چیرۆكی دووەم
رووداو - دهۆك
ئەوەی بەرامبەرم دانیشتووە، بۆ ئەوە ناشێ چیرۆكی جەنگ و كوێرەوەرییەكانی بگێڕێتەوە. سەرە بچووكەكەی ئەو كە شۆڕی كردووەتەوە سەر ئەو بەتانییە تەنك و دڕاوەی لەسەری دانیشتووە، دیمەنی تۆقێنەری زۆری تێدا تۆمار بووە. هێشتا ناتوانم تێبگەم لەوەی تاقیكردنەوەی ئازایەتی لەسەر منداڵێك چ چێژێكی هەیە. منداڵێك كە رۆژانە جەستەی لەژێر قورسایی جانتای قوتابخانەكەیدا دەچەمییەوە. هەندێكجار چاوەكانی لەسەر بۆیەی سوورباوی نینۆكەكانی بۆ ماوەیەك رادەوەستن، ئەو رەنگەی رۆژانە بە جەستەی بێگیانی شەقامەكان و دیوارەكانی خەلافەتەوە دەیبینی.
" ناوم بێریڤانە و خەڵكی تەلقەسەبی شنگالم. ئەوكاتەی داعش منیان برد، تەمەنم 12 ساڵ بوو. من هێشتا منداڵێك بووم و هەموو شتێكی ئەو دنیایەم منداڵانە دەبینی. بەڵام بێكەسی و ئازار و ئەشكەنجە و ئەو ستەمە زۆرەی بەرۆكی گرتم، تەمەنیان زۆر گەورە كردم، تۆ هێشتا وەك منداڵێك من دەبینی، بەڵام من منداڵیم ون كرد".
بێریڤان، وەك هەر كوردێكی ئێزدی چیرۆكەكەی لە سێی ئابی 2014ەوە دەستپێدەكات. ئەو رۆژەی چەكدارانی داعش هێرشیانكرد و ژیانی خەڵكی ناوچەكەیان وەك ئاڵاكانی دەستیان رەشكرد.
"سەرەتا رامانكردە نێو ماڵەكانمان، بەڵام گوتیان دەبێ رابكەین بۆ سەر چیای شنگال، بەرەو چیاكە هەڵاتین". بەڵام ئەوان تەنیا تا دامێنی چیاكە رۆیشتن و كاژێر 4:30 ی ئێوارەی ئەو رۆژە چەكدارانی داعش دەستگیریان دەكەن و لە دووكانێكی گەورەدا كۆیاندەكەنەوە "بەبێ جیاكردنەوە و بەبێ وەڵامدانەوەی پرسیارەكانمان، سواری ئۆتۆمبیلیان كردین بۆ مووسڵ. ئەو رۆژە لەناو ئۆتۆمبیلەكەدا بەشێك بەدەنگی بەرز دەگریان و بەشێك دەپاڕانەوە، بەڵام من شۆك بووم و بێدەنگ لە چەكدارەكانم دەڕوانی كە بە چەكەكانیانەوە پێكەوە قسەیان دەكرد و پێدەكەنین و جار جاریش سووكایەتیان بە ئێمە دەكرد. بێریڤان هەشت رۆژ لە هۆڵێكدا لەگەڵ رفێنراوەكان دەمێنێتەوە، دواتر ئەو لەنێویان دەردەهێنرێ.
دایكی بێریڤان: توو ڕەبولعالەمین كچەكەم بۆ كوێ دەبەن؟
چەكدارێكی داعش: ئەوە كێشەی تۆ نییە.
دایكی بێریڤان: ئاخر ئەوە كچی منە و منداڵە، با لەگەڵ خۆم بمێنێتەوە.
چەكدارێكی داعش: ئیدی كچی تۆ نییە.
دایكی بێریڤان: باشە بۆ كوێی دەبەن؟
چەكدارێكی داعش: بۆ سووریا
چوون بۆ دۆزەخ
نازانێ چۆن بەرگەی ئەو رۆژەی گرت؟ كاتێك گوێی لە شكانی دڵی دایكی بووە و بینیویەتی چۆن لەسەر ئەو بەرهەڵستكارییە دایكی داركاری دەكەن "تۆ دەتتوانی چی بكەیت، كاتێك چەكدارێكی داعش بێنامووسانە هەموو شتێكی دەكرد؟ بە بەرچاوی كچەكانی دیكەوە دەستی بۆ دەهێنایت و جلەكانی لەبەر لادەبردی و سووكایەتی پێدەكردی. دەتتوانی چۆن رووبەڕووی ببیتەوە؟".
بێریڤان، بچووكترینی ئەو كچانە بووە كە خراونەتە نێو پاسێكەوە بەرەو سووریا و تەنیا 8 رۆژ لە مووسڵ بووە "پاسەكە گەیشتە شەدادییە، لەوێ لەبەردەم بینایەك وەستا و ئێمەیان بردە ژوورەوە، كچ و ژنی دیكەی ئێزدی لێبوون، چەكداری جۆراوجۆر دەهاتنە ژوورەوە و بەپێی تەمەن و جوانی نرخیان لەسەر دادەناین، نازانم نرخی من چەند بوو، بەڵام چەكدارێكی سووری تەمەن 28 ساڵ یەكەم كەس بوو منی كڕی و بردمی بۆ ماڵەكەی خۆی، بۆ جەهەننەم".
بێریڤان: تۆ منداڵێكی وەك منت بۆ چییە؟
چەكدارەكە: بۆ چیمە؟ دواتر تێدەگەی بۆ چیمە.
بێریڤان: بەڵام من زۆر بچووكم؟
چەكدارەكە: نا. تۆ بچووك نیت و شوو بەمن دەكەی.
بێریڤان: تكایە هاوكاریم بكە بچمەوە لای دایكم.
چەكدارەكە: دایكت تەواو. پێویستە لەمەودوا تەنیا بیر لە من بكەیتەوە.
چوار مانگ لە سێبەری پیاوێكی لەخۆبایی و رووشكێن و تووڕەدا، بە بارتەقای چەند ساڵ ئازار و داڕووخانی بینیوە. بیركردنەوە لەو ساتانەی كە بۆ یەكەمجار بەناوی هاوسەرگیرییەوە دەستدرێژیی كردووەتە سەری، هەرچەندە ئەو ناچار بووە خۆی رادەست بكات، بەڵام لەگەڵ خۆرهەڵاتنی بەیانیدا، زیندانی و برسی و ئەشكەنجەی دەروونی و جەستەیی پاداشتی پێشكەشكردنی جەستەی بووە.
دەمەوێ بێریڤان وێنەكە زۆرتر روونتر بكاتەوە.
- كاری قورس چییە؟
- ئیش و كاری زۆری پێدەكردم، نەیدەهێشت پشوو بدەم. چەكی دەدایە دەستم و دەیگوت بزانم چۆن بەكاری دەهێنی؟ بە مۆبایلەكەی ڤیدیۆی شەڕەكان و كوشتنی خەڵك و سەربڕینی پیشان دەدام. ناچاری دەكردم گوێ لەو چیرۆكانەی بگرم كە چۆن بووەتە چەكداری داعش و لە داهاتوودا چۆن دەستدەگرن بەسەر جیهاندا و نوێژی پێدەكردم و بە توندی دەستدرێژی دەكردە سەرم. من بەرگەی ئەوانەم نەدەگرت، بەڵام سەیر بوو نەشدەمردم. هەموو ئەوانەی منیان دەكڕی، هاوژینیان نەبوو، بۆیە مامەڵەیەكی دڵڕەقانەیان لەگەڵ دەكردم.
ئەو هەندێكجار دەرفەتی بۆ هەڵكەوتووە كە كچانی داڕووخاوتر لەخۆی ببینێ. لەوانەوە تێگەیشتووە لەوەی كە گەڕان لەدوای چەكدارێكی داعشی دڵنەرم و بە بەزەیی، وەك ئەوەیە لە بیاباندا، بەدوای مێرگ و كارێزدا بگەڕێی.
دوای چوار مانگ، ئەویش دەیباتەوە نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی كچان و چەكدارێكی دیكە، بە روخسارێكی مۆنتر و بە دڵێكی رەقترەوە دەبێتە كڕیاری، بەڵام ئەزموونی چوار مانگ ژیانی سەخت و پڕ سووكایەتی جەستە لاوازەكەی ئەوی بۆ ئەشكەنجەی زیاتر راهێنابوو.
هەڵاتنێكی خوێناوی
- چۆن هەوڵت نەدا هەڵبێی؟
- هەوڵم دا، بەڵام خراپ شكایەوە بەسەرمدا
- پلانەكەت سەری نەگرت؟
- پلانم بۆ دانابوو، ماڵێك هەبوو هەستم دەكرد لە كەسانی باش دەچن. شەوێك هەلی ئەوەم بۆ هەڵكەوت لە حەوشەكەی خۆمانەوە ماڵ بە ماڵ خۆم بگەیەنمە ئەو ماڵە. ماڵێكی سووری بوون و هیچ كوڕێكیان نەبوو. كاتێك گەیشتمە ئەوێ بەچاوی فرمێسكاوی و گریانەوە پێمگوتن لێتان دەپاڕێمەوە پەنام بدەن و بمپارێزن، من كچێكی ئێزدیم و هەڵاتووم لە كوشتن و فەلاقەكردن و دەستدرێژی، پیاوەكە كە سەر و ریشی سپی بوو، راستەوخۆ پێینەگوتم پەنام دەدات یان نا، لەگەڵ ژنەكەی هەندێك قسەیان بەدەنگی نزم كرد. دواتر دەستی گرتم و بردمی بۆ بارەگایەكی چەكدارانی داعش، پێیگوتن ئەوە ئێزدییە و هەڵاتووە.
دەبێ باجی هەڵاتن لەلای چەكدارانی داعش چی بێت؟ بێریڤان دەڵێت: "یادەوەریم لەدەستداوە، ئێستا هەندێ باشتر بووم، ئەوكاتەی خرامە ژێر ئەشكەنجەی قورسی هەڵاتنەكەوە، واملێهات كە ناوی خۆمم بیر نەمابوو. زۆر شتم بیرچووەوە، تەنانەت بە كوردی قسەكردنیش. بە رەبولعالەمین، یادەوەریم هەموو لەدەستچوو، چونكە زۆر زۆر ئازار درام".
هەندێك بێدەنگ دەمێنێتەوە، نازانم دەیەوێ وەك ئەو رۆژانەی لەو جیهانەدا كەسێك نەبوو فرمێسكەكانی ببینێ، هەر ئاوا بەبێدەنگی بوەرێنە سەر بەتانییەكەوە ژێری، یان داوای شتێك لە یادەوەریی خۆی دەكات بیداتەوە: "ئااااا، تەنانەت ژمارە مۆبایلی باوكمم لەبیركردبوو كە لەناوی خۆم باشتر لەبەرم بوو، من مناڵیم بەوشێوەیە لە سووریا بەجێهێشت".
رۆژ و مانگ و ساڵ، یان ناوی شوێنەكان و تەنانەت بەبیرهاتنەوەی ناوی ئەو چەكدارانەش كە بەپێی دەستووری خەلافەتەكەی داعش، كچان و ژنانی ئێزدییان وەك كەنیزەك و دەستكەوتی جەنگ بۆ خۆیان دەبردن و دەستدرێژییان دەكردە سەریان و ئازاریان دەدان، لە یادەوەریی بێریڤاندا شپرزە و بێ سەروبەر تۆمار بوون.
ئەو چەند جارێك هەلی بۆ رەخساوە كچان و ژنانی دیكەی ئێزدی ببینێ و قسەیان لەگەڵ بكات، بەسەرهاتی هەندێكیانی لەبیرە، لەوانە كچێك كە پێیگوتووە: چەكدارەكە بە بەرچاوی كچ و ژنەكانی دیكەوە و لەنێو ئۆتۆمبیلەكەدا دەستی خستبووە سنگییەوە، ئەو تفێكی كردووەتە نێو چاوانی چەكدارەكە، بەڵام چەكدارەكە كاردانەوەیەكی شێتانە دەنوێنێ و هەر لەوێ جلوبەرگەكانی لەبەر دادەدڕێ و ئینجا بەڕووتی دەستی لەسەر سینگی داناوە.
یان ژنێكی دیكە كاتێك لە زیندان بووە، پاسەوانی زیندانەكە دەستدرێژی كردووەتە سەری لە سزای ئەوەی هەوڵی هەڵاتنی داوە و پاشان چەكداری دیكەشی هێناوەتە گیانی.
كڕیارێكی نەرمونیان
لە دوای نزیكەی دوو ساڵ مانەوەی لە شەدادییە، چەكدارێكی خەڵكی لیبیا، هاتە سەر رێگای چارەنووسی بێریڤان و كڕییەوە. ئەو وای لێهاتبوو كە هەركەس پەلی گرتبا، وای دادەنا كەسێكی تووڕە و بێبەزەیی و هەوەسباز و شەڕانییە "بەدرێژایی ئەو رێگایەی بەنێو كۆڵان و گەڕەكەكاندا بەرەو ماڵەكەی بڕیمان، هیچ قسەی لەگەڵ نەكردم. هەستم كرد زۆر باشە لەگەڵم، ئازاری نەدەدام و نانی دەدامێ و رێگای پێدەدام بچمە دەرەوە، دەچوومە بازاڕ و دەیهێشت لەكاتی نەخۆشكەوتندا پزیشك ببینم، چونكە من نەخۆشییەكم گرتبوو كە كیسی ئاو لە لەشمدا هەبوو".
بەڵام ئەو میهرەبانییە درێژەی نەكێشا، بێریڤان دەڵێت ئەگەر بۆ دووەمجار هەوڵی هەڵاتنی نەدایە، پێدەچوو ئەو چەكدارە هەروا بە نەرمونیانی بمێنێتەوە لەگەڵی: "زۆر زۆریان لێداین، لە زیندانێك كە لەژێر زەمینێكدا بوو، لەگەڵ دوو كچی دیكە بەسترابوومەوە كە ئەوانیش لەگەڵم رایانكرد. دوای بەسەربردنی ماوەیەك لە زیندان، ئەویش فرۆشتمییەوە و كەسێكی دیكە منی كڕی، وا دەردەكەوت من دەرگای خۆشبەختیم لەسەر كرابێتەوە، چونكە كەسێكی دیكە منی كڕی كە ئەویش لیبی بوو، كەسێكی زۆر باش بوو، زۆر باش لەنێو داعشدا كەسێكە كە بەبێ هۆ ئەشكەنجەت نەدات.
هەڵاتن بۆ لای نوسرە
هاوژینە داعشەكەی بێریڤان: پلانێكم هەیە و دەمەوێ هەڵبێین بۆ ئیدلیب، دێی؟
بێریڤان: بۆچی بچینە ئیدلیب؟
هاوژینەكەی بێریڤان: دەمەوێ بچمە ناو بەرەی نوسرە
بێریڤان: ئێمە چۆن دەتوانین بڕۆین؟
هاوژینەكەی بێریڤان: دەڕۆین. باشترە بڕۆین
بێریڤان، چەند رۆژێك دوای مانەوەی لەگەڵ ئەو چەكدارە لیبییە، تێگەیشتبوو كە ئەو ئاسوودە نییە لەنێو خەلافەتەكەی داعشدا كە خەلافەتێك بوو پایەكانی لەسەر ترس و تۆقاندن رۆنرابوو. بەرەبەیانێكی زوو خۆیان دەگەیێننە ئیدلیب و لەلایەن چەكدارانی بەرەی نوسرەوە دەستگیر دەكرێن. ئیدی ئەو كەنیزەكە بێدەرەتانەكەی پێشوو نەبوو، لەنێو خێزانێكی باشتردا، بەڵام لەنێو گرووپێكی دیكەی جیهادی.
هەوڵدەدەم باشتر تێبگەم لە بێزاربوونی چەكدارێكی داعش لە رێكخراوەكەی؟ بێریڤان، زۆر جار كە لەگەڵ هاوژینە لیبییەكەی گفتوگۆی كردووە، هەر ئەوەندە تێگەیشتووە كە دەیەوێ بڕواتە نێو بەرەی نوسرەوە و لەنێو داعش نەمێنێ "پێدەچوو نەیەوێت لای من هیچ قسەیەك بە داعش بڵێ، بەڵام لە روخساریدا بێزاریم دەبینی".
ئەو بەشەی دیكەی تەمەنی لەنێو بەرەی نوسرە جیاواز بەڕێكرد، كەوتە نێو خێزانێكی چەكدارانی ئەوان و دەیتوانی هەست بە زۆر جیاوازی بكات لەچاو ژیانی بن سێبەری داعش، بەڵام هێشتا ئەوە نەیدەكردە ئەوەی كەنیزەك و بندەست نەبێ. زیندانی و برسیكردن، دەستدرێژیی بە كۆمەڵ نەما و شتەكان رێكخراوتر بوون "بەڵام لەنێو چەكدارانی ئەوانیشدا كەسانێك هەبوون كە دەیانناڵاند. كەسانێك كە لەسەر هەڵاتن ئەشكەنجە دەدران، یان بەهۆی سەرپێچی لە یاسا و دەستوورەكانیان سزا دەدران، بەڵام بەگشتی باشتر بوون".
ئەو چەكدارە لیبییەی بێریڤانی لەنێو داعشەوە هێنایە نێو بەرەی نوسرە، بەپێی گێڕانەوەی ئەو، دوای ماوەیەك هەوڵیداوە لەگەڵ خێزانەكەی بەرەو توركیا هەڵبێت و دواتر لەگەڵ دوو چەكداری دیكە لەلایەن شەڕڤانانی یەپەگە لە كۆبانێ دەستگیر كراون "لەو رۆژانەدا ژمارە تەلەفۆنی مامم بیركەوتەوە، دەرفەتی ئەوەم بۆ هەڵكەوت تەلەفۆنی بۆ بكەم و پێمگوت مامە من لە ئیدلیبم و تكایە رزگارم بكە".
بۆنی لالشی هێنابووە حەما
بێریڤان داوا لە مامی دەكات بچێتە كۆبانێ و ئەو چەكدارە ئازاد بكات.
مامی بێریڤان پرسیاری كردبوو.. ئەوان گوتبوویان كاتێك ئازادی دەكەین كە بێریڤان بگەڕێتەوە و شایەتی بدات لەسەر ئەوەی كەسێكی بێگوناهە.
مامی بێریڤان رۆژانە رێنمایی دەكرد كە چی بكات "لەدوای یەكەمین تەلەفۆنی منەوە ئەو دەستی كردبوو بە هەوڵی خۆی لەڕێگای قاچاخچییەوە. كچێك كە بۆخۆی رایكردبوو، منی لەئیدلیبەوە بردە حەما، رۆژێك لە ماڵێك خەوتبووم، لەخەو هەڵیستاندم و گوتی دەرفەتە دەبێ قۆناغێكی دیكە بڕۆین، دواتر قاچاخچییەك بردینی بۆ قامشلۆ، مامم لە هوتێلێكی قامشلۆ چاوەڕێی منی دەكرد. لەگەڵ قاچاخچییەكە چووینە بەردەم هوتێلەكە و مامم داوای منی كرد، بەڵام قاچاخچییەكە گوتی سەرەتا پارەكەمان بدەرێ و دواتر كچەكەت وەربگرە، بەو شێوەیە من رادەستی مامم كرامەوە".
بەبینینەوەی مامی، هەموو ئازارەكانی نوێ بوونەتەوە. نازانێ بۆ ماوەی چەندە بەسەر شانی مامیدا گریاوە و سەبووری لە دەستە گەرمەكانی ئەو وەرگرتووە. ئەو ببووەوە ئەو منداڵەی هێشتا لە تەلقەسەب بوو. مامی بۆنی شنگال و لالش و باوك و خێزانەكەیی لێهاتووە. لە دوای گرتنی شەنگالەوە تەنیا یەكجار قسەی لەگەڵ باوكی كردبوو، بەڵام لەو دواییانەدا بەردەوام لەگەڵ مامی قسەی دەكرد و هەر پەیوەندییەكی تەلەفۆنی، كاتێك گوێی لە دەنگی مامی بووە، وێرانەی رۆحی تەزوییەكی ئومێدبەخشی پێدا هاتووە.
"بەڵێ، دوایی لەگەڵ مامم چووینە كۆبانێ و لەوێ چەكدارەكەمان ئازاد كرد. پێموایە ئەو لە رێگای توركیاوە رۆیشت و جارێكی دیكە چەكی بۆ داعش و بەرەی نوسرە نەكردەوە شان، بەڵام من دەمویست چاكەی ئەو بدەمەوە كاتێك ئەو منی دەرباز كرد لەدەستی داعش و لە خێزانێكی باشی ئیدلیبدا جێگای كردمەوە و لە كڕین و فرۆشتن رزگاری كردم".
هێشتا هیوا لە چاوەكانی بێریڤاندا دەبینم. ئەو كچەی هەشت مانگە لەدەست چەكدارانی داعش و بەرەی نوسرە رزگاری بووە. ئەو ئێستا چا بۆ باوكی تێدەكات، بەڵام خزمەتكردن لەو ماڵە پەڕۆینەدا بۆ ئەو جیاوازە و تاوەكو ماندووتر ببێ، دڵخۆشتری دەكات.
چیرۆكی بێریڤان، چیرۆكی منداڵییەكی تاڵانكراوە وەكو شنگال، ئەو شارەی هێشتا دەڵێی چەند خولەكێكی كەمە چەكدارانی داعش جێیانهێشتووە و هێشتا دووكەڵی لێ بەرز دەبێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ