لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق: ئەمساڵ دوو لیوا هاوبەشەکە دەستبەکار دەبن
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەستدەکرێت بە رێوشوێنەکانی دەستبەکاربوونی دوو لیوا هاوبەشەکەی هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. دەشڵێت، "هەموو کارەکانیان تەواو بووە و ئەمساڵ هەردوو لیواکە [دەستبەکار دەبن و] بڵاودەکرێنەوە."
رۆژی چوارشەممە 05-07-2023 سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی وادەی دەستبەکاربوونی هێزەکانی ئەو دوو لیوا هاوبەشەی بڕیاربوو دوای پەسندکردنی بودجەی عێراق دەستبەکار بن، بە رووداوی گوت، "ئێستا وەزارەتەکان دەستیان بە دامەزراندنی ئەو کەسانە کردووە، کە لەنێو یاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2023 جێگیر کراون، بەتایبەت وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری، بۆیە ماوەی جارێک بەشێکیان لێ بانگ دەکرێن."
جێگری سەرۆکی لیژنەکەی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "بەپێی زانیارییەکانی ئێمە لە ماوەیەکی کەمی نزیکدا دەست دەکرێت بە بانگهێشتکردنی هێزەکانی ئەو دوو لیوایە، بۆئەوەی مەشق و راهێنانیان پێبکرێت و دواتر پڕچەک بکرێن و بەپێی ناوچەکان و پێداویستی دابەش بکرێن."
سەبارەت بە کاتی دەستبەکاربوونی ئەو دوو لیوایە، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "ئەو دوو لیوایە هیچ کێشەیان نەماوە، ئەوەی ماوە بۆ دەستبەکاربوونیان، تەنیا بابەتی هونەرییە."
بەپێی ئەو رێککەوتنەی مانگی ئابی ساڵی 2021 لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراقدا کرا، هەردوو لیوا هاوبەشەکە لەو ناوچانە بڵاودەبنەوە، کە ناوچەی بۆشایی ئەمنین لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بەتایبەت بۆ رێگری لەو هێرش و پەلامارانەی داعش لەو ناوچانە ناوەناوە دەیکات. لیوایەکیان لە خانەقینەوە تاوەکو پردێ بڵاودەبنەوە، لیواکەی دیکەش لە سنووری پردێ بەدواوە تاوەکو دەگاتە سنووری نێوان عێراق و سووریا.
ژمارەی ئەندامانی دوو لیواکە نزیکەی 7500 کەس دەبن، هەر لیوایەک لە چوار فەوج پێکهاتوون کە نیوەی لە پێشمەرگە دەبێت و نیوەکەی دیکەیشی لە سوپای عێراق و سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق دەبن، لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقیشەوە پێداویستی و مووچەیان بۆ دابین دەکرێت.
نزیکەی 560 کیلۆمەتر بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە، زۆرینەی دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017 دروستبوون و بە هۆکاری سەرەکیی هێرشە ناوبەناوەکانی چەکدارانی داعش دادەنرێن بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق.
هێزە هاوبەشەکە لە لیوای 20ی پێشمەرگە و لیوای 66ی سوپای عێراق پێکدێن، سەرپەرشتیاری یەکێک لە لیواکان کورد دەبێت و جێگرەکەی لە نەتەوەی عەرەب دەبێت، ئەوی دیکەشيان فەرماندەکەی عەرەب دەبێت و جێگرەکەی لە نەتەوەی کورد دەبێت.