رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان دەڵێ، شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و هۆشداریش دەدات لە ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو لە نێو سەنتەری شاری هەولێر، کەشناسی عێراقیش دەڵێ، "شەپۆلەکە ترسی نییە و سرووشتییە".
ئەمڕۆ شەممە، 7ـی شوباتی 2026، دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "گۆڕانکارییەکان خێرا بوون؛ پێشبینی بارانبارین دەکرا، بەڵام نەک بەم ئاستە، ئەمشەو تاوەکو بەیانی، لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان باران دەبارێت و لە زۆربەی شوێنەکانیش بارانەکە بەلێزمە دەبێت."
سەبارەت بە دۆخی سەنتەری پارێزگای هەولێر، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە گوتی: "بەهۆی ئەوەی بارانەکە بەخوڕە و بە درێژایی شەو تاوەکو بەیانی بەردەوام دەبێت، بە دڵنیاییەوە لە هەندێک شوێنی سەنتەری پارێزگای هەولێر ئەگەری کۆبوونەوەی ئاو هەیە."
دیلان رەشاد ئاماژەی بەوەش کرد، شەپۆلەکە تەنیا بۆ ئەمشەو نییە و گوتی: "پێشبینی دەکەین تەواوی ئەم هەفتەیە باران ببارێت، لە 24 تاوەکو 72 کاژێری داهاتووشدا، بارانەکە بە شێوەی بەلێزمە و پچڕپچڕ دەبێت."
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، بە رووداوی گوت، "لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق بارانەکە مامناوەندە و هەندێجار برووسکەشی لەگەڵ دەبێت و سبەی هەور دەبێت بەتەواوی."
عامر جابری گوتی، "لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانەکە بەخوڕترە، بەڵام شەپۆلی بارانەکە ترسێکی وای نییە و سرووشتییە پێشبینی دەکرێت تاوەکو سبەی بەردەوام ببارێت."
بەگوێرەی پێشبینییەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، ئاستی دابارین لە ناوچەکانی گەرمیان، سنوورییەکان، پارێزگای دهۆک و قەزای ئامێدی زیاد دەکات، هەروەها لە ناوچە شاخاوییەکان، پێشبینی بەفربارینێکی کەم دەکرێت.
بە گوتەی دیلان رەشاد "بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، باران بارین بەردەوامی دەبێت."
گوتیشی، "پلەی گەرما لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان دادەبەزن؛ بە جۆرێک لە ناوچە شاخاوییەکان پێشبینی دەکرێت پلەی گەرما تاوەکو 6 پلەی سیلیزی دابەزین بەخۆیانەوە ببینن."
سەبارەت بە سەنتەری پارێزگاکانیش، کەشناسی ئاماژەی بەوە کردووە کە پلەی گەرما لە نێوان 2 بۆ 4 پلە نزمدەبنەوە.
هاوکات هۆشداری دەدرێتە شۆفێران، بەتایبەت لە کاتەکانی بەیانیی زوودا، کە بەهۆی دروستبوونی تەمومژ لە هەندێک ناوچە، ئاستی بینین لەسەر رێگە سەرەکی و دەرەکییەکان کەم دەبێتەوە؛ بۆیە داوا لە هاووڵاتییان دەکرێت لەپێناو سەلامەتییان لە کاتی لێخوڕیندا وریاتر بن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ