گەیلان لە رووداوێكی تەمومژاویدا كوژرا

06-12-2017
عومەر چاوشین
نیشانەکردن کوشتن
A+ A-

رووداو- كۆیە

گەیلان تاپڕەكەی كردە شانی و لەگەڵ دوو مێرمنداڵ كە لە خۆی بچووكتر بوون، بە مەبەستی راوە باڵندە روویان لە باخەكانی دەوروبەری ئاواییەكەیان كرد، بەڵام زۆری نەبرد بە تاپڕەكەی خۆی پێكرا و بەرلەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانە گیانی دەرچوو، بەوجۆرەش نهێنیی رووداوەكەی لەگەڵ خۆی بردە ژێر گڵ. پۆلیس دەڵێت جۆر و شوێنی پێكرانەكەی گومانیان دروستكردووە لەوەی ئاخۆ ئەو گەنجە بە ئەنقەست خۆی كوشتووە یان كوژراوە، یانیش تاپڕەكەی لەدەست دەرچووە.

كاژێر سێی دوای نیوەڕۆی رۆژی 29/11/2017 گەنجێكی تەمەن 22 ساڵ بەناوی گەیلان دڵشاد مەحموود، دانیشتووی گوندی سماقوڵیی گەلی لە قەزای كۆیە، لە باخچەكانی دەوروبەری گوندەكە بە گوللەی تاپڕەكەی خۆی پێكرا، بەڵام بەر لەوەی بگەیەنرێتە نەخۆشخانەی كۆیە گیانی دەرچوو. 
ئەوەی بووەتە گرێ لەسەر دڵی كەسوكارەكەی، ئەوەیە كە نازانن رووداوەكە چۆن بووە، ئایا خۆی كوشتووە، یان كوژراوە، هەرچەندە بە دووری دەزانن بە مەبەست خۆی كوشتبێ‌، چونكە دەڵێن گەنجێكی بێ‌ كێشە بوو.

رێكار دڵشاد، برای گەیلان زۆر پەسنی براكەی دا و گوتی "گەیلان یەكێك بوو لە كوڕە باشەكانی خێزانەكەمان و ئاواییەكەمان، قەت نەمانزانیوە كێشەی لەگەڵ كەس هەبووبێ‌".

رێكار كە دووكانی هەیە لەنێو ئاواییەكەیان، باسی ساتێك پێش رووداوەكە دەكات و دەڵێت "دوای نانی نیوەڕۆ، گەیلان هاتە دووكانەكەم، كەمێك لەوێ‌ مایەوە و هەندێك شتی خوارد و گوتی ئەگەر كارتان بە من نەبێت دەچم بۆ راوە چۆلەكە. پاشان لەگەڵ دوو مێرمنداڵی دراوسێمان كە یەكێكیان تەمەنی 13 ساڵانە و ئەوەی دیكەیان 10 ساڵانە، رۆیشتن".

زۆری نەبرد دەنگی تەقەیەك لە باخچەكانی دەوروبەری ئاواییەكە هات، رێكار كە گوێی لە دەنگی تەقەكە بووە، گوتی "پاش تەقەكە شوانێك تەلەفۆنی بۆ كردم و گوتی خێرا وەرە گەیلان بریندارە".
كاتێك رێكار دەگاتە شوێنی رووداوەكە، دەبینێ‌ براكەی لەنێو خوێنی خۆیدا سوور هەڵگەڕاوە. رێكار دەڵێت "گەیلان ویستی قسەیەكم پێ‌ بڵێ‌، وەك ئەوەی لەسەرە مەرگدا بێ‌، بەڵام نەیتوانی قسە بكات، تا ماوم ئەو دیمەنەم بیرناچێتەوە".

رێكار دوای رووداوەكە قسەی لەگەڵ ئەو دوو مێرمنداڵە كردووە كە لەگەڵ گەیلان بوونە و دەڵێت "ئەوان گوتیان گەیلان بۆ خۆی گوللەی لەخۆی داوە". بەڵام كەسوكاری گەیلان دڵیان بە قسەی ئەو دوو شایەتحاڵە ئاو ناخواتەوە. رێكار دەڵێت "رووداوەكە بەلای ئێمەوە روون نییە، نازانین خۆی كوشتووە، كوژراوە، یان گوللەی لەدەست دەرچووە". 

كەسوكاری گەیلان دۆسیەكەیان بۆ پۆلیس جێهێشتووە، سكاڵایان نییە، چاوەڕێن پۆلیس راستی رووداوەكەیان بۆ ئاشكرا بكات. 
 
سەرچاوەیەك لە نەخۆشخانەی كۆیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، رایگەیاند: "دوای نیوەڕۆی رۆژی 29/11/2017 رووداوێكی فیشەك هاتە بەشی فریاكەوتنی نەخۆشخانەی كۆیە كە بە گوللەی تاپڕ پێكرابوو، بەڵام پێش ئەوەی بگاتە نەخۆشخانە مردبوو، چونكە گوللەكە بە لای راستی سكی كەوتبوو كە شوێنێكی هەستیاری جەستەیە، گوللەكەشی لە مەودایەكی نزیكەوە بەركەوتبوو". ئەو سەرچاوەیە دەڵێت سەرەتا گومانیان لە رووداوەكە هەبووە، چونكە ئەو چەكەی لە رووداوەكەدا بەكارهاتووە، چەكێكی درێژە و زەحمەتە قوربانییەكە بتوانێ‌ بەو چەكە گوللەكە لەو شوێنەی جەستەی خۆی بدات، بەڵام دەڵێت رەنگە تاپڕەكەی لە شان بەربووبێتەوە و گوللەی لێ‌ دەرچووبێ‌ و بەو شوێنە كەوتبێ‌. گوتیشی "بە مەبەستی لێكۆڵینەوەی زیاتر و زانینی هۆكاری رووداوەكە، تەرمەكە رەوانەی پەیمانگەی دادپزیشكی هەولێر كرا". 

رووداوەكە بۆ پۆلیسیش جێی گومانە، بۆیە بەنیازن جگە لە لێكۆڵینەوەی سەرەتایی، لێكۆڵینەوەی دیكەی لەبارەوە بكەن. عەقیدی پۆلیس شۆڕش كاكە فەتحوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە بە (رووداو)ی گوت: "دوانیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە 29/11/2017 هێزەكانی پۆلیسی قەزای كۆیە لە رووداوێك لە گوندی سماقوڵیی گەلی ئاگاداركرانەوە، دەستبەجێ‌ هێزەكانمان گەیشتنە شوێنی رووداوەكە و دەستیان كرد بە لێكۆڵینەوە".

عەقید شۆڕش دەڵێت.‌ بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە ئەو گەنجە لە باخچەكانی دەوربەری گوندەكەیان گوللەیەكی تاپڕ بەر لای راستی سكی كەوتووە. عەقید شۆڕش گومانی لە رووداوەكە هەیە و دەڵێت "شوێنی پێكرانەكە و جۆری پێكرانەكە و ئەو چەكەی بەكارهاتووە كە تاپڕێكی درێژە، گومانی بۆ پۆلیس دروست كردووە، چونكە ئەو كەسە ناتوانێ‌ بەو جۆرە چەكە  بە ئەنقەست گوللە لەو شوێنەی خۆی بدات". گوتیشی "هەرچەندە بەڵگەی سەلمێندراومان لەبەردەست نییە، بەڵام  گومان دەكرێ‌ رووداوەكە تاوانكاری بێ‌، بۆیە تەرمەكەی لە نەخۆشخانەی كۆیەوە بەڕێكرا بۆ پەیمانگەی دادپزیشكی هەولێر".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە