دوو منداڵ دەبنە قوربانیی نەخۆشییەكەی باوكیان

06-06-2018
سروە ئەحمەد
نیشانەکردن منداڵ
A+ A-

رووداو – دەربەندیخان

تەحسین، تەمەن 41 ساڵ، چەند ساڵێكە بەدەست نەخۆشیی دەروونییەوە دەناڵێنێ‌، هەر ئەمەش بووە هۆی ئەوەی هاوژینەكەی لێی جیاببێتەوە. ئێستا بەهۆی نەخۆشیی باوكیانەوە، مەترسی لەسەر ژیانی دوو منداڵی ئەو پیاوە هەیە.

تەحسین حوسێن دانیشتووی قەزای دەربەندیخانە، ساڵی 2006 لەگەڵ خەدیجە، تەمەن 26 ساڵ، بوونەتە هاوژین، ئێستا خاوەنی دوو منداڵن بەناوەكانی هەستیار، تەمەن هەشت ساڵ و زانیار، تەمەن حەوت ساڵ. ئەوان تەمەنیان سێ‌ و چوار ساڵان بووە كە دایك و باوكیان لە یەكدی جیابوونەتەوە.

تەحسین، تەنیا سێ‌ ساڵی لەگەڵ هاوژینەكەی بەخۆشی بەسەر برد، دواتر بەهۆی ئەوەی تووشی نەخۆشیی دەروونی بوو، ژیانیان بە تەواوی گۆڕا، خەدیجە ئامادە نەبوو بەدیار مێردە نەخۆشەكەیەوە دابنیشێ‌ و لێی جیابووەوە، پاشان شووی كردەوە. هەستیار و زانیاریش ناچاربوون بچنە لای باپیریان.



بە گوتەی پسپۆڕێكی دەروونی، تەحسین تووشی نەخۆشیی دواكەوتنی هۆش بووە، رێژەی تووشبوونەكەشی 75% زیاترە، بۆیە بە هیچ جۆرێك رێگەپێدراو نییە دوو منداڵ لەو تەمەنەدا لەگەڵ كەسێكی وەها نەخۆش بژین.

دكتۆر ئاریان عادل، پسپۆڕی دەروونی بە (رووداو)ی گوت: "تەحسین نەخۆشیی دەروونی هەیە و پێویستە منداڵەكانی لێ جیابكرێنەوە و ئەویش بخرێتە ژێر چاودێریی پزیشك".

دوو ساڵ لەمەوبەر حوسێنی باوكی تەحسین مرد، بۆیە هەستیار و زانیار ناچاربوون دووبارە بگەڕێنە لای باوكیان. تەحسین سەرباری نەخۆشییەكەی، لە كۆمپانیایەكی پاككردنەوە كار دەكات. هەستیار و زانیار ناچنە قوتابخانە و رۆژانە لەگەڵ باوكیان دەچنە سەر كار و خەریكی پاككردنەوەی شەقامەكانی دەربەندیخانن.



عەلی حەمەنوری، دانیشتووی قەزای دەربەندیخان كە ئاگاداری ژیانی تەحسین و منداڵەكانیەتی، بە (رووداو)ی گوت: "راستە تەحسین نەخۆشیی دەروونی هەیە، بەڵام هیچ زیانی بۆ منداڵەكانی و خەڵكیش نییە، رۆژانە كاری خۆی دەكات و شەوانیش لەگەڵ منداڵەكانی لە كەلاوەیەك دەژین".

بارزان محەممەد، بەرپرسی چاودێریی كۆمەڵایەتی لە دەربەندیخان، لەبارەی ژیانی تەحسینەوە بە (رووداو)ی گوت: "تەحسین نەخۆشە و منداڵەكانیشی مەترسییان لەسەرە، ئەو منداڵانە دوورن لە ژیانی  پەروەردەیی و تەندروستی".

كێشەی هەستیار و زانیار تەنیا ئەوە نییە كە ناخوێنن و ژیانێكی تەندروستیان نییە، بەڵكو ئەوان لەگەڵ كەسێك دەژین كە مەترسییە لەسەر ژیانیان، چونكە ئەو كەسە نەخۆشیی دەروونی هەیە. بارزان محەممەد دەڵێت "دەبێت ئەگەری كوشتنی ئەو منداڵانە لەلایەن باوكیانەوە لە هەر دەرفەتێكدا لەبەرچاو بگیرێ".



مانگانەی تەحسین تەنیا 400 هەزار دینارە و رۆژانە لە بەیانی تاوەكو ئێوارە سەرقاڵی پاككردنەوەی شەقامەكانی شارە، هەردوو منداڵەكەشی لەگەڵن، تاوەكو ئێستا تەحسین كێشەی نەبووە لەگەڵ منداڵەكانی، بەڵكو بەسۆزیشە، بەڵام چاودێری كۆمەڵایەتی قەزاكە پێیوایە ژیانی ئەو منداڵانە لە مەترسیدایە، بۆیە ئەوان كەیسەكەیان پێشكەش بە دادگای نەوجەوانانی گەرمیان كردووە بۆ ئەوەی   ژیانێكی باشتر بۆ ئەو منداڵانە دابین بكرێت و بخرێنە خانەی نەوجەوانانەوە، بەڵام تاوەكو ئێستا دادگا  بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەسەر ئەو كەیسە نەداوە.

تەحسین تەنیا یەك برای هەیە، ئەویش دەڵێت ئەگەر ئەو دوو منداڵە بباتەوە لای خۆی دوور نییە لەگەڵ هاوژینەكەی تووشی كێشە ببێ‌. 

دڵشاد عیسا، بەرپرسی دادگای نەوجەوانانی گەرمیان بە (رووداو)ی گوت: تەحسین برایەكی هەیە، بانگمان كردووە بۆ ئەوەی منداڵەكان لەخۆبگرێت، بەڵام ئەو پێیگوتین كە ناتوانێت لەخۆیان بگرێت، چونكە هاوژینەی ماڵی بۆ بەجێدەهێڵێت ئەگەر كاری وا بكات، بۆیە ئامادە نییە ژیانی خۆی لە پێناوی برازاكانی تێكبدات". 



هەروەها گوتی: "هەرچەندە دایكی منداڵەكان شووی كردووەتەوە، بەڵام ئاگادارمان كردووەتەوە كە سەردانمان بكات، بۆ ئەوەی بزانین ئایا دەتوانێ‌ منداڵەكان بەخێو بكات یان نا".

ئەگەر دایكیان منداڵەكان لە ئەستۆ نەگرێ، چارەنووسی ئەو منداڵانە چی دەبێ؟ دڵشاد عیسا دەڵێت "ئەوكات دەیانبەین بۆ خانەی نەوجەوانان لە سلێمانی".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە