کەشناسیی سنە: ئەم ساڵ باران کەم باریوە
رووداو دیجیتاڵ
کەشناسیی پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەم ساڵ تاوەکو ئێستا بەراورد بە درێژماوە نزیکەی 53% کەمتر باران باریوە. کەشناسیی پارێزگای ورمێش دەڵێت، کەشوهەوای پارێزگاکە ساردتر دەبێتەوە.
رەحیم سدیقی، بەڕێوەبەری کەشناسیی پارێزگای سنە رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی کشتوکاڵیی ئەم ساڵەوە بەگشتی لەم پارێزگایەدا 61.3 میلـلیمەتر باریوە، ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو 52.8% کەمترە، کە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم کاتە نزیکەی 130 میلـلیمەتر باران باریبوو.
بە گوتەی رەحیم سدیقی، دوایین مانگی پاییز لە 10 شاری پارێزگای سنەدا 19.7 میلـلیمەتر باریوە و ئەمەش بەراورد بە کاتی هاوشێوەی ساڵی پار 60.8% و بەراورد بە درێژماوەش 70.9 میلـلیمەتر کەمترە.
لە چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێکی بەفر و باران پارێزگای سنەشی گرتووەتەوە. بارینی بەفر، بەتایبەت لە ناوچە شاخاوییەکان، کێشەی بۆ هاتووچۆی خەڵک دروست کردووە.
مەهدی سابری، بەرپرسی فەرمانگەی پێشبینیی کەشوهەوای ورمێش، شەوی شەممە گوتی، "لە 24 کاژێری رابردوودا لە هەموو شارەکانی ئەم پارێزگایەدا باران باریوە و رۆژی یەکشەممەش شەپۆلێکی نوێی سەرما ئەم پارێزگایە دەگرێتەوە."