رووداو دیجیتاڵ
کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی 17یەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کۆبووەوە، مستەفا هیجری بە تێكڕای دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، بە سکرتێری گشتیی حیزبەکە هەڵبژێردرا.
کۆمیتەی ناوەندیی هەڵبژێردراوی کۆنگرەی 17یەمی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کە بە (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان) ناسراوە، یەکەمین پلینیۆمی خۆی لە رۆژی سێشەممە کرد.
تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە بریتیبوون لە هەڵبژاردنی سکرتێری گشتیی حیزب، هەڵسەنگاندنی کاروباری کۆنگرە، دیاریکردنی گرنگترین ئەولەوییەت و کارەکانی کۆمیتەی ناوەندی. بەگوێرەی راگەیێندراوێکی کۆمیتەکە، پلینیۆمەکە "بە بەشداریی ئەندامانی ئەسڵی و جێگری کۆمیتەی ناوەندی بەڕێوەچوو."
لە بەشی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا مستەفا هیجری بە تێکڕای دەنگی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێردرا.
رۆژی سێشەممە، 4ـی شوباتی 2025، کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران رایگەیاند، کۆنگرەی 17یەمی حیزبەکە لە ژێر ناوی (کۆنگرەی یەکگرتنەوەی دیموکراتەکان) بەڕێوەچووە و تێیدا بەرنامە و پەیڕەوی نێوخۆی حیزبەکە پەسندکراوە و ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی ئەو حیزبەش هەڵبژێردراون.
فوئاد خاکیبەیگی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لەبارەی هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی بە رووداوی راگەیاند: "ژمارەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراو لە کۆنگرە، 23 کەسە کە 12یان لەسەر لیست حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و 11 کەسەکەی دیکەیان لە سەر لیستی حیزبی دیموکراتی کوردستان بوون و بە هەڵبژاردنی ئازاد ئەو کەسانە دەنگیان بە دەستهێناوە".
فواد خاکیبەیگی ئاماژەی بەوەشکرد، 10 کەس وەک جێگرانی ئەندامانی کۆمیتەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراون کە هەر لایەنێک 5 کەسن.
کۆمیتەی ناوەندی باسی ئەولەویەتی کاری داهاتووی حیزبەکەی کردووەو رایگەیاندووە: "بە بایەخدان بە پێویستیی یهکگرتوویی هێزه سیاسییهکانی رۆژههڵات و بەردەوامیی تێکۆشان بۆ ئەو ئامانجە؛ یەکخستنی وزەی خەباتگێڕیی رۆژهەڵاتی کوردستان لهپێناو خهباتێکی نهتهوایهتیی هەمەلانە له بهرامبهر کۆماری ئیسلامیدا دەکاتە ئەولەوییەتی کار و بەرنامەکانی خۆی."
دوای جیابوونەوە، هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان بەجیا کۆنگرەکانی 14 و15 و 16 یان بەست.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە ساڵی 1945 لە شاری مهابادی رۆژهەڵاتی کوردستان دامەزرا و قازی محەممەد وەک یەکەمین سکرتێری هەڵبژێردرا.
ئەو حیزبە لە كۆنگرەکانی 4، 8 و 13 رووبەڕووی دابەشبوون بووەوە و دواتر وەك یەكگرتنەوە یان گەڕانەوەی كەسەكان ریزەكانی یەكخستەوە.
رۆژی 21-08-2022 هەردوو حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دیموکراتی کوردستان یەکیان گرتەوە و وەک یەک حیزب بە ناوی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کار دەکەن.
مستەفا هیجری کێیە؟
- ساڵی 1945 لە شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە
- بەکالۆریۆسی لە ئەدەبیاتی فارسی لە زانکۆی تاران بەدەستهێناوە
- ساڵی 1979 پەیوەندی بە حیزبی دیموکراتەوە کردووە
- ساڵی 1979 بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی
- ساڵی 1980 بووەتە ئەندامی دەفتەری سیاسی
- ساڵی 1989 بووەتە جێگری سکرتێری گشتی حیزب
- ساڵی 1992 - 1995 سکرتێری گشتیی حیزب بووە
- زمانەکانی کوردی، ئینگلیزی، فارسی و ئازەری دەزانێت
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ