ئیسلامییەکان دەیانەوێت سەرچاوەی یاسادانان ئایینی ئیسلام بێت

07-07-2015
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
رووداو
رووداو
نیشانەکردن دەستوور
A+ A-

رووداو - هەولێر 

ئایینی ئیسلام ئێستا بوەتە گرێکوێرە لەبەردەم لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور، چونکە ئیسلامییەکان و بەرامبەرەکانیان دوو بۆچونی تەواو دژ بە یەک و پێچەوانەیان هەیە. 


ئیسلامییەکان دەیانەوێ ئیسلام سەرچاوەی سەرەکی یاسا دانان بێت و هیچ یاساو بڕیارێکیش لە کوردستان دەرنەکرێت پێچەوانە بێت لەگەڵ بنەماکانی ئیسلام .

بەپێی زانیاریەکانی رووداو ئیسلامیەکان لە لیژنەی نوسینەوەی دەستور هەڕەشەی جوڵاندنی شەقامیان کردووە ئەگەر کەمتر لەوەی ئەوان دەیانەوێ لەدەستوردا جێگیر بکرێت.

دانا دارا ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان دەڵێت:" باوەڕمان وایە ئەوەی کە شایەنی هێز و پێگەی ئایینی پیرۆزی ئیسلامە بریتییە لەوەی بیکەینە سەرچاوەی سەرەکی یاسادانان لەگەڵ سەرچاوەکانی دیکە، هەروەها هیچ یاسایەک لەهەرێمی کوردستان دەرنەچوێندرێ کە پێچەوانە بێت لەگەڵ نەگۆڕەکان، بە نیسبەت ئێمەوە پێگەیەکی شایستە بۆ ئایینی پیرۆزی ئیسلام هێڵێکی سوورە".

ناکۆکییەکانی ئەندامانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور لەسەر پێگەی ئایینی ئیسلام لە دەستووردا، پەڕیوەتەوە بۆ دەرەوەی لیژنەکە، یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام پاڵپشتی ئیسلامییەکان دەکەن و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و سیکۆلاریستەکانیش پاڵپشتی ئەوانی دیکە دەکەن.

ئەندامێکی لیژنەی ئامادەکردنی دەستور دەڵێت:" ئەوەی ئیسلامییەکان داوای دەکەن دەوڵەتێکی ئیسلامی لە کوردستان دروست دەکات".

عەبدولحەکیم خەسرۆ ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور دەڵێت:" دەبێ رێز لە ئایینی ئیسلام بگیرێت وەک ناسنامەی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، هەروەها یەکێک لەسەرچاوە سەرەکییەکانی یاسادانان بێت، بەڵام کاتێک کە زیاتر لەم بابەتە باسی ئایین و پێگەی ئایین دەکەی لە دەستووردا بەتایبەت شەریعەت، تۆ بەرەو دەوڵەتێکی ئیسلامی دەڕۆیت و تەنانەت دەتوانین بڵێین بەشێوەیەک لە شێوەکان سیستەمی عەلمانی و مەدەنی خۆی لەدەستدەدات".

لە30 کۆبونەوەدا لیژنەی ئامادەکردنی دەستور 27 ماددەی پەسەند کردووە، بەڵام مادەی 11-ەیان بە بەتاڵی بە جێهێشتووە ، کە باس لە پێگەی ئایینی ئیسلام دەکات لە دەستووردا، ئەگەر لە رەمەزاندا یەکلا نەکرێتەوە کە ئیسلامییەکان ئومێدیان لەسەر دڵنەرم بوونی بەرامبەرەکانیان ‌هەڵچنیوە لەم مانگەدا، رەنگە دوای بخەن تا تەواوی ماددەکانی دەستوور تەواو دەکەن.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە