رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کولتووری تورکیا بە هاوکاریی زانکۆی ئارتوکڵوو، کۆکراوەی دیپلۆماتی رووسی (ئەلێکساندەر ژابا)ی وەک 15 بەرگ چاپ کرد. ئەم ئەرشیڤ و کۆکراوەیەی ژابا پێش 170 ساڵ بە پیتەکانی ئارامی و لاتینیی کوردی نووسراوە و لە سانت پیتەرسبورگی رووسیا پارێزراوە.
حکومەتی تورکیا بە شێوەیەکی فەرمی ئەم کۆکراوە کوردییەی چاپ کرد. لەنێو ئەم کۆکراوەیەدا لە "مەم و زین"ی ئەحمەدی خانییەوە تاوەکو هۆنراوەکانی فەقێ تەیران، کولتووری کوردان تاوەکو چیرۆکە هەزاران ساڵەکانی باوباپیران جێگەیان گرتووە.
لەنێو ئەو کتێبانەی کە تازە چاپ کراون، بەرهەمەکانی ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری، فەقێ تەیران، مەلا مەحموودی بایەزیدی و چیرۆکە هەزاران ساڵەکانی باوباپیرانی کورد هەن.
کۆکراوەی دیپلۆماتی رووسی (ئەلێکساندەر ژابا) بە هاوکاریی زانکۆی ئارتوکڵوی مێردین، لەلایەن وەزارەتی کولتووری تورکیاوە چاپ کراوە.
پێش 170 ساڵ، ئەلێکساندەر ژابا لە کۆنسووڵخانەی ئەرزەڕووم وەک فەرمانبەرێکی رووسی کاری دەکرد. ئەو کاتە ئەو دیپلۆماتە رووسییە مەلا مەحموودی بایەزیدی دەناسێت. مەلا مەحموود دەیڵێت و ئەویش دەینووسێتەوە. لەو رۆژەوە تاوەکو ئێستا داستان، هۆنراوە و چیرۆکە هەرە ناودارەکانی کوردی لەم کۆکراوەیەدا لە سانت پیتەرسبورگی رووسیا پارێزران. ئیدی ئەم کۆکراوەیە بەم چاپە یەک لەدوای یەکە، بووە بناخەیەکی سەرەکیی وێژەی کوردی.
ئیبراهیم تاردووش، سەرۆکی بەشی کوردیی زانکۆی ئارتوکڵو دەڵێت، "بۆ نەوەی نوێش، خوێنەران، قوتابییان و لێکۆڵەران، بەڕاستی کاتێک ئەم کۆکراوەیەیان دەست بکەوێت، هەست بە سەردەمی پێش 170 ساڵی کورد دەکەن، چونکە هەم هۆنراوەکانمان، هەم چیرۆکەکانمان و هەم کولتوورمانی تێدایە. لە لایەکی دیکەشەوە کاتێک لێی دەڕوانیت، رەنگە یەکەمین ئیتنۆگرافیای کورد بێت کە مەلا مەحموودی بایەزیدی لەسەر کولتوور نووسیویەتی. کارێکی ئەنترۆپۆلۆژییە. کاتێک سەیری دەکەین 13 کارن، بەڵام 69 نوسخەن. ئێمەش وەک 15 بەرگ چاپمان کرد."
بە بڕوای بەڕێوەبەرانی زانکۆی ئارتوکڵو، کۆنبوون و رەسەنایەتیی ئەم دەستنووسانەی پێش 170 ساڵ لە لایەک، یەکێک لەو شتانەی زۆر گرنگە ئەوەیە کە یەکەمجارە ئەم هەموو بەرهەمە پێکەوە بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە چاپ دەکرێن.
پڕۆفیسۆر دکتۆر ئەحمەد کڕکان، سەرۆکی ئینستیتوتی کوردیی زانکۆی ئارتوکڵو دەڵێت، "بە بڕوای من دوو خاڵ گرنگن. حکومەت لە رێگەی وەزارەتەکەیەوە ئەو کارەی گرتووەتە ئەستۆ. دووەمیش، ئەو بەربەستە دەروونییەی سەر زمانی کوردی شکێندراوە."
سەرۆکایەتیی زانکۆی ئارتوکڵو بە پەرۆشی و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە هاتە بەردەم رۆژنامەڤانان و کۆکراوەی ئەلێکساندەر ژابای ناساند. یەکێک لە گرنگییەکانی ئەم کۆکراوەیە ئەوەیە کە مەلا مەحموودی بایەزیدی بە پیتەکانی ئارامی نووسیویەتی و ئەلێکساندەر ژاباش کردوویەتییە لاتینی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ