نێچیرڤان بارزانی: دەبێت هاووڵاتیان لە سیستەم و رۆتینی بێمانا رزگاریان ببێت

06-06-2018
گۆڤەند مستەفا
 تەواوی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی بەخشینی بڕوانامەی ئایزۆ  بە وەزارەتی ناوخۆ
تەواوی گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە رێوڕەسمی بەخشینی بڕوانامەی ئایزۆ بە وەزارەتی ناوخۆ
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-

رووداو - هەولێر

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێ، لە هەوڵدان نوێترین تەکنەلۆژیا بۆ فەرمانگەکانی حکومەت دابین بکەن، بۆئەوەی هاووڵاتیان لە سیستەم و رۆتینی بێمانای ئێستای فەرمانگەکان رزگاریان ببێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، رۆژی چوارشەممە 6ی حوزەیرانی 2018، لە رێوڕەسمی بەخشینی بڕوانامەی ئایزۆ  بە وەزارەتی ناوخۆ، گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: "حکومەت دەیەوێت سیستەمێکی پێشکەوتوو لە بەڕێوەبەرایەتییەکان پەیڕەوبکات، بە جۆرێک هاووڵاتیان بێزار و ماندوو نەکات و رۆتین نەمێنێت".

سەرۆکوەزیران هەروەها گوتی: "لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی دامەزراوە و فەرمانگەکان و نوێترین تەکنەلۆژیا بۆ فەرمانگەکانی حکومەت دابین دەکەین، پێویستە لەمپەرەکانی بەردەم کاری هاووڵاتیان لە فەرمانگەکانی حکومەت لاببرێن و، دەبێ هاووڵاتیان لە سیستەمی کۆن و رۆتینی فەرمانگەکان رزگاریان بێت، ئیرادەیەکی جددیشمان بۆ ئەو چاکسازییە هەیە".

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: " زۆر باش هەستدەکەین کە هاووڵاتیان بەسەختی مامەڵەکانیان لە فەرمانگەکان دەکەن و دەبێت بۆ مامەڵەیەکی زۆر بچووک، دەیان ژوور بکەن، بۆیە دەبێت هاووڵاتیان لەو سیستەم و رۆتینە بێمانایە رزگاریان ببێت".

بەشێک لە گوتارەکەی نێچیرڤان بارزانی

بەخێربێن بۆ رێوڕەسمی بەخشینی بڕوانامەی نێودەوڵەتی ئایزۆ بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕوانامەیە دەبەخشرێتە ئەو لایەن و رێکخراوە حکومی و ناحکومیانەی کە بەپێی ستانداردێکی جیهانی سیستەمی بەڕێوەبردنی جۆری کارەکانیان بەڕێوەدەبەن، لەو سیستەمە هاووڵاتی سوودمەندی یەکەمە و هەموو کار و مامەڵەی فەرمانگەکان بەشێوەیەکی ئاسانتر و بە ماوەیەکی کەمتر و بە کوالێتییەکی باشتر ئەنجامدەدرێن.

بەخشینی ئەو بڕوانامەیە بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان مایەی خۆشحاڵییە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و بۆ هەموو لایەکمان، ئەو راستییە دەردەخات کە وێڕای هەموو قەیران و سەختییەکان حکومەت ئیرادەیەکی جددی هەیە بۆ چاکسازی، بەردەوامیش دەبێت و بە هەموو شێوەیەک سوورە لەسەر چاکسازی کارگێڕی و، سیستەمی بەڕێوەبردن بەرەو قۆناخێکی باشتر و پێشکەشکردنی باشتر و ئاسانکاری و خزمەتگوزاری باشتر دەبات بە کوالێتییەکی بەرزتر و تێچووی کەمتر.

دەمەوێت لەو بۆنەیەدا پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ بکەم، کە پێشتر بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەو سیستەمەی لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک جێبەجێکرد و ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بڕوانامەی ئایزۆی بەدەستهێناوە، ئێستاش هەمان هەنگاوی سەرکەوتووی لە دیوانی وەزارەت دووبارەکردووەتەوە، ئەمڕۆ بڕوانامەکە بەدەستدەهێنن، هەروەها چاوەڕواندەکرێت لە هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر و سلێمانیش لە داهاتووێکی نزیکدا ئەو سیستەمە جێبەجێبکرێت و بکەوێتە کارکردن.

ئەم سەرکەوتنە لە دامودەزگاکانی وەزارەتی ناوخۆ کە نموونەیەکی زۆر باش و پەیڕەوکراوە، دەبێتە رێخۆشکەر و هاندەرێکی گەورە بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو هەمان شت، هەمان سیستەم لە هەموو دامودەزاگا و دامەزراوە حکومی و ناحکومییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت.

حکومەت لە هەوڵی بەردەوامدایە کە ژێرخانێکی ئەلیکترۆنی پێشکەوتوو و تۆکمە دابمەزرێنێت و نوێترین تەکنۆلۆجیا بخاتە خزمەتی راپەڕاندنی ئاسانتر و باشترکردنی کارەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر بۆ هاووڵاتیان.

بەڕێزان...

نەهێشتنی رۆتین و بەڕێوەچوونێکی ئاسان و سادە و بێگرفتی کارەکان و راییکردنی مامەڵەکان بە کات و تێچوویەکی کەم و بە کوالێتییەکی بەرزتر بۆ هەموو هاووڵاتیان لە هەرکوێیەکی کوردستان بن، ئامانجی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتەکان دەبێت، دەمانەوێت لە هەر یەکەیەکی کارگێڕی لە سەر سنوورەوە تا دەگاتە ناوەندی شار و پارێزگاکان و لە هەموو وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کورستان، کار و مامەڵەکان بەشێوەیەک بەڕێوەبچن زۆر بە جددی کاریان بۆ بکرێت، بۆئەوەی ئەو ئامانجە بەدیبهێنن کە خزمەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئێمە ئیرادەیەکی جددیمان هەیە بۆ ئەو چاکسازییانە، بەتایبەتی لە سیستەمی کارگێڕیدا، دەستپێکردنی یەکەمجاری ئەو پڕۆژەیە لە دەستەی گەشتوگوزار لە ساڵی 2014، ئینجا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک لە ساڵی 2015، کاتێک هەرێمی کوردستان لە ناوجەرگەی شەڕێکی قورس دابوو دژی داعش و هەروەها قەیرانی سەختی دارایی، نموونە و بەڵگەی زیندووی ئیرادەی جددی حکومەتن بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی مۆدێرنی پێشکەوتووی خزمەتگوزاری، کە مایەی رەزامەندی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بێت.

سیستەمێک پەیڕەوبکرێت کە هاووڵاتیان بێزار و ماندوو نەکات و هەموو کار و مامەڵەکان بەشێوەیەک بەڕێوەبچن کەمترین کات و تێچوو، هەروەها کەمترین بەدواداچوونی تێدا بێت، ئەمە گرنگترین بابەتە کە دەبێت هەموو فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەموو وەزارەتەکان زۆر بە جددی لەسەر ئەم بابەتە رابووەستن.

یەکەمجار دەبێت هاووڵاتیان و رەزامەندی هاووڵاتیان بەلای ئێمەوە گرنگ بێت، هاووڵاتی کاتێک سەردانی فەرمانگەکانی حکومەت دەکات، دەبێت هەموو کارەکانی بەبێ گرفت بۆ جێبەجێبکرێن و، بەشێوەیەکی رێکوپێک و زۆر بە رووخۆشییەوە رەفتاری لەگەڵ بکرێت، دەبێت هەستبکات لە شوێنێکە ئەو شوێنە بە هی خۆی بزانێت، دەبێت بە رووێکی خۆشەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکرێت و کولتوورێکی بەرزی مامەڵەکردن لە فەرمانبەرەوە ببینێت، بەتایبەتی لە دەروازە نێودەوڵەتییەکان، چ لە فڕۆکەخانەکان و دەروازەکانی دیکە، کە ئەمە یەکەمجار زۆر گرنگە، ئەفسەرەکان ئەوە بە جددی وەربگرن و بە رووێکی خۆشەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو خەڵکەدا بکەن کە دێنە هەرێمی کوردستان.

ئێمە زۆر بەباشی هەست بە سەختی و ئاڵۆزی بەڕێوەچوونی مامەڵەی هاووڵاتیان دەکەین، دەزانین چەند ماندوو دەبن و دەبێت چەند ژوور و فەرمانگەیەک بکەن تاوەکو مامەڵەیەک بەڕێوەدەچێت، هەندێکجار بۆ مامەڵەیەکی زۆر بچووک دەبێت دەیان ژوور بکات، دواجاریش دیارنییە کە ئیشەکەیان بۆ دەکرێت یان نا، ئێمە دەبێت لەو سیستەمە رزگارمان ببێت لەو وڵاتەدا، ناکرێت هاووڵاتیانی ئێمە ئێستاش ئەوەندە بەدەست ئەو رۆتینە بێمانایەی بناڵێنن کە لە وڵات و سیستەمی کارگێڕی ئێمەدا هەیە. دەبێت ئێمە هەوڵبدەین چاکسازی جددی لەو سیستەمە ئەنجامبدەین، دەبێت چەند کاغەز و فایل و بەڵگەنامە بهێنن و بیبەن تاوەکو کارێکیان بۆ دەکرێت، دەبێت هەوڵی جددی بدرێت هەموو ئەمانە نەمێنن و بە باشترین شێوە مامەڵەکانیان بۆ ئەنجامبدرێن.

ئێمە دەزانین کە رۆتین و ئاڵۆزی بەڕێوەچوونی کار و مامەڵەکان هەمووشی هەر پەیوەندی بە سیستەمی کارگێڕی و هەڵسوکەوت و مامەڵەی فەرمانبەران و فەرمانگەکانەوە نییە، هەندێکجار یاسا و رێنماییەکان هاوکاری رۆتینن، ئەوەش دەبێت چارەسەربکرێت و حکومەت کاردەکات بۆ ئەوەی بە یاسا و رێنماییەکان کار و ئەرکی دامودەزگاکان و دامەزراوە حکومییەکان و راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان پێچەوانە بێت، لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان کاردەکەین بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە یاساو رێنماییەکان بکات، پێشکەوتنی تەکنۆلۆجی و ئەلیکترۆنی بخەنە خزمەت جێبەجێکردنی یاساکان و پەیڕەوکردنی رێنماییەکان.

تەکنۆلۆجیا بۆ خزمەتی مرۆڤ و ئاسانکاری بۆ بەڕێوەچوونی کارەکانیان بێت، بەکارهێنانی تەکنۆلۆجیا لە جیهانی کارگێڕیدا یارمەتیدەر و هاوکاری باشە بە کوالێتییەکی بەرزەوە، بە کەمترین کات و تێچوو کە پێویستە ئەنجامبدرێت، حکومەتی هەرێم لەسەر پڕۆژەی حکومەتی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و ئامانجی ئەوەیە وەک سیستەمی کارگێڕی وڵاتانی جیهانی پێشکەوتوو تا دەکرێت زۆربەی مامەڵە و کاری هاووڵاتیان بەشێوەیەکی ئۆنلاین هەر لە ماڵەوە لەسەر لاپتۆپێک ئەنجامبدرێت و پێویستناکات هاووڵاتییان بەو هەموو فەرمانگە و بەو هەموو کاغەز و فایل و بەڵگەنامانەوە سەرقاڵ بن.

حکومەتی ئەلیکترۆنی دەبێت خاوەنی ژێرخانێکی ئەلیکترۆنی تۆکمە بێت تاوەکو بتوانێت بڕاو و متمانەی دامەزراوەیەکی وەک رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ پێوانەی ئایزۆ بەدەستبهێنێت و ببێتە مایەی رەزامەندی و خۆشحاڵی هاووڵاتیانیش، کاتێک کار و مامەڵەکان بە ئاسانی و بێ رۆتین بەڕێوەدەچن وەک ئەوەی ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی دهۆک هەیە، کە هاووڵاتی لە چەند خولەکێکدا دەتوانێت ساڵیانە و بەڵگەنامەکانی دیکەی پێویست بە شۆفێری و لێخوڕینەوە دەربهێنێت و ناچار نەبێت بە چەند رۆژێک خەریکی ئەو کارە بێت، ئەمە جێی خۆشحاڵییە.

حکومەتی هەرێم کاردەکات و بەردەوام لە هەوڵدا دەبێت بۆ ئەوەی کاری هەموو دامودەزگان بگەیێنێتە ئەو ئاستەی کە ئیشائەڵڵا هەموو فەرمانگەکان ئەو بڕوانامەیە بەدەستیبهێنن، ئەم هەوڵە بەشێکە لەو چاکسازییە هەمەلایەنانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و لە هەموو بوارەکاندا کاری بۆ دەکات، وەک چۆن پێشتر لە بواری وزەدا کۆمپانیای دیلۆتمان هێنایە کوردستان و لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی دەستمان بە چاکسازی لە بواری کارگێڕی و کاری بانکیدا کردووە، بەهەمانشێوە لە هەموو بواەکاندا بەردەوامدەبین.

ئەوەی کە گرنگە ئێمە هەموومان بزانین ئەوەیە، ئێمە ئەمڕۆ لە قۆناخێکی تەواو نوێداین، دوای ساڵی 2014ی شەڕی داعشەوە، قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە، ئەلحەمدولیلا بە خۆڕاگری هێزی پێشمەرگەی کوردستان و ماندوبوون و شەونخوونی هەموویان، ئێمە توانیمان داعش تێکبشکێنین، ئەمڕۆ لە کوردستان قۆناخێکی نوێ دەستیپێکردووە، هەموو هەوڵێکی ئێمە بۆ ئەوە دەبێت کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا چاکبکەینەوە و لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا بگەین بەو مافانەی کە گەلی کوردستان تێکۆشان و خەباتی بۆی کردووە، لە هەمووی گرنگتر ئەو قۆناخەی ئێستا ئەوە دەخوازێت کە ئێمە چاکسازی جددی ئیداری و کارگێڕی لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدەین.

من زۆرجار ئەو قسەیەم کردووە، کە کوردستان خاوەنی سەرمایەیەکی یەکجار زۆری مرۆییە، خاوەنی سەرمایەیەکی ژێر خاکی زۆر گەورەشە لە هەموو رووێکەوە، نەوت و غاز و ئاو، ئێمە ئیمکانیاتمان دەبێت رۆژێک شەقامی گەورە و باڵەخانەی بەرز دروستبکەین، بەڵام لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە ژێرخانێکی ئیداری رێکوپێک دروست ببێت لەو وڵاتە، ژێرخانێکی کارگێڕی رێکوپێک لەو وڵاتە دروست ببێت، باڵەخانەکان دێن و دەڕۆن کێشە نییە دەتوانین بیانکەین، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەگەر ئەو ژێرخانەمان نەبێت هیچ سوودێکی نییە، ئەوەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان و بەپێی ئەزموونی خۆم، ئێمە لەوەدا زۆر بەداخەوە لە دواوەین، ئەم ژێرخانە پێویستە دروست ببێت.

ئەوەی ئەمڕۆ ئێمە لەو رێوڕەسمە بەشدارین، رەنگە خەڵکێک بە بچووک سەیریان بکات، بەڵام ئەمە کارێکی گەورەیە، ئەمە ئەو چاکسازیانەیە کە من بەردەوام تەئکیدیم لەسەری کردووەتەوە، لێرەوەش رایدەگەیێنم کە من پشتگیری هەموو هەنگاوێکم کە بۆ چاکسازی لە هەموو وەزارەتەکان و دەزگاکانی حکومەت دەنرێن، بە بۆچوونی من ئەوە گرنگترە لەوەی تەنانەت سبەی ئێوە شتی دیکەشتان پێبکرێت سەرنج بخەنە سەر ئەو مەجالە، سەرنج بخەنە سەر چاکسازی کارگێڕی و ئیداری ناوخۆی وەزارەت و دەزگاکانی حکومەت، ئەگەر ئەمەمان باشبوو شتەکانی دیکە خۆی دێت، پارەمان دەبێت و پڕۆژەشمان دەبێتەوە، وڵاتیش ئینشائەڵڵا زۆر باشتر لە جاران دەبووژێتەوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەوەیە ئێمە هەر لە ئێستاوە بەجددی بەرەنگاری گەندەڵی ببینەوە، شەفافییەت لە دامودەزگاکانمان زیادبکەین، هەوڵبدەین ئیشی هاووڵاتیان بە ئاسانی بڕوات، ئەو فەوزایەی کە زۆرجار لە دەوائیری حکومەت هەیە بۆ راپەڕاندنی ئیشێکی بچووک، ئەمانە نەهێڵین، هەر وەزارەتێک  و فەرمانەگەیەک لە شوێنی خۆی ئەمە بکات، بە پێکەوە کارکردن لەو بوارەدا دەتوانین سەرکەوتنی باش بەدەستبهێنین، لە شتی بچووکەوە تا دەگاتە پڕۆژەی گەورە.

دەستخۆشی لەو رێکخراوە دەکەم کە ئەمڕۆ ئەم کارەیان ئەنجامداوە، بەڕاستی سوپاسیان دەکەم، دەستخۆشی لە جەنابی وەزیری ناوخۆ و ستافی وەزارەت دەکەم، ئەوانەی کە هەموویان پێکەوە ئەمڕۆ کاریانکرد وەکو تیم پێکەوە بۆ ئەوەی ئەو سەرکەوتنە بەدەستبهێنن، ئەگەر فێرببن پێکەوە کاربکەن وەکو تیم، ئەگەر فێرببن هەر کەسێک نەڵێت ئەو سەرکەوتنە تەنیا بۆ تاکە کەسێک هەژماربکرێت و وەکو تیم پێکەوە کاربکەن، دەتوانین زۆر شت بەدەستبهێنین، بەڵام هەندێکجار کە پێکەوە کارناکەن، بە داوای لێبووردنەوە زۆر ئەنانییەت لە ئیشەکان بەکاردێت، ئەوە کێشە دروستدەکات، بەڵام ئەگەر وەکو تیم پێکەوە کاربکەن، زۆرباش سەرکەوتن بەدەستدەهێنن، من هیوادارم ئەوە پەیڕەو بکەن و ببێتە بەرنامەی کارتان، وەکو تیمێکی فوتبۆڵ وایە، ئەگەر پاس بە یەکدی نەدەن گۆڵەکە ناکرێت، هەرچەند کەسەکان زیرەکیش بن، ئەگەر بە یەک تیم نەبێت ئەو گۆڵە ناکرێت، هیوادارم ئەو پاسە بە یەکدی بدەن و مۆفەق و سەرکەوتوو بن.

 

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە