازە راستەقینەکەی دوورە، کە بریتییە لە دڵسۆزی بۆ باوەڕداران و دوورکەوتنەوە (بەریی بوون) لە زایۆنییە داگیرکەرەکان، ئەمەش جێبەجێکردنی فەرموودەی خوای گەورەیە:
 
﴿ئه‌ی ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕتان هێناوه، جوو و گاوره‌کان مه‌که‌نه دۆست و پشتیوانی خۆتان، ئه‌وانه هه‌ندێکیان دۆست و پشتیوانی هه‌ندێکی دیکه‌ن، هه‌رکه‌سێک له ئێوه بیانکاته دۆست و پشتیوانی خۆی، ئه‌وا بێگومان ئه‌ویش له‌وانه‌. به‌ڕاستی خوا ڕێنمایی گه‌لی سته‌مکاران ناکات.﴾ [سوورەتی مائیدە: 51]
 
گرنگترین شت کە ئێمە لەبارەی سەلەفییەتەوە دەیزانین بریتییە لە (وەلاء و بەراء) واتە دڵسۆزی بۆ موسڵمانان و دوورکەوتنەوە لە دوژمنان، نەک وەک ئەوەی هەندێک لەوانەی بانگەشەی بۆ دەکەن، کە هێرش دەکەنە سەر موجاهیدە گیانفیداکان لە غەززە و شوێنەکانی دیکە و بە لادان لە بیروباوەڕ وەسفیان دەکەن و گوتەکانی زایۆنییەکان و نەتەنیاهوو دووبارە دەکەنەوە، هەروەها موسڵمانان سارد دەکەنەوە لە یارمەتیدانی براکانیان، لە کاتێکدا جیهادەکەیان لە رووی شەرعەوە بریتییە لە "جیهادی بەرگری و بانگەوازی گشتی (نەفیر)"، ئەمەش فەرزە لەسەر هەمووان، هەرکەسە و بەپێی توانای خۆی.
 
جیهاد تەنیا لە چەکدا بچووک نەکراوەتەوە، بەڵکو هەموو هەوڵێک دەگرێتەوە کە دەدرێت بۆ پاڵنانی دوژمن و ئازادکردنی خاک، هەرکەس بەپێی توانای خۆی. بەڵکو هەموو شەریعەتە ئاسمانییەکان، یاسا نێودەوڵەتییەکان و دابونەریتە ئەخلاقییەکان رێگە بە بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەران دەدەن بە هەموو شێوازە لەبارەکان.
 
هیچ بەزەییەک لە دڵی ئەو کەسەدا نییە کە ئاهـ و ناڵەی دەیان هەزار ژن و منداڵ نایجوڵێنێت، ئەوانەی خوێنیان بە دەستی زایۆنی رژاوە، یان لە برسان و تینوێتان و نەخۆشیدا لەژێر گەمارۆدا مردوون.
 
کەواتە ئیسلامی ڕاستەقینە لە کوێی ئەو کەسەدایە کە بەزەیی بەمانەدا نایەتەوە؟ ئەمەیە راستییەکە و کرۆکی بابەتەکەیە.
د. عەلی قەرەداخی: هەندێک لەوانەی بانگەشەی سەلەفی دەکەن قسەکانی نەتانیاهوو دووبارە دەکەنەوە
 
بەڵام براکانم لە سەلەفییەتی راستەقینەی میانڕەو، ئەوان خاوەن شکۆ و سەربەرزین  و لەگەڵ ئەهلی حەقدان، هەروەها لەگەڵ ئازادکردنی خاکدان هەرچەندە باجەکەشی قورس بێت، زۆرێکیان لە زیندانەکاندان، ئەوان لە ئێمەن و ئێمەش لەوانین.
 
من لەگەڵ یەکێتیی ئیسلامیم و لەگەڵ یەکخستنی ریزی کۆمەڵە و بزووتنەوە ئیسلامییەکانم، هەموو توانای خۆم بۆ ئەوە دەخەمە گەڕ، بەڵام من لەگەڵ پووچەڵدا نیم ئەگەر ناوی راستییشی لێنرابێت، لەگەڵ ئەو رێگا چەوتە نیم کە دوژمنان دەیانەوێت لەژێر پەردەی "ئیبراهیمییەت" یان هەر ناوێکی دیکەدا بیسەپێنن، تەنانەت ئەگەر بەرگی سوننەت و ئیسلامیشیان کردبێتە بەری.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

   دیناری عێراقی جۆری 25 هەزاری.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی: لیستی مووچەی مانگی 12 رادەستی بەغدا کرا

لیستی مووچەی مانگی کانوونی یەکەمی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.