لە رووداوێکی هاتووچۆ دا لە نزیک سەیدسادق سێ کەس گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆوە لە دوو سایدی نێوان سەیدسادق و هەڵەبجە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
کەمال سەعدوون، کارگێڕی ئێشگر لە نەخۆشخانەی گشتیی شەهید شەوکەت لە شارەزوور، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "منداڵێکی شەش ساڵان و دوو ژن کە تەمەنیان نزیکەی 40 ساڵە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستداوە".
رووداوەکە بەهۆی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلێکی پیکابەوە دروستبووە. بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، هۆکاری رووداوەکە لەدەستدانی کۆنترۆڵ بووە لەلایەن شۆفێرەکەوە.
کەمال سەعدوون گوتیشی، لە رووداوەکەدا دوو کەسی دیکە بریندار بوون، یەکێکیان بێهۆشە و تەندروستی ناجێگیرە.