رووداو دیجیتاڵ
ئەو شەپۆلە بەفربارینەی پارێزگەکانی وان، جۆلەمێرگ، مووش و بەدلیسی لە باکووری کوردستان گرتووەتەوە، رێگەی هاتووچۆی 681 گوند و ناوچەی نیشتەجێبوونی داخستووە.
چەند رۆژێکە شەپۆلێکی بەفربارین پارێزگەکانی وان، هەکاری، مووش و بەدلیسی لە باکووری کوردستان گرتووەتەوە و کاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵک هەبووە، لە هەندێک شوێندا بە ئەستووریی نیو مەتر بەفر باریوە.
بەهۆی ئەو بەفربارینەوە رێگەی هاتووچۆی 681 گوند و ناوچە نیشتەجێبوون بە تەواوی داخراون و، هەوڵی تیمەکانی رێگەوبان و شارەوانی لە هەر کام لەو پارێزگەیانەی باکووری کوردستان بۆ کردنەوەی رێگەکان بەردەوامە.
لە شارۆچکەی ئەلباک سەر بە پارێزگای وان، زیاتر لە 50 سانتیمەتر بەفر باریوە، هەروەها لە ناوەندی جۆلەمێرگ و شارۆچکەکانی دەوروبەریش ئەستووریی بەفر گەیشتووەتە 40 سانتیمەتر.
لە پارێزگای مووشیش کە دوو رۆژ بەفربارین لێی بەردەوام بوو، لە هەندێک شوێندا 55 سانتیمەتر بەفر کەوتووە.
لە وان بەفر رێگەی هاتووچۆی 492 گوند و کێڵگەی داخستووە
لە رۆژانی 4-6ـی کانوونی دووەمی 2023، بۆ ماوەی سێ رۆژی بەردەوام، شەپۆلێکی بەفربارین، پارێزگای وانی گرتەوە و بووە هۆی داخرانی رێگەی 492 گوند، شارۆچکە و کێڵگەکانی ناوچەکە.
لە رۆژی 22ـی کانوونی یەکەمی 2023ـەوە، رێگەی سەرەکیی وان-باهچەشەهیر بەهۆی کەڵەکەبوونی زۆری بەفری چیاکان و مەترسیی رەنووە بەفرەوە داخراوە و، تیمەکانی شارەوانیی و بەڕێوەبەرایەتیی رێگەوبانەکان لە هەوڵی کردنەوەی رێگەکاندان.
تەنیا لە شارۆچکەی ئەلباک بەهۆی ئەوەی 50سانتیمەتر بەفر باریوە، رێگەی هاتووچۆی نێوان 27 گەڕەک و ناوچەی نیشتەجێبوون داخراوە، سەرباری هەوڵی کردنەوەی رێگەکان، بەڵام بەهۆی چڕیی بەفربارینەکان، رێگەکان دووبارە دادەخرێنەوە و ئاستەنگ بۆ کارکردنی تیمەکانی شارەوانیی دروست دەبێت.
بەگوێرەی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی تورکیا، لە کاتی شەودا پلەی گەرما لە وان 15 پلەی ژێر سفری سەدیی تۆمارکردووە.
وێنەکان: AA