ئەو بەڕێوەبەرەی هەردوو چاکسازیی هەولێر و دهۆکی بەڕێوەدەبرد بە کاتی لە کارەکەی دووردەخرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

ئامادەکردن: ناسر عەلی و نازەنین گۆران 

بە بڕیاری وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی دهۆک، کە لە هەمانکاتدا هەڵسووڕێنەری کاروباری چاکسازیی گەورانی هەولێر بوو، بەشێوەیەکی کاتی لە کارەکەی دوورخرایەوە، وەزارەتی ناوخۆش داوای لە وەزارەتی کار کردووە کەسێک بە وەکالەت لە شوێنەکەی دابنێن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو عەمید محەممەد حەسەن، بەڕێوەبەری چاکسازی گەوەرانی دهۆک و بەڕێوەبەری چاکسازیی گەوەرانی هەولێر لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بڕیاری دوورخستنەوەی دراوە.
 
رووداو زانیویەتی، وەزارەتی ناوخۆ بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتووە، کەسێکی دیکە لە شوێنی ئەو لە دهۆک دابنێن، "ئەو لە ماڵەوەیە چەند رۆژێک کارێکمان پێیەتی کە تەواو بوو دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەشار دێوالى بەرپرسى بەشى یاسایى لە چاکسازیی گەورانى دهۆک بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانى چاکسازیی دهۆک دەستیشانکراوە، عەبدولسەلام جەمال بەڕێوەبەرى قوتابخانەی ناو چاکسازیی گەورانى هەولێر بۆ بەڕێوەبردنى ئەرکەکانى چاکسازیى هەولێر دەستنیشان کراوە.
 
سەبارەت بە هۆکاری لێپرسینەوە لە بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی دهۆک، کە لە هەمانکاتدا بەڕێوەبەری چاکسازیی گەورانی هەولێر بوو بە وەکالەت، وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی، "نازانێت لەسەر چی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت."
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئێستا لە چاکسازیی دهۆک کەسێک بە وەکالەت و لە هەولێریش بە هەمانشێوە کەسێک بە وەکالەت کاروبارەکانی چاکسازییەکان بەڕێوەدەبەن.
 
عەمید محەممەد حەسەن، بەڕێوەبەری چاکسازیی گەوەرانی دهۆک بوو. رۆژی 20-02-2024 لە شوێنی هیممەت حاجی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پێشووی چاکسازیی گەورانی هەولێر بە وەکالەت دەستبەکاربوو. 
 
سەرچاوەیەکى ئاگادار لە وەزارەتى کار و کاروبارى کۆمەڵایەتى بە رووداوی راگەیاند، لەسەر سكاڵای کەسێک، دوێنى نیوەڕۆ بەڕێوەبەرى چاکسازیى گەورانى دهۆک کە لە هەمان کاتدا سێ مانگ هەڵسووڕێنەری چاکسازیی گەورانى هەولێریش بوو، دەستبەسەر کرا. 
 
هەمان سەرچاوە کە نەویست ناوى ئاشکرا بکات، زانیاریى زیاترى لەسەر ئەو کێشەیە ئاشکراکرد: "هەر دوێنى دوای چەند کاژێرێک بەڕێوەبەرى چاکسازیی دهۆک ئازادکراوە، لێکۆڵینەوە لەگەڵی بەردەوامە، دوای تەواوبوونى لێکۆڵنەوە، ئەگەر هیچ تۆمەتێکی بەسەریدا ساخ نەبووەوە، ئەوا دووبارە دەگەڕێتەوە سەر کارى خۆی وەکو بەڕێوەبەرى چاکسازیی دهۆک و هەڵسووڕێنەری چاکسازیی هەولێر." 
 
بەڕێوەبەرى چاکسازیى گەوران لە دهۆک زیاتر لە حەوت ساڵە لەو پۆستەدایە. 
 
لە هەرێمی کوردستان سێ چاکسازیی گەوران لە شارەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک هەن؛ هاوکات سێ چاکسازیی ژنان و منداڵان لە هەر سێ شارەکەدا هەن.