نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە ئێران دەکات شوێنی ناشتنی لە سێدارەدراوێکی کورد ئاشکرا بکات

06-08-2025
ناسر پیرۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

مای ساتۆ، ریپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پرسی مافی مرۆڤ لە ئێران رایگەیاند، ئێران وەڵامی نامەکەی داوەتەوە لەبارەی لە سێدارەدانی حەمید حوسێن ‌نەژاد، بەندکراوی سیاسیی کورد و ئاشکرانەکردنی شوێنی ناشتنی.
 
بە گوتەی ریپۆرتێرەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، وەڵامی ئێران روون نییە و تەنیا ئاماژە بەوە کراوە، لە شوێنێکی گونجاو بەخاکسپێردراوە و زانیاریی پێویست دراوەتە کەسوکاری، بەڵام شوێنەکە ئاشکرا نەکراوە.
 
حەمید حوسێن ‌نەژاد، 39 ساڵان، باوکی سێ منداڵ کە خەڵکی گوندی سێگرکی سەر بە شاری چاڵدرانی پارێزگای ورمێ بوو، لە 21-0-2025 لە گرتووخانەی ورمێ بە تۆمەتی هاوکاریکردنی گەریلاکانی پەکەکە بۆ هێرشکردنەسەر هێزەکانی ئێران لەسێدارەدرا، بەڵام کەسوکاری حەیدەر رایانگەیاند، ئەو کاتەی ئەو رووداوە روویداوە، حەیدەر لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکەی بە سەردان لە باکووری کوردستان بووە. 
 
پێشتر پارێزەرەکەی بە رووداوی راگەیاندبوو، ناڕوونی زۆر لە دۆسیەکەیدا هەیە و هێزە ئەمنییەکان بەڵگەیان نەبووە بۆ سەلماندنی تۆمەتەکە. 
 
مای ساتۆ، ریپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەڵێت، بەپێی ئەو راپۆرتانەی پێی گەیشتووە، "لە پڕۆسەی دادگەیی حەمید حوسێن ‌نەژاد دا "پێشێلکاریی ئاشکرا هەبووە و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا ئەشکەنجە دراوە بۆ داننان بە تۆمەتەکە."
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە