رووداو دیجیتاڵ
لە هەڵەبجە تەرمی دایک و کچێکی لەنێو ماڵێکدا دۆزراونەتەوە. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو "لەلایەن هاوژینەکەیەوە کوژراوە."
رۆژی شەممە، پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە رایگەیاند، کاژێر 19:20 خولەک لە بوونی دوو تەرم لە گەڕەکی باخی میر ئاگەدارکراونەتەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی پۆلیس، ئەو دوو کەسەی کوژراون کچ و دایک بوون بە ناوی (ج. ف. س) تەمەن 54 ساڵ و (ە.ە. ع) تەمەن 17 ساڵان.
پەیامنێری رووداو زانیویەتی، دانیشتووانی گەڕەکەکە گوێیان لە تەقە بووە، دواتر چوونەتە ماڵەکە و تەرمی دایک و کچەکەیان دۆزیوەتەوە.
ئەو کەسەی هاوژین و کچەکەی کوشتووە، تاوەکو ئێستا دەستبەسەر نەکراوە و دەنگۆیەک هەبووە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابێت، بەڵام ئەمە پشتڕاستنەکراوەتەوە.
دانیشتووانی گەڕەکەکە بە سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداویان گوتوە، "چەندین ساڵە ئەو خێزانە لەم گەڕەکە دەژین، تاوەکو ئەمڕۆ کەس گوێی لێ نەبووە بە دەمەقاڵێ هاتبن."
تەرمی دایک و کچەکە لە دادپزیشکیی هەڵەبجەیە، چاوەڕوان دەکرێت ئەمشەو گوتەبێژی پۆلیسی شارەکە هۆکاری رووداوەکە ئاشکرا بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ