مەلا هەورامان: سروودی ئەی رەقیب کوفرە

06-11-2013
فەرهاد چۆمانی
نیشانەکردن پەرلەمان کۆمەڵی ئیسلامی ئەی رەقیب
A+ A-
رووداو- هەولێر

یەکەم کۆبوونەوەی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان، کێشەی تێکەوت و  پەرلەمانتارێکی کۆمەڵی ئیسلامی بەهۆی ئەوەی پێیانوابوو "کوردستان دین و ئاین نییە" و  سروودی نیشتیمانی ئەی رەقیب "کوفرە"، لەبەری هەڵنەستانەوە و  دوو پەرلەمانتاری یەکێتی و پارتیش بە تووندی رەخنەیان لە هەڵوێستی ئەو پەرلەمانتارە گرت.

مەلا هەورامان، پەرلەمانتاری کۆمەڵی ئیسلامی بە (رووداو)ی گوت، لەبەر ئەوەی  ئەی رەقیب "هەندێک وشەی کوفری تێدایە" لەبەری هەڵنەستاین و "بە سرودێکی نیشتیمانی نازانین".

مەلا هەورامان پێیوابوو سروودی ئەی رەقیب، "نیشتیمانی نییە، بەخوا دەڵێ ناتوانێ مییللەتی کورد بشکێنێ، ئێمە لەبەر گیانی شەهیدان هەستاین، بەڵام کاتێک سروودی لەگەڵ لێدرا دانیشتینەوە".

مەلا هەورامان گوتیشی: "ئەم سروودە لەگەڵ واقیعی ئێستای هەرێمی کوردستان ناگونجێ و دەبێ لەسەر سروودێکی نیشتیمانی رێکبکەوین".

ئاشکرایشی کرد،  ئەم سروودە تاوەکو ئێستا نەبووەتە پڕۆژە یاسا، ئەوان وەک کۆمەڵی ئیسلامی پڕۆژە یاسایەکیان دەبێ  و (لە کاتی خۆیدا) پێشکەشی دەکەن بۆ "ئەوەی مارشێکی نوێ بۆ کورد دەستنیشان بکەن و هەموو میللەت پێیەوە پابەند بن".

 بە بۆچوونی ئەو پەرلەمانتارە نوێیەی کۆمەڵی ئیسلامی: (ئەی رەقیب) پێچەوانەی بڕوای خەڵكە، چونکە "بە هەزاران خەڵک لە کوردستان لەگەڵ ئەو کوفرانە نین".

لەبەرامبەردا ئامینە زیکری، پەرلەمانتاری پارتی گوتی: "ئەو پەرلەمانتارانەی لەبەر سروودی نیشتیمانی ئەی رەقیب هەڵنەستانەوە، بێڕێزیان بەرامبەر بە پیرۆزی نیشتیمان کرد و پێویستە داوای لێبوردن لە هاونیشتیمانیان بکەن".

گوتیشی: "هیچ کوفرێک لە سروودی نیشتیمانیدا نییە، هەرچەندە یاسایەک بۆ سروودی نیشتیمانی نییە، بەلام بووەتە عورفێکی نیشتیمانی و دەبێ هەموو لایەک پێیەوە پابەدن بن".

جەختیشی لەوە کردەوە: "ئەگەر کۆمەلی ئیسلامی پڕۆژە یاسایەک ئامادە دەکات لە داهاتوودا، بەڵام دەبێ ئێستا تا ئەو کاتەی ئەوان پڕۆژە یاساکەیان دەهێنن و پەسەند دەکرێ، ئەی رەقیب بە سروودی نیشتیمانی بزانن و رێزی لێبگرن".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە