وەزارەتی پێشمەرگە: هاوکاریی هاوپەیمانان بۆ مانگی چوار دابەشدەکرێت
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، رۆژی پێنجشەممە هاوکاریی دارایی هاوپەیمانان بۆ مانگى چوار بەسەر ئەفسەر و پێشمەرگەکانی سەر بە دیوانی وەزارەت و یەکەكانى پیادەى وەزارەتى پێشمەرگە دابەشدەکرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 6ی ئایاری 2025، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "دوای ئەوەی هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە خرایە سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بوودجە و بەرنامەکان، رێکارە دارایی و ژمێریارییەکانی تەواوکردووە، بۆ ئەم مەبەستەش رۆژی پێنجشەممە 8ی ئاياری 2025 هاوکاری هاوپەیمانان بۆ مانگی چوار دابەشدەکرێت."
بەگوێرەی وەزارەتی پێشمەرگە، "ئێستا سەرووی 56 هەزار پێشمەرگە و ئەفسەرانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە لە رێگەی پرۆژەی هەژماری من هاوکاری هاوپەیمانان وەردەگرن."
وەکو پشتیوانییەک بۆ پێشمەرگە و یەکخستنەوەی یەکجاریی هێزەکانی پێشمەرگە، هاوپەیمانان مانگانە نزیکەی 25 ملیۆن دۆلار دەدەنە وەزارەتی پێشمەرگە.