عیزەت سابیر: بازگە نایاساییەکان هی دەستڕۆیشتووەکانی نێو پارتی و یەکێتی و گۆڕانن

07-02-2018
گۆڤەند مستەفا
"ئەو پارەیەی وەردەگیرێت نابێت بە داهات و ناچێتە گیرفانی حکومەت"
"ئەو پارەیەی وەردەگیرێت نابێت بە داهات و ناچێتە گیرفانی حکومەت"
نیشانەکردن کوردستان
A+ A-

رووداو-هەولێر

لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ژمارەیەک بازگەی نایاسایی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک و کەرکووک دروستبوون، لەو بازگە ناساییانە پارە لە خاوەن تانکەر و بارهەڵگرەکان بەناوی هاوکاری بۆ پێشمەرگە وەردەگیرێت، پەرلەمانتارێکیش دەڵێت ، بازگە نایاساییەکان هی کەسانی دەستڕۆیشتووی نێو پارتی و یەکێتی و گۆڕانن.


د.عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (بەرپرسیار) لە تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی هەبوونی ئەو بازگە نایاساییانەی لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەرەوە دروستبوونە، رایگەیاند: "دوای ئەوەی بەرژەوەندی چەند کەس و گرووپێک و دەسەڵاتدارێک لە هەرێمی کوردستان گۆڕانی بەسەردا هات، بەداخەوە ئێستا پەنا دەبەنە بەر دانانی بازگەی نایاسایی، کۆمپانیای نایاسایی، وەرگرتنی پارەی نایاسایی لە بارهەڵگرەکان و شۆفێرەکان لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان، کە ئەمە کارێکی نەشیاو و زۆر خراپە، ئەمە دەچێتە بابی سەرانە و وەرگرتنی پارە بەزۆر".

بەگوتەی عیزەت سابیر، ئەو پارەیەی لە بارهەڵگرەکان و شۆفێرەکان وەردەگیرێت نابێت بە داهات و ناچێتە گیرفانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆیە زۆر گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان جوان ئەو بەرنامەیە ببینێت.

لە وەڵامی ئەوەی کێن ئەوانەی پارە لە بارهەڵگرەکان و شۆفێرەکان وەردەگرن، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت: "ئەمانە دەستڕۆیشتووەکانی ناو یەکێتی و پارتی و گۆڕانن، حیزبەکان خۆیان نا، بەس دەستڕۆیشتووی ناو حیزبەکان، سیاسییەکان و سەربازییەکان و کارمەندەکان و ئیدارییەکان، بۆ نموونە لە یەکێک لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستان پسوولەیەکت بۆ دەکەن بەناوی پسوولەی رێکخستنی بارهەڵگر، بۆ ئەم پسوولەیە 5 هەزار دینار لە هەر بارهەڵگرێک وەردەگیرێت لەبەرامبەر ئەوەی پێی دەڵێن چۆن ئۆتۆمبێلەکەی لێبخوڕێت، چۆن ریز بێت و چۆن بڕوات".

عیزەت سابیر، گوتیشی "ئەو پسوولانە هیچیان بنەمای یاساییان نییە و هیچیان پارەکەیان بۆ حکومەت نییە، هەر پارەیەک حکومەت وەریدەگرێت دەبێت بە پسوولەی وەرگرتنی پارە بێت ئەو پسوولەیە وەزارەتی دارایی چاپی دەکات، لە بەرامبەر وەرگرتنی ئەو پسوولەیە دەبێت پارە بدەیت".

هاوکات عەمید هەڵگورد حیکمەت، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و هۆشیاری نیشتمانی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو لەبارەی ئەو بازگە نایاساییانە راگەیاند: "وەزارەتی پێشمەرگە ئاگادار نییە و بەهیچ شێوەیەکیش ئەم کارە ئەرکی پێشمەرگە نییە، چونکە لە هەرێمی کوردستان لایەنی پەیوەندیدار هەیە بەمجۆرە رێوشوێنانە، ئەوەشی بەناوی پێشمەرگە دەکرێت، لەڕاستیدا نە وەزارەتی پێشمەرگەی لێ ئاگادارە نە کاری پێشمەرگەشە، بۆیە ئێمە رەتیدەکەینەوە ئەو کارە بە فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە کرابێت".

هەڵگورد حیکمەت، دەڵێت: "ئێمە لەسەر ئەو بابەتە بەدواداچوونمان کردووەو بەردەوامیش دەبین، چاوەڕێدەکرێت لە رۆژانی ئاییندە جۆرە بڕیارێک لەوبارەیەوە هەبێت"، دەشڵێ: "هەر کەسێک بیەوێت ناوی پێشمەرگە لەکەدار بکات لەژێر هەر ناوێک و بۆ هەر مەبەستێک بێت ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە ئەمە قبوڵ ناکەین".

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە