رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە فەرمانبەران دەکەن، بێ مۆڵەت لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان نەخوێنن. بەرپرسێکی خوێندنی باڵا دەڵێت، ئەو فەرمانبەرانە زۆرینەیان لە کۆلێژەکانی ئێوارانی زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن.
یەکێک لەو وەزارەتانەی فەرمانبەرانی ئاگادار کردووەتەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە کە بە نووسراوی ژمارە (340) لە 13-1-2025 رایگەیاندووە: "ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندانی حکومەتی هەرێمی کوردستان روویان لە خوێندنی بەشی ئێوارانی زانکۆکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و بەتایبەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان کردووە، تێبینی دەکرێت ژمارەیەک لەو کەسانە پابەندی دەوامی ئاسایی زانکۆکانیان نین".
وەزارەتی شارەوانی راشیگەیاندووە: "وێڕای ئەوەی پابەندنی دەوامی زانکۆکان نین، تەنانەت مۆڵەت یان نووسراوی لاری نەبوونی وەزارەتی پەیوەندیداریان نییە، بۆیە ئەو بڕوانامەیەی بەدەستی دەهێنن بەهای زانستیی نییە".
بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لە ئێواران دەخوێنن لە سنووری زانکۆکانی پارێزگای کەرکووکن.
شێرزاد سەعید، بەرپرسی نووسینگەی کەرکووکی ناوچە دابڕاوەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆرینەی ئەوانەی مۆڵەتی وەزارەتەکانیان نییە لە ئێواران و لە زانکۆ تایبەتەکان دەخوێنن".
شێرزاد سەعید گوتی: "ئەوانەی مۆڵەت یان نووسراوی وەزارەتی خۆیان نەبێت، لە هەر زانکۆیەک بخوێنن بڕوانامەکەیان بەهای نابێت و دانی پێدا نانرێت".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، بەشێکی ئەو فەرمانبەرانەی بێ مۆڵەت لە زانکۆکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان دەخوێنن، کەمترین دەوام لە زانکۆکان دەکەن و تەنیا بۆ تاقیکردنەوەکان ئامادە دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ